دەقی پڕۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتیی

23-11-2017 08:20

 

پەرەگراف

 

بزوتنەوەی گۆڕان دەقی ئەو پڕۆژەیەی بڵاوكردەوە كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتیی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی حكومەت‌و پارتی‌و یەكێتی كردووە.

 

هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەمانییەكەی بەرهەم ساڵح پشتیوانیی پڕۆژەكەی گۆڕان دەكەن، وەك پێشتر پەرەگراف ئاشكرای كردبوو پڕۆژەكەی گۆڕان بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەكەم 4 مانگ‌و قۆناغی دووەم 7 مانگ دەخایەنێت‌و دواتر هەڵبژاردن دەكرێت.

 

دەقی پڕۆژەكە

 

پاش روداوەكانی‌ (16)ی‌ ئۆكتۆبەری‌ (2017) و لەدەستدانی‌ كەركوك و بەشی زۆری‌ ناوچە كوردستانییە دابرێندراوەكان و بەهێزبونەوەی‌ حكومەتی‌ فیدراڵ، هەرێمی‌ كوردستان لە قۆناغێكی‌ تەواو جیاواز و هەستیار و پڕ مەترسیدایە بۆ بەرژەوەندییەكانی‌ كورد، لەم سۆنگەیەوە بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەپێویستی‌ دەزانێت حكومەتێكی‌ كاتی‌ بەهێز و كارا و بچوككراوە بەبەشداری‌ هەمو هێزە كاریگەرەكان پێكبهێنرێت بەشێوەیەك بتوانێت هەرێمی‌ كوردستان بگوێزێتەوە بۆ كەناری‌ ئارام تا هەڵبژاردنەكانی‌ داهاتوی‌ كوردستان، داواكاری‌ و پرەنسیپە گشتییەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ كاتی‌.

 

یەكەم: پرەنسیپە گشتییەكان:

 

پێویستە حكومەتی‌ كاتی‌ حكومەتی‌ شەراكەتی‌ راستەقینەبێت و بزوتنەوەی‌ گۆڕان و هێزەكانی تر شەریكی‌ راستەقینەبن لە دەسەڵات و سەرجەم بڕیارەكاندا، بەپێی‌ ئیستیحقاقی‌ هەڵبژاردن.

 

چارەسەركردنی‌ كێشەكانی‌ نێوان حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان و حكومەتی‌ فیدراڵ لە چوارچێوەی‌ دەستوری‌ عێراق و دروستكردنی‌ وەفدێكی‌ حكومی‌ و پەرلەمانی‌ بەهێز بۆ ئەم مەبەستە.

 

پێویستە پەرلەمانی‌ كوردستان وەك مەرجەعی باڵای‌ خەڵكی‌ كوردستان رۆڵی‌ راستەقینەی‌ خۆی‌ ببینێت، بەبێ هیچ بەربەستێك هەستێت بەئەركەكانی‌ خۆی‌ لەبوارەكانی‌ یاسادانان و چاودێریكردن و بەدواداچونی‌ كارەكانی‌ حكومەتدا.

 

سەربەخۆكردن و ئەكتیڤكردنی‌ دەسەڵاتی‌ دادوەری‌ و داواكاری‌ گشتی‌ و چاودێری‌ دارایی‌ بەپێی‌ یاسا كارپێكراوەكان.

 

دوەم: ئەو ئەركانەی‌ پێویستە حكومەت لەماوەی‌ (4) مانگدا جێبەجێیانبكات:

 

1- گۆڕینی‌ سیاسەتی‌ نەوتی‌ هەرێم و داڕشتنی‌ سیاسەتێكی‌ جیاواز لەوەی‌ پێشو لە چوارچێوەی‌ دەستوری‌ عێراقدا، هەروەها جێبەجێكردنی‌ یاسای‌ نەوت و گازی‌ هەرێم و دروستكردنی‌ سندوقی‌ داهاتەنەوتییەكان و هەمو ئەو كۆمپانیایانەی‌ لەیاساكەدا هاتون.

 

2- گۆڕینی‌ سیاسەتی‌ ئابوری‌ بە ئاڕاستەی‌ چارەسەركردنی‌ قەیرانەكان و پاككردنەوەی‌ لیستی‌ موچە خۆران و لابردنی‌ موچەخۆرانی‌ وەهمی‌ و بندیوار، رێكخستنەوەی‌ باج و گومرگ و رسومات لە چوارچێوەی‌ دەستور و یاساكاندا و پێدانی‌ تەاوی‌ دەسەڵاتەكان بە وەزیری‌ دارایی‌ بۆئەم مەبەستە.

 

3- بەگژداچونەوەی‌ گەندەڵی‌ لە رێگەی‌ ئەكتیڤكردنی‌ دەستەی‌ نەزاهە و دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ و داواكاری‌ گشتی‌ بەهەماهەنگی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان.

 

4- گۆڕین و داڕشتنەوەی‌ مەلەفی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوە بەدانانی‌ ستراتیژێكی‌ نیشتیمانی‌ لەسەر بنەمای‌ بەرژەوەندی‌ هەرێمی‌ كوردستان و بونی‌ هاوسەنگی‌ لە فەرمانگەی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوە و نوێنەرایەتییەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێم.

 

5- لابردنی‌ ئاستەنگەكان و پێدانی‌ دەسەڵاتی‌ تەواو بەوەزیر و وەزارەتەكان بۆ راپەڕاندنی‌ ئەركەكانیان و هەڵوەشاندنەوەی‌ ئەو بڕیار و كارە نایاساییانەی‌ لە غیابی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان و وەزیرەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕاندا دراون.

 

سێیەم: ئەو ئەركانەی‌ پێویستە حكومەت لەماوەی‌ (7) مانگدا جێبەجێیانبكات:

 

1- كاركردن بۆ پاككردنەوەی‌ لیستی‌ دەنگدەران لەناوی‌ دوبارە و بونی‌ ئاوارە و هەمواركردنەوەی‌ یاسای‌ هەڵبژاردن بەشێوەیەك بكرێتە فرەبازنەیی‌ و كراوە، جیاكردنەوەی‌ تۆماری‌ دەنگدانی‌ پێكهاتەكان.

 

2- یەكخستن و بەنیشتمانی‌ كردنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە و رێكخستنەوەی‌ لە چوارچێوەی‌ دەستور و سیستمی‌ بەرگری‌ عێراق و پێدانی‌ تەواوی‌ دەسەڵاتەكان بەوەزیری‌ پێشمەرگە بۆ ئەم مەبەستە.

 

3- كاراكردنەوەی‌ لیژنەی‌ رەشنوسی‌ دەستوری‌ هەرێمی‌ كوردستان و چەسپاندنی‌ بنەماكانی‌ سیستەمی‌ پەرلەمانی‌ لەدەستوری‌ هەرێمدا.

 

4- چەسپاندنی‌ سیستمی‌ لامەركەزییەت لەرێگای‌ هەمواركردنی‌ یاسای‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكان و یاسا پەیوەندیدارەكانی‌ ترەوە و گەڕاندنەوەی‌ بودجە و دەسەڵاتی‌ دارایی‌ و ئیداری‌ بۆ پارێزگاكان.