گۆڕان سوورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌و ڕازییە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی بكاتەوە

16-11-2017 06:08
كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان(لە وێنەكەدا فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمانە، ئێستا گۆڕاوە بە بێگەرد تاڵەبانی).

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بزووتنەوەی گۆڕان سوورە لەسەر هەڵوەشانەوەی كابینەی ئێستای حكومەت‌و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌و كاتیی، بۆئەو مەبەستەش ڕازییە حكومەتە نوێیەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی بكاتەوە.

 

لە چوارچێوەی ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێم‌و هەوڵەكان بۆ یەكڕیزیی ناوماڵی كورد، ئەمڕۆ شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە سلێمانی‌و لەگەڵ ڕێكخەری گشتی‌و بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەكە كۆبوونەوە.

 

گۆڕان كە لەدوای پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان، لەگەڵ هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح چەند جارێك بە فەرمیی داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیان كردووە، ئەمڕۆ هەمان داواكاریی لەچوارچێوەی پڕۆژەیەكدا خستووەتەبەردەم وەفدەكەی پارتی.

 

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت، چەند زانیارییەكی لەبارەی پڕۆژەكەیان بۆ پەرەگراف ئاشكراكردو ئەوەی خستەڕوو، ئەوان لارییان نییە حكومەتە نوێیەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی بكاتەوە، وتی"ئێمە كێشەمان لەگەڵ شەخس نییەو بەرنامەی حكومەتەكەمان بەلاوە گرنگە كە بۆچەند ئەركێكی دیاریكراو لەماوەیەكی دیاریكراودا كاربكات."

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان دەڵێت"گۆڕان زۆر بەلایەوە گرنگە حكومەتە نوێیەكە بەجددی كاربكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە ماوەیەكی نزیكدا‌و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەستپێبكات‌و گفتوگۆكان بە دامەزراوەیی بكرێن‌و چارەسەری موچەو بژێویی خەڵكی كوردستان ئەولەویەت بێت" وتیشی"هاوكات گرنگە شكۆ بۆ دامەزراوەكانی هەرێم بگەڕێتەوە بەتایبەت پەرلەمان‌و ڕۆڵی هەبێت لە گفتوگۆی نێوان هەرێم‌و بەغدا."

 

لەوەڵامی پرسیارێكی پەرەگراف كە ئایا گۆڕان بە كەمتر لە هەڵوەشانەوەی حكومەتی ئێستا ڕازیی دەبێت؟ ئەو بەرپرسە وتی"كابینەی ئێستا بەهەموو پێوەرێك شكستی هێناوەو باشتروایە هەڵبوەشێتەوە، كەمتر لەوە گۆڕانكارییە لە حكومەت، لای گۆڕان ئەمەش ئەگەرێكی كراوەیەو قابیلی گفتوگۆیە بەمەرجێك بەرنامەی كاركردنی ئەو حكومەتە بچوككراوەیە هەمان ئەو بەرنامەیە بێت كە ئێمە بۆ حكومەتە كاتییەكە داوای دەكەین."

 

پارتی‌و گۆڕان لەماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و كۆبوونەوە نەیتوانیوە یەكیان بخات‌و بیانگەیەنێتە ڕێككەوتن، ئێستا چارەسەری كێشەكانی نێوانیان گرێداوە بە چارەنوسی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم.

 

د.ئاسۆ مەحمود، باژێڕوانی سلێمانی گۆڕان‌و بەشداربووی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بزووتنەوەكەی‌و پارتی، دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەكەن لەبارەی پڕۆژەكەیان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ.

 

دەربارەی پرسی گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان بۆ حكومەت كە لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015وە دوورخراونەتەوەو پارتی ئێستا داوای گەڕانەوەیان دەكات، ئاسۆ مەحمود ئەوەی خستەڕوو، ئەمڕۆ باسی ئەو پرسەیان نەكردووە، وتی "بڕیارە بەمزووانە وەفدێكی حكومی كە لە سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی حكومەت پێكدێن سەردانی گۆڕان بكەن، لەوێ باسی گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان دەكرێت."

