فوئاد مەعسوم: دەسەڵاتەكانم بەكاردەهێنم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان

25-11-2017 05:06
د.فوئاد مەسعوم سەرۆك كۆماری عێراق. فۆتۆ؛ پەرەگراف.


پەرەگراف

 

سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، دەسەڵاتەكانی بەكاردەهێنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و ئەو لیژنەیەی لەبارەی پێشێلكارییە دەستورییەكان پێكهێنراوە پەیوەندیی بە ڕیفراندۆمەوە نییە.

 

د.فوئاد مەسعوم سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ گەیشتە سلێمانی‌و ئەوەی خستەڕوو، بۆ 3 پرس هاتووەتە هەرێم ئەوانیش؛ دۆخی ناوخۆی یەكێتیی‌و، پرسی كەركوك‌و كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێمن.

 

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەرێم‌و ناوەند چوونە دۆخێكی تەواو دژوارو حكومەتی عێراق چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش سەرباری داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەڵام عێراق سوورە لەسەرئەوەی ئامادەی گفتوگۆ نابێت تا هەرێم پابەندنەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە.

 

سەرۆك كۆماری عێراق لە سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕايگەیاند، سەردانی لایەنەكان دەكات‌و هیوادارە كێشەكان چارەسەر بكرێن، بە میدیای یەكێتی وتووە"هەوڵ‌و دەسەڵاتەكانی خۆم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەكاردەهێنم، لەئێستاشدا بارودۆخەكە بەرەو باشتر دەڕوات."

 

هەرێمی كوردستان ئەو ڕێكارانەی حكومەتی عێراق بە نادەستوری ناودەبات كە لەدوای ڕیفراندۆمەوە گرتویەتییەبەر، سەرۆك كۆماری عێراقیش كە لەسەر پشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووەو دەبێت پارێزەری دەستور بێت ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆری شەقامی كوردی بوەتەوەو بە "بێهەڵوێست" ناوی دەبەن.

 

دیارترین ڕێكارەكانی دژی هەرێم، هێرشی هێزە عێراقییەكان بوو بۆسەر كەركوك‌و دوزخورماتو و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو كە كوژران‌و برینداربوونی چەندین مەدەنییان لێكەوتەوەو هەزاران خێزانی كورد ئاوارەبوون.

 

ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەوانە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و چاودێری مافی مرۆڤ ڕاپۆرتی تایبەتیان لەبارەی پێشێلكارییەكان بڵاوكردەوەو ئامارەكانی سوتاندنی دەیان خانوو، هەڵكوتانەسەر‌و پەلاماردانی بارەگا حزبییەكان‌و تاڵانكردنی ماڵی هاوڵاتیانیان خستەڕوو.

 

سەرۆكایەتی كۆمار لیژنەیەكی پێكهێناوە دەربارەی ئەو پێشێلكارییە دەستورییانەی كراون، بەڵام لیژنەكە تایبەت نییە بە ڕووداوەكانی پەیوەست بە ڕیفراندۆم، لەوبارەیەوە فوئاد مەسعوم وتی"لیژنەیەكی سەرۆكایەتی كۆمارە پەیوەندیی نییە بە پێش ڕیفراندۆم‌و دوای ڕیفراندۆم، لەسەرەتاوە بە هەموویدا دەچێتەوە ئەوەی لە دەستوردا هەیە چ كەموكوڕییەك هەیە هەوڵبدرێت چارەسەر بكرێت."

 

هەولێرو بەغدا چەندینجار تۆمەتی پێشێلكردنی دەستوری عێراقیان ئاڕاستەی یەكتركردووە، هەرێمی كوردستان مەلەفێكی لەوبارەیەوە ئامادەكردووەو تێیدا دەڵێت، بەغدا 55 ماددەی دەستوری پێشێلكردووەو بەتایبەت ئەوانەن كە باسلە مافەكانی كورد دەكەن.

 

"كۆمەڵێك پێشێلكاری دەستووری هەن پێویستە باسبكرێن، مەبەست ئەوە نییە دژایەتی كەسێك یان لایەنێك یان وەزارەتێك بێت، بەڵكو خزمەتێكە بۆ ئێستای خەڵكی عێراق و بۆ ئاییندەش دەكرێت"سەرۆك كۆماری عێراق وای وت.