بزوتنەوەی گۆڕان چەند داواكارییەكی نێچیرڤان بارزانی ڕەتدەكاتەوە

21-11-2017 08:06
پێشوازیكردنی ڕێكخەری گشتی گۆڕان لە نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ لە سلێمانی. فۆتۆ: لە پەیجی نێچیرڤان بارزانی لە فەیسبوك وەرگیراوە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بزوتنەوەی گۆڕان چەند داواكارییەكی نێچیرڤان بارزانی ڕەتدەكاتەوەو سوورە لەسەر گۆڕانكاریی لە پەیكەری حكومەت‌و بەرنامەی كاركردنی، بۆئەو مەبەستە پڕۆژەیەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی حكومەت كردووە‌و بڕیارە وەڵامیان بدرێتەوە.

 

دوو بەرپرسی باڵای گۆڕان كە بۆ پەرەگراف قسە دەكەن، گەشبین نین بە پەسەندكردنی پڕۆژەكەیان‌و ئەنجامدانی گۆڕانكاریی، بە دووری نازانن لە بەرامبەردا حكومەت بژاردەی هەڵبژاردن لە كاتێكی نزیكدا جێبەجێ بكات.

 

نێچیرڤان بارزانی، دەستیكردووە بە گەڕێكی نوێی سەردانی حزبە كوردستانییەكان‌و دەیەوێت پاڵپشتیی بۆ حكومەتەكەی كۆبكاتەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان‌و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێكی باڵای حكومەت سەردانی سلێمانی كردو لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی‌و سۆسیالیست كۆبووەوە.

 

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف كە لە بەرپرسانی باڵای گۆڕان دەستیكەوتووە، نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا داوای گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان‌و پاڵپشتیی ئەو بزوتنەوەیەی كردووە بۆ كابینەكەی‌و بەشداربوونی نوێنەری گۆڕان لەوشاندەی بڕیارە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا پێكبهێنرێت.

 

"ئەو داواكارییانەی سەرۆكی حكومەت لەلایەن گۆڕانەوە ڕەتكرانەوەو لە بەرامبەردا پڕۆژەیەكمان پێشكەشكردوون بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتیی‌و ئەنجامدانی كۆمەڵێك گۆڕانكاریی" بەرپرسێكی باڵای گۆڕان وای وت.

 

لەبارەی ناوەڕۆكی پڕۆژەكەیان، ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو، پڕۆژەكەیان باسلە دوو قۆناغی كاركردنی ئەو حكومەتە كاتییە دەكات كە داوادەكەن پێكبهێنرێت، "بەوردی چۆنێتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەو كاتمان بۆ دیاریكردووە، قۆناغی یەكەم ماوەكەی چوار مانگەو قۆناغی دووەم حەوت مانگەو لەدوای ئەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد."

 

دەربارەی ناوەڕۆكی قۆناغەكان‌و ئەو خاڵانەی جێبەجێ دەكرێن، بەرپرسەكەی گۆڕان تەنها ئەوەندەی وت"شتی موستەحیلی تێدانییەو كورتكراوەی داواكارییەكانی پێشووی گۆڕان‌و پاكێجەكانی سەردەمی ئۆپۆزسیۆنە."

 

پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی داوای گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح‌و یەكگرتووە، ئەو لایەنانە لەدوای پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەیان، چەند جارێك بە فەرمیی داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیان كردووە.

 

دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ حزبەكان، نێچیرڤان بارزانی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، وەرەقەیەكیان لە گۆڕان وەرگرتووەو بەڵێنی ئەوەیان داوە دیراسەی بكەن‌و دووبارە دانیشتنەكانیان بەردەوامدەبن.

 

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ لایەنەكان لەسەر چەند بنەمایەكی گرنگ وەكو یەك بیردەكەنەوە، وتی"دژی دوو ئیدارەین، دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێت، نابێ هەر لایەنێك بە تەنیا گفتوگۆ بكات، ئەمانە بۆ هەرێمی كوردستان پرەنسیپی گرنگن‌و لەگەڵ لایەنەكان لەسەریان كۆكین."

 

لەگەڵ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی باسیلەوەكرد، ئەوان پێیانوایە حكومەتی ئێستای هەرێم كاتییە، وتیشی، دوو بۆچوون هەن، یەكەم: بەزووترین كات هەڵبژاردن بكرێ، دووەم: حكومەتی كاتیی دابمەزرێت، وتیشی"ئێمە قسە لەگەڵ هەموو لایەنەكان دەكەین بۆ ئەوەی بزانین باشترین ڕێگەچارە چییە، دوای ئەوە خۆمان وەكو حكومەت بڕیاردەدەین بە چ شێوەیەك هەڵسوكەوت بكەین."

 

جوڵە نوێیەكانی سەرۆكی حكومەت دوای ئەوەدێت لەدوای وازهێنانی مەسعود بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم، دەسەڵاتەكانی دابەشكران‌و زۆربەیان دران بە سەرۆك وەزیران‌و حكومەتەكەی، ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەت لە قەیرانێكی سەختی ئابوری‌و سیاسی‌و دیبلۆماسیدایە لە ناوخۆی كوردستان‌و لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دەرەوە.

 

پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق لەوپەڕی ئاڵۆزیدان‌و حەیدەر عەبادی وەڵامی پەیامەكانی هەرێم ناداتەوە بۆ كۆبوونەوەو گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیان، ئەو لایەنانەی داوای حكومەتێكی نوێ دەكەن پێیانوایە نابێت هەمان بەرپرسانی پێشوو بچنەوە بەغدا بۆ گفتوگۆ.

