پەرلەمان بۆ عەبادی: بژاردەی كشانەوەی كورد لە پڕۆسەی سیاسیی كراوەیە

15-11-2017 05:46
بینای پەرلەمانی كوردستان. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

پەرلەمانی كوردستان هۆشداریی دەدات لە زیاتر دواخستنی دانوستاندن لەنێوان هەولێرو بەغداو دەڵێت، بژاردەی كشانەوەی نوێنەرانی كورد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق كراوەیەو پەرلەمان دەستەبەری كۆدەنگیی بۆ دەكات ئەگەر حكومەتی عێراق دەرفەتی دانووستاندن و لێكتێگەیشتنی هاوبەش نەدات لە چوارچێوەی دەستووردا.

 

وەك وەڵامێك بۆ لێدوانەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئەوەی خستوەتەڕوو، ئەو شێوازی هەڕەشانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن لەلایەن عێراقەوە خزمەت بە دۆخەكە ناكات، داواشدەكات بە خێرایی گفتوگۆ دەستپێبكرێت لەنێوان هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان بەپێی دەستوور.

 

ڕاگەیەندراوەكەی پەرلەمان لە كاتێكدایە، حكومەتەكەی عەبادی وەڵامی پەیامەكانی حكومەتی هەرێم ناداتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیان، هەرێم داوادەكات وڵاتانی دەرەوە فشار لەسەر بەغدا دروست بكەن تائامادەی دانوستاندن بێت‌و ماف و دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هاتوو لە دەستووردا زامنبكرێن.

 

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان كە زیاتر لە سەدا 92ی دەنگدەران لەگەڵ جیابوونەوە بوون لە عێراق، حەیدەر عەبادی چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش سەرباری داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەڵام عێراق سوورە لەسەرئەوەی ئامادەی گفتوگۆ نابێت تا ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە هەڵنەوەشێتەوە.

 

هەرێمی كوردستانیش هەرچەندە پێشنیاری سڕكردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی خستوەتەڕوو، بەڵام دەڵێت، هەڵناوەشێتەوە، هاوكات لە یەكەم چاوپێكەوتنی دوای ڕیفراندۆم(7ی ئەم مانگە) مەسعود بارزانی دەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕایگەیاند"كێ دەتوانێت سێ ملیۆن دەنگ هەڵبوەشێنێتەوە؟ لەڕاستیدا زۆر بێمانایە ئەم سووربوونە(لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم). هیچ ڕێگایەك نییە بتوانێت ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە."

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان


هەروەك ئاشكرایە رۆژی 14/11/2017 ، بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆمەڵێك بابەتی ورووژاند كە مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە، پەرلەمانی كوردستان كە نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات بە پێویستی دەزانێت بۆ دووركەوتنەوە لە زمانی هەرەشە و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو لەنێوان هەردوولا هەرچی زووە دەرفەتی دانووستاندنی راشكاوانە بڕەخسێندرێت و حكومەتی فیدڕالی دووربكەوێتەوە لە راگەیەندراوی میدیایی و راڤەكردنی تاكلایەنانەی ماددە دەستوورییەكان بەبێ وەرگرتنی راو سەرنجی لایەنی هەرێمی كوردستان.

 

لەبەر رۆشنایی سەرجەم ئەو بڕیار و راگەیەندراو و لێدوانە فەڕمییانەی كە لەماوەی رابردوو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكراونەتەوە جەخت لەسەر یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان كراوەتەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئەمەش ئامادەییەكی روون و ئاشكرای هەرێمی كوردستانە و پەرلەمانی كوردستانیش لە راگەیەندراوی رۆژی 13/11/2017 ، ئەوپەڕی پشتیوانیی خۆی بۆ هەرچی زووتر دەستپێكردنی دانووستاندنەكان دووپاتكردۆتەوە و بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە هەر هەنگاو و رێكارێك دەكات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە گونجاوی دەزانێت و سەر پشكی كردووە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیی گەلی كوردستان و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان.
بەڵام وەك لە بەشێكی لێدوانەكانی رۆژی 14/11/2017ی بەڕێز عەبادی-دا دەبیندرێت زمانی هەرەشە و هەنگاوی یەكلایەنانە گومان دەخاتە سەر نییەتی فەڕمیی حكومەتی عێراقی فیدڕال و هێشتنەوەی دۆخەكە بەمجۆرەی ئێستا كە ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا و رێككەوتنە هاوبەشەكانە.

 

لەمڕووەوە پەرلەمانی كوردستان هۆشداریی تەواوەتی دەدەین لە زیاتر دواخستنی دانووستاندنەكان و ئەو شێوازی هەڕەشانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەوەی خزمەت بە دۆخەكە و پابەندبوون بە دەستوور ناكات.

 

بنەمای لێكگەیشتنی هاوبەش لە چوارچێوەی دەستووردا تەنها دانووستاندنە بەشێوازێكی دۆستانەو و راشكاوانە لەگەڵ یەكتری نەوەك تاكلایەنانە بڕیاردان.

 

بۆیە پێویست بوو حكومەتی فیدڕالی لە بەرامبەر وەڵامی ئەرێنیی و دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 14/11/2017، بەڕوونی و نووسراوی فەڕمی لە راگەیەندراوی خۆیدا بڵاوكردەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیریی كرد هەڵوێستێكی ئەرێنیی تریان هەبوایە و دەرگا بۆ دانووستاندنەكان واڵابكرابایە كە ئەمەش خزمەت بە سەرەوەریی یاسا و پاراستنی دەستوور دەكات.

 

لە كۆتاییدا..

 

پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە مافەكانی گەلی كوردستان كە لە دەستووری عێراقدا هاتوون روون و رەوایە و داكۆكییان لێدەكەین و پێویستە پارێزراوبن. هەموو رێككەوتنەكانیش كە لە رابردوودا ئەنجام دراون لە نێوان هەردوولادا بەگشتی ببنە بنەمای دانووستاندنێكی بەرهەمدار، بە پێچەوانەوە هەروەك لە راگەیەندراوی هاوبەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە لە رۆژی 13/11/2017 ، بژاردەی كشانەوەی نوێنەرانی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق كراوەیە و پەرلەمانی كوردستان دەستەبەری كۆدەنگیی بۆ دەكات ئەگەر حكومەتی عێراق دەرفەتی دانووستاندن و لێكتێگەیشتنی هاوبەش نەدات لە چوارچێوەی دەستووردا.

 

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان-عێراق

15-11-2017