 

هاوكات لەگەڵ وەزیرەكانی ئەو بزووتنەوەیە، د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان كە لەپشكی گۆڕانە لەهەمان ڕێكەوتەوە دوورخراوەتەوە، ئەمڕۆ لەسەر پرسی گەڕانەوەی یوسف محەمەد هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوەو هێشتا بڕیاری گەڕانەوەی نەدراوە.

 

هەفتەی ڕابردوو دوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، ئەوحزبە بەفەرمی پێكهێنانی حكومەتی كاتیی ڕەتكردەوە‌و مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی هەڵوێستی فەرمیی حزبەكەی ئاشكراكردو باسیلەوەكرد، ئێستا كاتی ئەوەنییە دەستكاریی حكومەت‌و دامودەزگاكان بكرێت، نە بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری‌و ئیداریی ئەوە ناخوازێت، وتی"ئەو ئیدارەیەی كە هەیە دەبێت پاڵپشتی بكرێت‌و بەهێز بكرێت بۆئەوەی بتوانێت بەرگەی ئەم تەحەدییاتانە بگرێت."

 

داوای پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق لەوپەڕی ئاڵۆزیدان‌و حەیدەر عەبادی وەڵامی پەیامەكانی هەرێم ناداتەوە بۆ كۆبوونەوەو گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیان.

 

ئەو لایەنانەی داوای گۆڕینی حكومەتی ئێستای هەرێم دەكەن پێیانوایە، ئەو كەسانەی پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا كردووە شكستیان هێناوەو نابێت هەمان ئەو كەسانە بچنە گفتوگۆوە، لەو بارەیەوە ئاسۆ مەحمود وتی"ئەوەی پێشتر گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا كردووە ئەمجارە ناتوانێت سەركەوتووبێت‌و پێویستە گۆڕانكاریی بكرێت."

 

كابینەی ئێستای نێچیرڤان بارزانی

 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێم، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، هەربۆیە دوای 25 ساڵ لەئەزموونی حوكمڕانی‌و ئیدارەدان، پرسی جارێكیتر پێكهێنانەوەی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و چاكسازیی، بووەتەوە بەبابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، بەتایبەت دوای دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم‌و پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو.

 

كابینەی ئێستای حكومەت، پێنج حزبی خاوەن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان(پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو)، دوای ساڵانێك لە ململانێ‌ لەناوەڕاستی ساڵی 2014 پێكەوە پێكیانهێنا، بەڵام ئەم حكومەتە تەنیا ساڵێك بەو هاوبەشییە مایەوە‌و ناكۆكییەكانیان جارێكیتر تەقینەوەو گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوە.

 

گەیشتنە لوتكەی ناكۆكی حزبەكان بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، دوابەدوای بێئەنجامبوونی نۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی‌و دەیان دیداری تر بەنێوەندگیری وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هات، لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئێستا كە ئەو پۆستە نەماوەو بارزانی وازی هێنا، هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزكردنەوەی حكومەتەكەی دەستیپێكردووە، بەڵام قەیران‌و كێشەی نوێ دروستبوون.

 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو 19 ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتی هەرێمدایە(3 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران‌و 16 ساڵ سەرۆك وەزیران)، ئەو ئەزمونێكی زۆری هەیە لە سیاسەت‌و حوكمڕانی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوپێیەی لەتەمەنی 23 ساڵیداو لە 1989وە بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە حزبی گەورەو باڵادەستی كوردستانە، بەڵام حكومەتداریی‌و سیاسەتی بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوەو زۆرێك بە "شكستخواردوو" ناوی دەبەن.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی ناوەندیی بودجەی هەرێم ببڕێت.

 

حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی سێ ساڵە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی زۆر لە موچە هاوكات چەند مانگێكیش قەرزاری فەرمانبەرانە، لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆیی‌و بیانییەكان كە بە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم‌و ئابوریی سەربەخۆ، یەكێك بوو لە شانازییەكانی نێچیرڤانی بارزانی، بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداو گەڕانەوەی عێراق بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، نێچیرڤانی بارزانی 6ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو ئامادەن نەوت‌و فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان‌و سەرجەمی داهات ڕادەستی بەغدا بكەن لە بەرامبەر ناردنی پشكی سەدا 17 لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان.