یەكگرتوو: پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی ڕاگوزەر بە پێویست دەزانین

18-11-2017 07:20
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو. فۆتۆ: لە پەیجی سەلاحەدین بەهائەدین وەرگیراوە.

 

پەرەگراف

 

یەكگرتوو بە فەرمی ڕایگەیاند، پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی ڕاگوزەر لە هەرێمی كوردستان بە پێویست دەزانێت، ئەوەش هەمان داواكاریی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحە.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی ئەمڕۆ كۆبووەتەوەو لە ڕاگەیەندراوێكدا چەند خاڵێكی خستوەتەڕوو، تێیدا هاتووە"ئەنجومەنی سەركردایەتی لەسەر بابەتی گۆڕانكاری لەم حكومەتەدا وەستاو پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی ڕاگوزەری(انتقالی) بە پێویست زانی بە مەبەستی هێنانەدی یەكڕیزی نیشتمانی و چاكسازی خێرا لە مەسەلەی بژێوی و گوزەران و لایەنی ئەمنی هاوڵاتیاندا."

 

پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی داوای گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحە‌و بۆ یەكەمجارە یەكگرتوو ئەو داوایە دەكات، هەرچەندە پارتی‌و یەكێتی(بەشێك لە یەكێتی) ئەو داواكارییەیان ڕەتكردوەتەوە، بەڵام لە دواین كۆبوونەوەی گۆڕان‌و پارتی(16ی ئەم مانگە) پارتی پڕۆژەیەكی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ وەرگرتووەو بڕیارە لەچەند ڕۆژی ئایندەدا وەڵامی گۆڕان بداتەوە.

 

ئەو لایەنانە لەدوای پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەیان، چەند جارێك بە فەرمیی داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیان كردووە.

 

داوای پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق لەوپەڕی ئاڵۆزیدان‌و حەیدەر عەبادی وەڵامی پەیامەكانی هەرێم ناداتەوە بۆ كۆبوونەوەو گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیان، ئەو لایەنانەی داوای حكومەتێكی نوێ دەكەن پێیانوایە نابێت هەمان بەرپرسانی پێشوو بچنەوە بەغدا بۆ گفتوگۆ.

 

كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكگرتوو كە بە ئامادەبوونی سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی ئەو حزبە بەڕێوەچووە، ناردنی شاندی هەرێمی بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بە ئەركی هەنوكەیی زانیوەو جەختلەسەر تەواوی شایستەی دارایی‌و مافە دەستورییەكانی هەرێم دەكات، هاوكات جەخت لە مەرجەعیەتی پەرلەمانی كوردستان‌و "كاراكردنەوەی" دەكات بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی لە چاودێری‌و یاسادانان.

 

ڕاگەیەندراوەكەی یەكگرتوو دەشڵێت"ئەنجومەنی سەركردایەتی نەخشە ڕێگای قۆناغی دوای (16/10/2017)ی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی خستەڕوو كە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە گوتاری سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی بە شێوەیەك لەگەڵ دۆخی ئێستاو ئەگەرو سیناریۆكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان بگونجێت."