هەرێم ڕێز لە بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی دەگرێت كە دەڵێت: دەستوور ڕێگە بە جیابوونەوە نادات

14-11-2017 01:55
دەنگدان لە ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول، سلێمانی. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

حكومەتی هەرێم ڕێز لە شیكردنەوەیەكی دادگای باڵای فیدراڵی دەگرێت كە لە بارەی ڕیفراندۆمەكەی كوردستانەوە ڕایگەیاندبوو، دەستووری هەمیشەیی ڕێگە بە جیابوونەوەی هیچ پێكهاتەیەك نادات.

 

بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی ڕۆژی 6ی ئەم مانگە لەوەڵامی داواكارییەكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بوو بۆ شیكردنەوەی ماددەیەكی دەستور دەربارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كە 25ی ئەیلول بەڕێوەچوو و زیاتر لەسەدا 92ی دەنگدەران دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا لە عێراق.

 

حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند"ڕێز لەو ڕاڤەكردنەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ماددەی یەكەم لە دەستوور دەگرین، لە هەمان كاتیشدا دووپاتی دەكەینەوە بڕوامان وایە كە پێویستە ئەمە ببێتە بنەمایەك بۆ دەسپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە ڕێگەی جێبەجێكردنی تەواوی هەموو ماددەكانی دەستووری عێراقەوە."

 

پێشتر ئەیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، بە دەنگی شەش ئەندامی دادگاكە لە كۆی 9 ئەندام گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی هیچ دەقێكی دەستوری نییە ڕێگە بە جیابوونەوەی هیچ پێكهاتەیەك بدات، ئاماژەی بەوەشكرد لە بڕگە‌و ماددەكانی دەستوردا، جەخت لە یەكپارچەیی عێراق كراوەتەوە‌و دەسەڵاتی فیدراڵی پابەندكراوە بە پاراستنی ئەو یەكپارچەییە.

 

دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفراندۆم، حكومەتی عێراق كەوتە دژایەتیی تووندی هەرێمی كوردستان‌و سكاڵای دژی ڕیفراندۆمەكە تۆماركرد لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بە "نادەستووری" لەقەڵەمدا، بەڵام باڵای فیدراڵی سەرەتای ئەم مانگە ئەوەی خستەڕوو، ناتوانن بڵێن ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان نادەستوورییە تا گوێ لە ڕای لایەنی بەرامبەر(هەرێمی كوردستان) نەگرن.

 

حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەكەی ئەمڕۆیدا تەئكید دەكاتەوە كە پابەندی گرتنەبەری ڕێگەی دەستووری‌و یاساییە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان‌و هەرێم، پێشوازیی لەهەر دەستپێشخەرییەك دەكات بەو ئاڕاستەیە.

 

بەیاننامەكەی ئەمڕۆی هەرێم لەكاتێكدایە، حكومەتەكەی عەبادی وەڵامی پەیامەكانی حكومەتی هەرێم ناداتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیان، هەرێم داوادەكات وڵاتانی دەرەوە فشار لەسەر بەغدا دروست بكەن تائامادەی دانوستاندن بێت‌و ماف و دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هاتوو لە دەستووردا زامنبكرێن.

 

حەیدەر عەبادی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش ئامادەی گفتوگۆ نییەو لەڕێی پڕۆژەی بودجەی 2018ی عێراقەوە هەوڵی "هەڵوەشانەوەی" هەرێمی كوردستان دەدات، وەك حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاندبوو.

 

ئێستا سەرباری داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەڵام عێراق سوورە لەسەرئەوەی ئامادەی گفتوگۆ نابێت تا ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە هەڵنەوەشێتەوە.

 

هەرێمی كوردستانیش هەرچەندە پێشنیاری سڕكردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی خستوەتەڕوو، بەڵام دەڵێت، هەڵناوەشێتەوە، هاوكات لە یەكەم چاوپێكەوتنی دوای ڕیفراندۆم(7ی ئەم مانگە) مەسعود بارزانی دەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕایگەیاند"كێ دەتوانێت سێ ملیۆن دەنگ هەڵبوەشێنێتەوە؟ لەڕاستیدا زۆر بێمانایە ئەم سووربوونە(لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم). هیچ ڕێگایەك نییە بتوانێت ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.