فوئاد مەعسوم: ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵناوەشێتەوەو گرنگە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ

27-11-2017 01:56
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی فوئاد مەعسوم لەگەڵ بەرپرسانی كەركوك. فۆتۆ: ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆمار.

 

پەرەگراف

 

فوئاد مەعسوم لە كەركوك ڕایگەیاند، ئەركی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەو گرنگە پارێزگاری نوێ هەڵبژێرێت‌و ئەنجومەنەكە هەڵناوەشێتەوە، هاوكات باسی لە پێشێلكاریی هێزە عێراقییەكان نەكرد كە دوای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامیانداوەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پشتڕاستیان كردووەتەوە.

 

سەرۆك كۆماری عێراق كە لەپشكی كورد ئەوپۆستەی وەرگرتووە، ئەمڕۆ سەردانی كەركوكی كردو لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی‌و ئەمنیی شارەكە كۆبووەوە، دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكان كۆدەبێتەوەو دۆخی شارەكە تاوتوێ دەكەن.

 

ئەوە یەكەم سەردانی فوئاد مەعسومە بۆ كەركوك لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە هێزە عێراقییەكان كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانیان كۆنتڕۆڵ كرد، فوئاد مەعسوم وتی، لەگەڵ "پارێزگار"و بەرپرسانی دیكە كۆبوومەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ڕاكان سەعید جبوری كە بەبڕیاری حكومەتی ناوەندیی كراوەبە پارێزگار بە وەكالەت، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا نەجمەدین كەریم خۆی بە پارێزگاری شەرعیی دەزانێت.

 

فوئاد مەعسوم، ئاماژەی بەوەكرد پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوەو پارێزگارێكی نوێ هەڵبژێرێت‌و لەگەڵ پێكهاتەكانی ناو ئەنجومەن ئەو پرسە تاوتوێ دەكات، وتی"گرنگی ئەنجومەنی پارێزگا لەوەدایە ئەوان دەتوانن پارێزگار هەڵبژێرن. ئەنجومەنەكە وەكخۆی دەمێنێتەوە تا هەڵبژاردن‌و هەڵناوەشێتەوە."

 

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا سەرۆك كۆماری عێراق، لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی 16ی ئۆكتۆبەر، تەنها ئەوەندەی وت، هیوادارە ئاسەواری ئەو ڕووداوانەی 16ی ئۆكتۆبەرو ڕۆژانی دواتری نەمێنن‌و كاریگەرییان نەبێت بۆسەر پێكەوە ژیان لەشارەكە، وتیشی"پێویستە بناغەیەكی نوێ دابنێین بۆ پێكەوەژیان" بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە پێشێلكاریی هێزە عێراقییەكان‌و زیانە گیانی‌و مادییەكانی خەڵك بەتایبەت كوردانی كەركوك‌و خورماتوو بكات كە سەرباری بەرپرسانی كورد، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پشتڕاستیان كردووەتەوە.

 

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەرێم‌و ناوەند چوونە دۆخێكی تەواو دژوارو حكومەتی عێراق چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، هەرێم ئەو ڕێكارانەی عێراق بە نادەستوری ناودەبات بەتایبەت بەكارهێنانی هێزی سەربازیی، سەرۆك كۆماری عێراقیش كە لەسەر پشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووەو دەبێت پارێزەری دەستور بێت ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆری شەقامی كوردی بووەوەو بە "بێهەڵوێست" ناوی دەبەن.

 

دیارترین ڕێكارەكانی دژی هەرێم، هێرشی هێزە عێراقییەكان بوو بۆسەر كەركوك‌و دوزخورماتو و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو كە كوژران‌و برینداربوونی چەندین مەدەنییان لێكەوتەوەو هەزاران خێزانی كورد ئاوارەبوون.

 

ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەوانە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و چاودێری مافی مرۆڤ ڕاپۆرتی تایبەتیان لەبارەی پێشێلكارییەكان بڵاوكردەوەو ئامارەكانی سوتاندنی دەیان خانوو، هەڵكوتانەسەر‌و پەلاماردانی بارەگا حزبییەكان‌و تاڵانكردنی ماڵی هاوڵاتیانیان خستەڕوو.

 

فوئاد مەسعوم دوێنێ گەڕایەوە هەرێمی كوردستان‌و ئەوەی خستەڕوو، بۆ 3 پرس هاتووە ئەوانیش؛ دۆخی ناوخۆی یەكێتیی‌و، پرسی كەركوك‌و كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێمن.

 

سەرۆكایەتی كۆمار لیژنەیەكی پێكهێناوە دەربارەی ئەو پێشێلكارییە دەستورییانەی كراون، بەڵام لیژنەكە تایبەت نییە بە ڕووداوەكانی پەیوەست بە ڕیفراندۆم، لەوبارەیەوە فوئاد مەسعوم دوێنێ وتی"لیژنەیەكی سەرۆكایەتی كۆمارە پەیوەندیی نییە بە پێش ڕیفراندۆم‌و دوای ڕیفراندۆم، لەسەرەتاوە بە هەموویدا دەچێتەوە ئەوەی لە دەستوردا هەیە چ كەموكوڕییەك هەیە هەوڵبدرێت چارەسەر بكرێت."

 

هەولێرو بەغدا چەندینجار تۆمەتی پێشێلكردنی دەستوری عێراقیان ئاڕاستەی یەكتركردووە، هەرێمی كوردستان مەلەفێكی لەوبارەیەوە ئامادەكردووەو تێیدا دەڵێت، بەغدا 55 ماددەی دەستوری پێشێلكردووەو بەتایبەت ئەوانەن كە باسلە مافەكانی كورد دەكەن.

 

"كۆمەڵێك پێشێلكاری دەستووری هەن پێویستە باسبكرێن، مەبەست ئەوە نییە دژایەتی كەسێك یان لایەنێك یان وەزارەتێك بێت، بەڵكو خزمەتێكە بۆ ئێستای خەڵكی عێراق و بۆ ئاییندەش دەكرێت"سەرۆك كۆماری عێراق وای وت.