بەریتانیا: هەوڵێكی جددی لە ئارادایە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا

22-11-2017 08:10
نێچیرڤان بارزانی‌و بۆریس جۆنسن

 

پەرەگراف

 

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە نامەیەكیدا بۆ نێچیرڤان بارزانی ئەوەدەخاتەڕوو، هەوڵێكی جددی لە ئارادایە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش داوادەكات دۆستانی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدابن بۆ زەمینەخۆشكردنی گفتوگۆ.

 

ئەمڕۆ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق نامەیەكی بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی گەیاندە حكومەتی هەرێم كەتێیدا دەستخۆشی لە هەوڵەكانی هەرێم دەكات بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەمەبەستی دەستپێكردنی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان‌و ئەوەش دوپاتدەكاتەوە كە بەریتانیاش بە هەمان ئاڕاستە لەسەر هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت.

 

بەپێی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە نامەكەیدا "دووپاتی كردۆتەوە هەوڵێكی جددی لە ئارادایە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی هەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، پشتگیریی بەریتانیایشی بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە."

 

لایخۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كردوەو دووپاتی كردۆتەوە هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵیداوە ناكۆكییەكان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن، "داوای لە دۆستانی هەرێمی كوردستانیش كرد لە هەوڵی بەردەوامدا بن بۆ زەمینەخۆشكردنی دیالۆگی نیوان هەولێر و بەغدا."

 

حكومەتی عێراق دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش سەرباری داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەڵام عێراق سوورە لەسەرئەوەی ئامادەی گفتوگۆ نابێت تا هەرێم پابەندنەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە.

 

هەرچەندە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق 20ی ئەم مانگە بڕیاری كۆتایی لەبارەی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان دەركرد و پڕۆسەكەی بە نادەستووری ناساندو ڕایگەیاند، ئەنجامەكەی‌و لێكەوتەو هەر دۆخێك بەهۆی ڕیفراندۆمەوە هاتبێتە ئاراوە هەڵوەشاوەیە، بەڵام تائێستا هەرێم دانی بەوەدا نەناوە.

 

لە نوێترین هەڵوێستی هەرێمی كوردستاندا، ئەمڕۆ جەعفەر ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند"بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان سیاسییەو هیچ بنەمایەكی دەستووری نییەو دوورە لە ڕوح‌و هەموو ماددەكانی دەستوور. پەرلەمانی كوردستان ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق ڕەتدەكاتەوە."

 

ئەوە یەكەم لێدوانی بەرپرسی دەزگایەكی باڵای هەرێمە كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ڕەتبكاتەوە، ڕۆژی دەرچوونی بڕیارەكە، نێچیرڤان بارزانی دانی نەنا بە بڕیارەكەی دادگاداو هاوكات ڕەتیشی نەكردەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، بڕیاری دادگای فیدراڵی تەمیز ناكرێتەوەو حوكمی تەواوی وەرگرتووە، وتی"یەكلایەنە بڕیارەكەیانداوە بەبێ ئەوەی نوێنەرانی حكومەتی هەرێم لەودادگایە ئامادەبن" بەبێ ئەوەی دان بنێت بە بڕیارەكەدا یاخود ڕەتیبكاتەوە.

 

هاوكات مەسعود بارزانی ئێوارەی هەمان ڕۆژی دەرچوونی بڕیارەكە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ڕەخنەی لە بڕیارەكەی دادگاو كارەكانی دیكەی ئەو دادگایە گرت، بەڵام ئەویش بەڕوونی وشەی ڕەتكردنەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەیدا بەكارنەهێنا.

 

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە تاكلایەنەو سیاسیی ناوبرد، وتی، دەقە دەستوورییەكانی لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر كردووە و پێشێلكردنی 55 ماددەی دەستووری لە لایەن حكوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە.

 

مەسعود بارزانی وتیشی"پێویستە هەموو لایەك بزانن هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە كە بتواندرێ دەنگی سێ ملیۆن مرۆڤ بە نادەستووری بزاندرێ چونكە دەنگی گەل خۆی سەرچاوەی شەرعییەت و دەستوور و یاسایە."

 

بڕیاری هەڵوەشانەوەی ڕیفراندۆم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پێشوازیی لێكراو نەتەوەیەكگرتووەكانیش داوای لە هەرێمی كوردستان كرد دانبنێت بە بڕیارەكەداو لەسەر بنەمای دەستور بەغداو هەولێر دەستبكەن بە گفتوگۆ.

 

هەرێمی كوردستان یەك مانگ دوای ڕیفراندۆم پێشنیاری سڕكردنی ئەنجامەكەی خستەڕوو، بەڵام بەغدا بەدەمیەوە نەهات‌و سوربوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی، هاوكات لە یەكەم چاوپێكەوتنی دوای ڕیفراندۆم(7ی ئەم مانگە) مەسعود بارزانی دەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕایگەیاند"كێ دەتوانێت سێ ملیۆن دەنگ هەڵبوەشێنێتەوە؟ لەڕاستیدا زۆر بێمانایە ئەم سووربوونە(لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم). هیچ ڕێگایەك نییە بتوانێت ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە."