كۆسرەت ڕەسوڵ نەشتەرگەرییەكی سەركەوتووی بۆ ئەنجامدرا

11-11-2017 03:08
كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی نەشتەرگەرییەكی سەركەتووی بۆ ئەنجامدراو لە ئێستادا باری تەندروستیی بەرەو باشبوون دەڕوات، وەزیری تەندروستی دەڵێت، بۆرییەكانی ڕیخۆڵەی تووشی گیران بووبوو.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕەوشی تەندروستی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بە پەرەگرافی وت"كاك كۆسرەت لە شاری پزیشكیی فاروق نەشتەرگەرییەكی سەركەوتووی بۆ ئەنجامدراو ئێستا دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون دەڕوات."

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"ناوسكی توشی نەخۆشییەكی كتوپڕ بووەو پێویستی بە نەشتەرگەریی هەبووەو هیچ مەترسییەك لەسەر ژیانی نییە."

 

دوای نەشتەرگەرییەكە، هەریەكە لە دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ‌و د.ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا(كاتژمێر 4:10 خولەك) زانیارییان لەبارەی دۆخی تەندروستی كۆسرەت ڕەسوڵ ئاشكرا كرد.

 

دەرباز کۆسرەت رەسول وتی، نەشتەرگەری بۆ باوکی ئەنجامدراوەو تەندروستی باش و جێگیرە، هاوكات سوپاسی خەڵكی كوردستان‌و تەواوی ئەو كەس‌و لایەنانەی كرد بە پەرۆش بوون بۆ تەندروستی باوكی.

 

هەروەها وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند"ئەو نەخۆشییە بریتییە لەوەی بۆرییەكانی ڕیخۆڵەی تووشی گیران بووبوو، تیمێكی پزیشكی بە سەرۆكایەتی پڕۆفیسۆری پسپۆڕی هەرس‌و جگەر د.قەلەندەر كەسنەزانیی‌و چەند پزیشكێكی كارامەی دیكە توانیویانە حاڵەتەكەی دیاریی بكەن‌و نەشتەرگەرییەكی سەركەوتووی بۆ بكەن."

 

ڕێكەوت حەمەڕەشید ئەوەشی خستەڕوو، كۆسرەت ڕەسوڵ لە چاودێریی ورد لە ژێر چاودێریی پزیشكییدایە تا 72 كاتژمێری دیكەو تەندروستیی بەرەو جێگیربوون دەڕوات.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەكرا لەشاری سلێمانی.

 

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی كۆسرەت ڕەسول، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی تەندروستیی ناوبراو بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە"د.دارا ڕەشید لەتیمی پزیشكی تایبەتی كۆسرەت ڕەسول عەلی ڕایگەیاند كە ئێستا كۆسرەت ڕەسول عەلی لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایەو چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجام دەدرێت."

 

دواین دەركەوتنی كۆسرەت ڕەسوڵ، دوێنێ بوو لە مەڕاسیمی چلەی مام جەلال‌و لەسەر گۆڕەكەی قسەی بۆ ڕاگەیاندنەكان كردو ئاماژەی بە كێشە ناوخۆییەكان‌و كۆبوونەوەكانی حزبەكەی كرد.

 

كۆسرەت ڕەسوڵ، كە بڕیارە سەرپەرشتی دەستەیەك بكات بۆ جێگرتنەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، باسیلەوەكرد دەبێت بە هەموو لایەك ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە مام جەلال دروستی كردووە، وتی"لەم ڕۆژانەدا كۆدەبینەوە."

 

گرژیی‌و ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێك تووند بوونەتەوە مانەوەی ئەو حزبەی بە یەكپارچەیی خستوەتەبەردەم هەڕەشە، بەرپرسانی یەكێتی بە هەستیارییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی حزبەكەیان دەكەن كە بڕیارە گۆڕانكاریی ناوخۆیی ئەنجامبدات‌و ڕۆژی بەستنی كۆنگرە پەسەند بكات.

 

ناكۆكییەكان بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێت، ئەوەش پرسیاری لەسەر ئایندەی حزبەكە دروست كردووە.

 

لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال لە كۆتایی ساڵی 2012، ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی تەشەنەیان سەند‌و ئەو حزبە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوویدا بە زەحمەت بڕیارێكی داوە كە كۆدەنگیی لەسەر بووبێت‌و وەكخۆی جێبەجێ كرابێت، بەڕێوەبردن‌و دارایی حزب دیارترین دووپرسی جێ ناكۆكن.

 

ئێستاش كە 40 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، دیاریكردنی كەسی یەكەمی حزب‌و بەستنی كۆنگرە بۆ ئەو مەبەستەو خۆڕێكخستنەوە پرسی گەرمی ناو یەكێتییەو زۆرینەی بەرپرسانی ئەو حزبە كۆكن لەسەر ئەوەی لە مانگی 3ی ساڵی داهاتوو كۆنگرە ببەستن.