عوسمانی حاجی مەحمودو شۆڕش حاجی دژی كۆبوونەوەی گۆڕان بوون لەگەڵ یەكێتی

23-11-2017 06:50
عوسمانی حاجی مەحمود‌و شۆڕش حاجی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

نیگەرانیی هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەكەیان‌و كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی، خانەی ڕاپەڕاندنی گرتوەتەوە كە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بزوتنەوەكەیە، دوو ئەندامی خانەكە دژی كۆبوونەوەی دوێنێی گۆڕان‌و یەكێتی بوون.

 

دوای چەند مانگێك ساردیی لە پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، دوێنێ سەركردایەتی هاوبەشی ئەو دوو حزبە كۆبووەوە، ئەوەش ناڕەزایی لەناوخۆی گۆڕان دروستكردو ناڕازییەكان پێیانوایە، یەكێتی دەیەوێت گۆڕان بەكاربهێنێت‌و "كەسابەت"ی پێوەبكات، لەكاتێكدا لەدوای ڕێككەوتنی سیاسی ئەو دوو حزبە لە 17-5-2016وە یەكێتی لەچەندین وێستگەی گرنگدا گۆڕانی بەجێهێشتووەو بە پێچەوانەوە هەڵوێستی وەرگرتووە.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی بەرلە كۆبوونەوەكەی دوێنێ هەوڵ هەبووە بۆ كۆبوونەوەی یەكێتی‌و گۆڕان، بەڵام نیگەرانییەكان زاڵ بوون‌و بەوهۆیەوە كۆبوونەوە نەكراوەو لەناو خانەی ڕاپەڕاندندا ئەو بۆچوونە دروست بووە كە "ڕێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان نەماوەو سەركردایەتی هاوبەش كۆتایی هاتووە."

 

ئەو سەرچاوە باڵایە كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆ ناوخۆیی‌و نیگەرانییەكانی ناو گۆڕانە بە پەرەگرافی وت"دواجار ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی لەژێر ناوی كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەش لەخانەی ڕاپەڕاندن خرایە دەنگدانەوەو 5 ئەندام لەگەڵیدا بوون‌و 2 ئەندام دژی بوون."

 

سەرچاوەكە وتیشی"هەریەكە لە عوسمانی حاجی مەحمود‌و شۆڕش حاجی دژی كۆبوونەوەكە دەنگیانداوە" عوسمانی حاجی مەحمود كە ئەندامی سەركردایەتییە هاوبەشەكەیە بەشدارنەبوو لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ.

 

 

كۆبوونەوەی دوێنێی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

بەرپرسانی گۆڕان كە بۆ پەرەگراف قسەیانكرد‌و داوایانكرد ناویان ئاشكرانەكرێت، باسلەوەدەكەن ئەنجامدانی كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی بە هەوڵی چڕی محەمەد تۆفیق ڕەحیم ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بووەو پێیوابووە گرنگە پشتیوانیی بۆ پڕۆژەكەیان فراوان بكەن‌و ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكان.

 

محەمەد تۆفیق ڕەحیم، دەربارەی كۆبوونەوەكەیان، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، كۆبوونەوەكە بۆ ئەوپڕۆژەیەی گۆڕان بووە لەبارەی ئەو حكومەتە نوێیەی كە بە پێویستی دەزانن لەئێستادا دروستبكرێت، وتی"بۆئەوەی ئەم قەیرانانە بەڕێوەبەرێت‌و ئامادەكاریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكات‌و تۆماری دەنگدەران پاكبكاتەوە."

 

محەمەد تۆفیق ڕەحیم، نیگەرانییە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكەیانی لە كۆبوونەوەكە بە ئاسایی ناوبرد، لە وەڵامی ئەوەی تاچەند نیگەرانییەكان بەهەند وەردەگرن؟ وتی"ئاساییە، ئێمە لەم قۆناغەدا ئەوەی لە هەرێم ڕوودەدات‌و بەسەر هەرێم هاتووە لەهەموو شتێك گرنگترە بتوانین چارەسەری بكەین."

 

دەربارەی بوونی نیگەرانیی لەناو خانەی ڕاپەڕاندن، محەمەد تۆفیق ڕەحیم تەنها وتی"ئاگادارنیم."

 

ئەو كۆبوونەوەیە دوای ئەوەهات لە چەند مانگی ڕابردوودا كەچەندین ڕووداوی گرنگ لە هەرێمی كوردستان ڕوویاندا، هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان گۆڕان‌و یەكێتیدا نەبوو، ئەو دوو حزبە لە چەندین پرسدا بە پێچەوانەی یەكترییەوە هەڵوێستیان وەرگرت، بەرپرسانی گۆڕان بەردەوام یەكێتییان تۆمەتبار دەكرد بە شكاندنی ڕێككەوتنی نێوانیان‌و جێبەجێ نەكردنی خاڵەكانی.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلول‌و پێكهێنانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق‌و دواتر گۆڕینی ناوەكەی بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان، لەدیارترین ئەو پرسانە بوون كە گۆڕان‌و یەكێتی بە پێچەوانەی یەكترییەوە هەڵوێستیان تێدا وەرگرت، تەنانەت گۆڕان ئامادەنەبوو پێشوازی لە وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بكات لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.