 

نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو شاندەی لە داهاتوودا دەچێتە بەغدا نوێنەری هەر 5 حزبە سەرەكییەكەی تێدابێت، ئەوەش وەك بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن، لەژێر فشاری بەغدا دایە‌و بزوتنەوەكەیان بەبێ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئامادەنییە نوێنەری لەو شاندەدا هەبێت.

 

"تائێستا وادەی سەردان دیارنییە، وەكو حكومەت دەچین بۆ بەغداو هەموو ئەوانەی بەشدارن لە حكومەت بەتەئكید ئەوانە بەشداردەبن" نێچیرڤان بارزانی وای وت.

 

هاوكات بەرپرسێكی باڵای گۆڕان ئەوەدەخاتەڕوو، بزوتنەوەكەی لە بەغداوە ئەو پەیامەی پێگەیشتووە كە حكومەتی ناوەندیی دەیەوێت لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی هەرێم گفتوگۆ بكات نەك تەنها پارتی‌و یەكێتی.

 

"بەغدا وتویەتی هەروەفدێك بێت دەبێت نوێنەری سەرجەم لایەنە سەرەكییەكانی تێدابێت، بەتایبەت مەبەستیانە گۆڕان بەشداربێت لە وەفدەكاندا" بەرپرسەكەی گۆڕان وای وت.

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان پێیوایە، حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی لە ژێر فشاردایەو دەیەوێت لەم قۆناغەدا "گۆڕان بەكاربهێنێت"، وتیشی"گەشبین نین بە قبوڵكردنی پڕۆژەكەو ئەنجامدانی گۆڕانكاریی، ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە بەرامبەردا پارتی بڵێت هەڵبژاردن لەكاتێكی نزیكدا ئەنجامدەدەین‌و مانگی 3ی ساڵی داهاتوو دیاریی بكەن."

 

پێشتر(16ی ئەم مانگە) پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد كە گۆڕان ئامادەیە دەستلە داواكاریی هەڵوەشانەوەی حكومەت‌و پێكهێنانی حكومەتی نوێ هەڵبگرێت، بەمەرجێك بەرنامەی كاری حكومەتی ئێستا ببێت بەو بەرنامەیەی گۆڕان بۆ حكومەتە كاتییەكە داوایدەكات، دوای كۆبوونەوەی گۆڕان‌و حكومەتیش بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە هەمانشتی پشتڕاست كردەوە.

 

د.ئاسۆ مەحمود، باژێڕوانی سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەشداربوی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد ئەگەر حكومەتی ئێستا بتوانێت 3 خاڵ جێبەجێ بكات ئاساییە بمێنێتەوە.

 

"خاڵی یەكەم ئەوەیە لانیكەمی گوزەران‌و موچەی خەڵك باشبكرێت، دووەم: سیادەتی هەرێم بپارێزرێت‌و دووربین لەوەی شەڕی بەوەكالەتی وڵاتانی ئیقلیمی لە وڵاتی خۆماندا بكەین، سێیەم: هەڵبژاردنە گشتییەكان لەكاتی خۆی ئەنجامبدرێت‌و پاك‌و بێگەرد بێت‌و ڕێگریی لە تەزویرات بكرێت."

 

پارتی‌و گۆڕان لەماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و كۆبوونەوە نەیتوانیوە یەكیان بخات‌و بیانگەیەنێتە ڕێككەوتن، ئێستا چارەسەری كێشەكانی نێوانیان گرێداوە بە چارەنوسی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم‌و ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك لە بەرنامەی كاركردنی.

 

كابینەی ئێستای نێچیرڤان بارزانی

 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێم، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، هەربۆیە دوای 25 ساڵ لەئەزموونی حوكمڕانی‌و ئیدارەدان، پرسی جارێكیتر پێكهێنانەوەی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و چاكسازیی، بووەتەوە بەبابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، بەتایبەت دوای دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم‌و پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو.

 

كابینەی ئێستای حكومەت، پێنج حزبی خاوەن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان(پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو)، دوای ساڵانێك لە ململانێ‌ لەناوەڕاستی ساڵی 2014 پێكەوە پێكیانهێنا، بەڵام ئەم حكومەتە تەنیا ساڵێك بەو هاوبەشییە مایەوە‌و ناكۆكییەكانیان جارێكیتر تەقینەوەو گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوە.

 

گەیشتنە لوتكەی ناكۆكی حزبەكان بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، دوابەدوای بێئەنجامبوونی نۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی‌و دەیان دیداری تر بەنێوەندگیری وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هات، لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئێستا كە ئەو پۆستە نەماوەو بارزانی وازی هێنا، هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزكردنەوەی حكومەتەكەی دەستیپێكردووە، بەڵام قەیران‌و كێشەی نوێ دروستبوون.

 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو 19 ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتی هەرێمدایە(3 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران‌و 16 ساڵ سەرۆك وەزیران)، ئەو ئەزمونێكی زۆری هەیە لە سیاسەت‌و حوكمڕانی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوپێیەی لەتەمەنی 23 ساڵیداو لە 1989وە بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە حزبی گەورەو باڵادەستی كوردستانە، بەڵام حكومەتداریی‌و سیاسەتی بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوەو زۆرێك بە "شكستخواردوو" ناوی دەبەن.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی ناوەندیی بودجەی هەرێم ببڕێت.

 

حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی سێ ساڵە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی زۆر لە موچە هاوكات چەند مانگێكیش قەرزاری فەرمانبەرانە، لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆیی‌و بیانییەكان كە بە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم‌و ئابوریی سەربەخۆ، یەكێك بوو لە شانازییەكانی نێچیرڤانی بارزانی، بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداو گەڕانەوەی عێراق بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، نێچیرڤانی بارزانی 6ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو ئامادەن نەوت‌و فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان‌و سەرجەمی داهات ڕادەستی بەغدا بكەن لە بەرامبەر ناردنی پشكی سەدا 17 لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان.