دواین ئاماری بومەلەرزەكە لە هەرێم‌و ڕۆژهەڵاتی كوردستان

13-11-2017 04:28
ئاسەواری بومەلەرزەكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

 

پەرەگراف

 

ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ 328 كەس بەرزبووەوەو لە هەرێمی كوردستانیش 7 كەس گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی دواین ئاماری لیژنە پزیشكی‌و فریاگوزارییەكانی ئێران، بەهۆی بومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو، تائێستا 328 كەس گیانیان لەدەستداوەو 2 هەزارو 504 كەسی دیكەش برینداربوون.

 

ناوەندی بومەلەرزەكە سنوری نێوان هەرێم‌و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە(لە پارێزگاكانی هەڵەبجەو كرماشان) بە گوڕی 7.3 پلە بە پێوەری ڕێختەر، بە پلەی جیاوازتریش هەرچوار پارچەی كوردستان‌و بەشێك لە عێراق‌و ئێرانی گرتووەتەوە.

 

زۆرترین زیان بەر ناوچەكانی كرماشان كەوتووە بەتایبەت لە سەرپێڵی زەهاب زۆرترین قوربانیی هەبووە، بەوهۆیەوە 3 ڕۆژ ماتەمینی لەو پارێزگایە ڕاگەیەندرا، لە هەرێمی كوردستانیش هەرچەندە لە تەواوی ناوچەكان هەستیپێكراوە، بەڵام لە قەزای دەربەندیخان زۆر بەهێز بووەو زیانی گیانی هەبووە.

 

 

ڤیدیۆ؛ ئاسەوای بومەلەرزەكەو گێڕانەوەی ساتی ڕوودانی لەلایەن ژنێكەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا سەرەخۆشی لە قوربانیانی بوومەلەرزەكە كردو گیانلەدەسانی 7 كەسی بەوهۆیەوە ڕاگەیاند، هاوكات سەدان كەسی دیكە برینداربوون.

 

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەكانی بوومەلەرزەكە پێكدەهێنن، سوپاسی حكومەتی توركیاشی كرد بۆ ناردنی هاوكاریی بۆ هەرێم.

 

هەر ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد بەهۆی بومەلەرزەكەوە، وتی"دەستبەجێ دوای كارەساتەكە، دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان ڕەوانەی ناوچەكە كرد. لە ئێستادا یەكەكانی ئافاد و مانگی سوور هاوكاریی كارەكانی گەڕان و ڕزگاركردن دەكەن و لەپاڵ ئەمەشدا ئافاد بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سوور كاروانی 50 بارهەڵگری لە هاوكاریی لە ڕێگەی دەروازەی خابوورەوە گەیاندووەتە عێراق.''

 

ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕووی پێداویستییە بەپەلەكانی وەك دەرمان، پێخەف، خێوەت، هەموو هاوكارییەكی پێویست پێشكەش دەكەن‌و بەردەوام دەبن‌و فەرمانی پێویست دراوەتە سەرجەم دامەزراوەكان بۆ ئەوەی هاوكارییەكان بەپەلە بگەیەنن.

 

بو مەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو بەهێزترین بومەلەرزە بووە تائێستا لە هەرێمی كوردستان تۆماركرابێت، سەرباری قوربانی مرۆیی، زیانی ماددی زۆری بەدواوەبوو، هاوكات زیانی بە بەنداوی دەربەندیخان گەیاندو تیمی تایبەت سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە زیانەكانی بەنداوەكەو ئەگەری بوونی مەترسیی لەسەری.