 

هەروەها كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان ویستی لەڕێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ یەكێتی ڕیفراندۆم لەژێر دەستی مەسعود بارزانی دەربهێنێت‌و بیخاتە ژێردەستی پەرلەمان، یەكێتی شكستی بە هەوڵەكەی هێنا.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر دەربارەی كۆبوونەوەكەی دوێنێی یەكێتی‌و گۆڕان‌و نیگەرانییەكان، پەیوەندیكرد بە د.شۆڕش حاجی وتەبێژو ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

 

شۆڕش حاجی لەماوەی 5 ڕۆژی ڕابردوودا لە زنجیرە وتارێكدا لەژێر ناونیشانی (گۆڕان داوای چی دەكات‌و پارتی‌و یەكێتی چی دەكەن) كە میدیای گۆڕان تائێستا 3 بەشی بڵاوكردووتەوە، ڕەخنەی تووند لە سیاسەتەكانی پارتی‌و یەكێتی دەگرێت‌و وەك یەك بەرپرسیارێتییان دەخاتەسەرشان.

 

شۆڕش حاجی، دەربارەی (ژێرخانی ئابوری‌و بژێوی خەڵك، پێشمەرگەو هێزی نیشتمانی، كەركوك‌و ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان) سیاسەت‌و داواكارییەكانی گۆڕانی خستوەتەڕوو، باسیلەوەشكردووە كە پارتی‌و یەكێتی پێكەوە چۆن بە پێچەوانەی خواستی گۆڕان كاریانكردووەو شكستیان هێناوەو كوردستانیان ڕوبەڕوی قەیران كردووەتەوە.

 

هەڵسوڕاوانی گۆڕان باسلەوەدەكەن یەكێتی بزوتنەوەكەیان بەكاردەهێنێت بۆ سودی خۆی‌و لەو كاتانەی لە دۆخێكی باشدا نییە، نەرمیی پیشاندەدات، هەڵسوڕاوێكی ناڕازیی گۆڕان بە پەرەگرافی وت"بەرپرسانی گۆڕان لەوە تێناگەن كە یەكێتی كەسابەتیان پێوەدەكات‌و خۆی پێهەڵدەسێنێتەوە."

 

بەپێچەوانەوە، ئەو بەرپرسانەی گۆڕان كە پشتگیریی كۆبوونەوەی بزوتنەوەكەیان‌و یەكێتی دەكەن پاساویان ئەوەیە یەكێتی دەسەڵاتدارەو ناكرێت مامەڵەی لەگەڵدا نەكەن‌و دابڕان زیانی دەبێت، هاوكات دەیانەوێت پشتیوانییەكان بۆ پڕۆژەكەیان فراوان بكەن.

 

ئێستا كە هەرێمی كوردستان لە قەیرانی سەختی جۆراوجۆردایە، گۆڕان پڕۆژەیەكی ڕادەستی پارتی‌و حكومەت‌و یەكێتی كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌و ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك، هەریەكە لە كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح پشتیوانیی پڕۆژەكە دەكەن.

 

گۆڕان بە درێژایی دروستبوونی، دەیان پڕۆژەو پاكێج‌و سەدان داواكاریی پێشكەش كردووە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی، بەڵام گوێی لێنەگیراوە، ئێستا كە حكومەتی هەرێم بە ڕابەرایەتی پارتی‌و یەكێتی لە دۆخێكی خراپدایەو ناڕەزاییەكانی خەڵك زۆربوون، هەڵسوڕاوانی گۆڕان هۆشداریی دەدەنە بزوتنەوەكەیان.

 

لەوبارەیەوە شەماڵ عەبدولوەفا، هەڵسوڕاوی گۆڕان لە وتارێكدا لەژێر ناونیشانی(گۆڕان وریا بە دەستت نەبڕن.. دەستی دەستیت پێ نەكەن) كە ئەمڕۆ لە میدیای گۆڕان بڵاوكراوەتەوە نوسیویەتی"نوێنەری دو هێزی شكاو و شكستخواردو لە حكومەتە ناشرینەكەیاندا دێنە لاتان بە شێوەیەكی تازە، ئەمجارە نە لەبەر خاتری گۆڕانە نە لەبەر خاتری خەڵك، لەبەر خاتری خۆیانە و هەستانەوەیان، لەوانەیە وەعدی هەندێ شت بدەن، بەڵام پێیان دەكرێت یا نا ئەوە بابەتێكی ترە، ئەگەری زۆریشە وەكو جاران دەستی دەستیتان پێبكەن تا دەتان بەنە بەردەم هەڵبژاردن، گۆڕان كاتی ئەوە نەماوە كاتت پێ بكوژن تا بتكوژن!"

 

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان دەشڵێت"گۆڕان نابێت شەریكە بەشی هەستانەوەیان بێت بۆ مەینەتی‌و كارەساتی خراپتر لە ئێستادا... گۆڕان دەبێت شل و مل و شەرمن و تەقلیدی نەچێتە ئەم پرۆسەیەوە، كۆبونەوە بۆ كۆبونەوە ماوە كوشتن و دەستی دەستیكردن نەبێت، سەردەمی دانوسانی كلاسیكی و تەقلیدی بەسەر چوە!."