وتەبێژی پارتی: هەڵوەشانەوەی حكومەت كێشەی گەورە دروست دەكات

28-11-2017 05:02
كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان(لە وێنەكەدا فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمانە، ئێستا گۆڕاوە بە بێگەرد تاڵەبانی).

 

پەرەگراف

 

پارتی دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێم كێشەیەكی گەورە دروستدەكات‌و سەرقاڵی دیراسەكردنی پڕۆژەكەی بزوتنەوەی گۆڕانن كە خاڵی سەرەكیی ئەو داواكارییەیەو دواتر وەڵامیان دەدەنەوە.

 

لە درێژەی سەردانی شاندێكی باڵای حكومەت بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆلای حزبەكان بەمەبەستی كۆكردنەوەی پاڵپشتیی بۆ حكومەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان‌و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، ئەمڕۆ شاندەكە لەگەڵ پارتی‌و شیوعی‌و زەحمەتكێشان كۆبووەوە، هەفتەی ڕابردووش لە سلێمانی لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی‌و سۆسیالیست كۆبووەوە.

 

دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكومەت، مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستەڕوو، هەوڵدان بۆ یەكڕیزی‌و چۆنێتی چارەسەری كێشەكان باسكراون.

 

هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح‌و یەكگرتوو پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی بە چارەسەر دەزانن بۆ دۆخی ئێستای هەرێم، ئەو لایەنانە لەدوای پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەیان، چەند جارێك بە فەرمیی ئەو داوایەیان كردووە، بەڵام پارتی لەگەڵیدا نییە.

 

وتەبێژی فەرمیی پارتی ئەوەدەخاتەڕوو، هەموو ئەو پێشنیارانەی دەربارەی چارەنوسی حكومەتی ئێستا دەخرێنەڕوو قابیلی گفتوگۆن هەرلە، حكومەتی كاتیی، حكومەتی ڕزگاریی نیشتمانی‌و بچوككردنەوەی حكومەت.

 

مەحمود محەمەد هەڵوێستی ڕوونی پارتی خستەڕوو كە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی حكومەت‌و پێكهێنانی كابینەیەكی نوێدا نییە، وتی"هێشتنەوەی حكومەت‌و پاڵپشتیكردنی بەشێكە لەو ئاسانكارییانەی دەكرێن بۆئەوەی زیاتر بەرەنگاری تەحەدییەكان ببنەوە، چونكە ئێستا هەڵوەشانەوەی حكومەت كێشەیەكی گەورە دروستدەكات‌و بۆشاییەك دروستدەكات."

 

وتەبێژەكەی پارتی باسیلەوەشكرد، كاتێك حكومەت هەڵوەشێتەوە زۆری پێدەچێت تاوەكو دەتوانن حكومەتێكی دیكە دروستبكەن، وتی"لەلایەكی دیكە لەسەر چۆنێتی نوسینی بەرنامەی ئەو حكومەتە چۆن ڕێكدەكەوین بەتایبەت دوای ئەوەی كۆمەڵێك ڕایەڵەی دەستێوەردانی دەرەكی هاتووەتەناو كوردستان‌و ئەوە وادەكات كێشە لەوانەیە گەورەتربێت لەسەر ڕیزبەندیی ئەولەویاتەكانی كارەكانی ئەو حكومەتەی دادێت."

 

پارتی‌و گۆڕان لەماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و كۆبوونەوە نەیتوانیوە یەكیان بخات‌و بیانگەیەنێتە ڕێككەوتن، ئێستا چارەسەری كێشەكانی نێوانیان گرێداوە بە چارەنوسی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم‌و گۆڕان پڕۆژەیەكی ڕاگەیاندووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتیی.

 

پارتی كە پڕۆژەكەی گۆڕانی وەرگرتووە لە ئێستادا سەرقاڵی دیراسەكردنیەتی‌و دواتر وەڵامی دەداتەوە، وەك وتەبێژەكەیان وتی.

 

لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی حزبەكان لەسەر چارەنوسی كابینەی ئێستای حكومەت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتێكی نزیكدا پێشنیاری زۆربەی حزبەكانەو پارتیش هەمان ڕای هەیە.

 

مەحمود محەمەد، تەئكیدی لەوەكردەوە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن پێویستی بە كۆدەنگیی هەیە، ئەوەی خستەڕوو ئەوان پێیانباشە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق مانگی 5ی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

 

ئەوە لەكاتێكدایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەستپێكردووەو 100 هەزار ناوی دووبارەو مردو لە تۆمارنامەی دەنگدەران لادەبات، پێشنیاریش دەكات هەرسێ هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان پێكەوە ئەنجامبدرێن، بۆئەوەش چوار مانگی دیكە ئامادەیە پڕۆسەكە بەڕێوەببات.