100 هەزار ناوی دووبارەو مردو لە تۆمارنامەی دەنگدەرانی هەرێم لادەبرێن

27-11-2017 11:10
كۆمسیۆن دەیەوێت متمانەی خەڵك‌و حزبەكان بۆ تۆمارنامەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆن ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەستپێكردووەو 100 هەزار ناوی دووبارەو مردو لە تۆمارنامەی دەنگدەران لادەبات، پێشنیار دەكات هەرسێ هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان پێكەوە ئەنجامبدرێن، بۆئەوەش چوار مانگی دیكە ئامادەیە پڕۆسەكە بەڕێوەببات.

 

2018 ساڵی هەڵبژاردنەو بەدەرلە هەڵبژاردنە فیدڕاڵییەكان، سێ هەڵبژاردن لە هەرێم بەڕێوەدەچن، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن 3 ملیۆن‌و 200 هەزار دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان هەیە.

 

هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، باسلەوەدەكات دەستیان بە ئامادەكاریی كردووەو خەریكی تۆماری دەنگدەرانن، لە ڕێكخستنی داتاكان‌و لابردنی ناوی مردووان‌و دەرهێنانی ناوی دووبارە‌و تەنانەت ئەوانەشی كە بەساڵاچوون وردبینییان تێدا دەكەن، بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی وتووە"دەتوانین لەماوەی چوار مانگ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدەین، واتە لە كۆتایی مانگی ئادار یان سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو."

 

بەدەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی دەكات، ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامدەدرێن، هاوكات 30ی نیسانی 2018 كۆتایی وادەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە لە ‌هەرێم، كۆمسیۆن نامەیەكی ئاڕاستەی حكومەت كردووەو ئەوەی خستوەتەڕوو پێیان باشە هەرسێ هەڵبژاردنەكە پێكەوە بكرێن.

 

سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم، دەڵێت"ئێمە دەتوانین هەرسێكیان پێكەوە ‌بكەین، كەمتر پارەی تێدەچێت، كەمتر خەڵك‌و كۆمیسیۆنیش ماندوو دەبن، هەروەها هەرسێ كرداریش بۆ ئێمە زەحمەت نابێت تا بەڕێوەیان ببەین."

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەیەوێت ئەو گومانانە بڕەوێنێتەوە كە لەسەر ناپاكیی لیستی ناوی دەنگدەران‌و پڕۆسەی هەڵبژاردن هەن، بۆئەو مەبەستە پەیڕەوێكیان ئامادەكردووە كە دەیدەنە خەڵك، میدیا، پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران‌و ئەوەی تێداخراوەتەڕوو داتاكانیان ڕێكوپێكن‌و ئەو تێبینی‌و نیگەرانییانەی هەبوون بەهەند وەریانگرتوون.

 

"ئێمە هەفتەی رابردوو پەیڕەوێكمان دەركرد، پەیڕەو لە كۆمیسیۆن وەكو یاسا وایە، ئەو پەیڕەوە كارگێڕی هەڵبژاردنی پابەند كردووە بەدەرهێنانی نزیكەی شەش هەزار ناوی دووبارە، هەروەها دەرهێنانی نزیكەی 95 هەزار ناوی مردوو، جگە لە جیاكردنەوەی ناوی دەنگەرانی تایبەت، هەروەها دەرهێنانی ناوی ئەو دەنگدەرانەی لە پارێزگاكانی تر بوون، واتە ناوی دەنگدەرانی ئاوارەكانی ناو بوو، ئەمانە هەموو لە ‌داتابەیسەكان دەرهاتوون، ئێمە ئامادەشین بۆ ئەوەی ئەو داتابەیسە لە پەرلەمان بخەینەروو بۆ ئەوەی متمانە لە ‌نێوان حزبە سیاسییەكان و ئەو تۆمارنامەیە دروست بكەین" سەرۆكی كۆمسیۆن وادەڵێت.

 

هاوشێوەی عێراق، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم پشتدەبەستێت بە داتاكانی كۆمپانیای خۆراك بۆ ئامادەكردنی لیستی ناوی دەنگدەران، هەندرێن محەمەد باسلەوەدەكات كاری جددی لەو داتایانەدا دەكەن، دەڵێت"من دڵنیام دوای ئەوەی تۆمارنامەی خۆمان دەخەینەروو، متمانەیەكی باش بەو لیست‌و داتایانە دەبێت. ئێمە ئیشی زۆر بنچینەییمان لە تۆمارنامەی دەنگدەران كردووە، لەماوەی كەمتر لە 15 رۆژ هەموو ئەو داتایانە رادەگەیەنین."

 

دەربارەی لیستی ناوی دەگدەرانی تایبەت‌و ڕێگریی لە دووبارە دەنگدانەوەیان كە لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا ڕەخنەو تێبینی لەسەر بووە، سەرۆكی كۆمسیۆن ئەوەدەخاتەڕوو، ڕێوشوێن‌و ڕێككاری جیاوازیان بۆ دەگرنەبەر.

 

هەندرێن محەمەد وتی"چەند مەسەلەیەك هەن لەوانە رێگەگرتن لە دووبارە دەنگدان و كارێك لە ‌دەرەوەی یاسا ناهێڵین، لیستەكانی ئەمان جودا دەكەینەوە، ئەوان لە بنكەی تایبەتی خۆیان دەنگ دەدەن. لە راستیدا ئێمە پێمان باشە دەنگدانی تایبەت لەگەڵ دەنگدانی گشتی لە هەمان رۆژدا ئەنجامبدرێت، هەرچەندە یاساكە رێگەمان پێنادات، بەڵام دەكرێت داوای ئەوە لە پەرلەمان بكەین، بەڵام ئەگەر نەشكرێت، ئەوا وەكو هەڵبژاردنی ساڵی 2013 دوو رۆژ پێش دەنگدانی گشتی ئەنجامبدرێت. لیستی تایبەت نزیكەی 200 هەزار دەنگدەر دەبن."

 

هەرچەندە بەپێی یاسا دەبوو هەڵبژاردن 1-11-2017 ئەنجامبدرایە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان 8 مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوەو پڕۆسەكە دواخرا، ئێستا حكومەتی هەرێم دەیەوێت بە ڕاوێژ لەگەڵ حزبەكان ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریی بكات.