گۆڕان‌و یەكگرتوو داوای چارەسەری بەپەلەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم دەكەن

12-11-2017 05:42
سەلاحەدین بەهادین‌و عومەری سەید عەلی لەمیانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیاندا. فۆتۆ: ماڵپەڕی كوردیو.

 

پەرەگراف

 

ڕێكخەری گشتی گۆڕان‌و ئەمینداری یەكگرتوو كۆبوونەوەو تەئكید لە چارەسەری بەپەلەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم دەكەنەوەو دەڵێن، ناكرێت چیتر هاوڵاتیان باجی هەڵەو شكستی حوكمڕانیی بدەن.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەریەكە لە عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەكە لەشاری سلێمانی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامییان كردو لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو كۆبوونەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە هەردوولا جەخت لە چارەسەری بەپەلەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم دەكەنەوە.

 

لە كۆبوونەوەكەدا سەڵاحەدین بەهادین ڕایگەیاندووە"جێی نیگەرانییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیرانەكان‌و بارودۆخی هاوڵاتیان ڕوو لە خراپ بوونی زیاتر دەكەن، هاوڵاتیان چیتر ناتوانن خراپتربوونی دۆخەكە لە ئەستۆ بگرن‌و باجی هەڵەی دەیان ساڵەی حوكمڕانیی بەرپرسانی هەرێم بدەن."

 

ئەمینداری یەكگرتوو ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەهۆی خێرایی گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكە پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم یەك دەنگ‌و یەك هەڵوێست بن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بارودۆخەكەو دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەكی بەپەلە بۆ چارەسەری بژێوی‌و كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتیان بەتایبەت لە ڕووی ئابورییەوە.

 

هەر لە كۆبوونەوەكەدا ڕێكخەری گشتی گۆڕان باسیلەوەكردووە، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێكی نوێ یەكڕیزی‌و یەك هەڵوێستیی زیاتر لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەخوازێت.

 

عومەری سەید عەلی دەشڵێت"ناكرێت هاوڵاتیان چیتر لەوە زیاتر باجی زیاتری حوكمڕانیی شكستخواردوو بدەن."

 

ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی نێوان گۆڕان‌و یەكگرتووە لە دوای ڕووداوەكانی ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو كە حكومەتی عێراق لە ڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتی سەپاند بەسەر كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە.

 

لە دوای ئەو ڕووداوانە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بە فەرمی داوای پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیان كرد، بەڵام داواكەیان لەلایەن پارتی‌و یەكێتییەوە ڕەتكرایەوەو تائێستا هیچ هەنگاوێكی كرداریی بۆئەو پرسە نەنراوە.

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی گۆڕان‌و یەكگرتووشدا هیچ ئاماژەیەك بەوە نەكراوە كە ئایا گفتوگۆ لەبارەی حكومەتێكی نوێ كراوە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا یاخود نا؟.