سەڵاحەدین بەهادین: بەرەوپێشچوون هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم‌و توركیا

28-11-2017 06:47
سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

سەڵاحەدین بەهادین ڕایگەیاند، بەرپرسانی خاوەن بڕیارو كاریگەری توركیای بینیوەو تاڕادەیەكی دڵخۆشكەر بەرەوپێشچوون هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و توركیا.

 

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی دوای سەردانێكی چەند ڕۆژی بۆ توركیا، ئەمڕۆ گەڕایەوە هەرێمی كوردستان‌و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا زانیاریی لەبارەی سەردانەكەی خستەڕوو.

 

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو ئەنقەرە چوونە دۆخێكی گرژو توركیا كە هەرلەسەرەتاوە دژی ڕیفراندۆم بوو چەندین هەڕەشەی ئاڕاستەی هەرێم كرد، سەردانەكەی سەلاحەدین بەهادین یەكەم سەردانی سەركردەیەكی كوردە بۆ توركیا لە دوای ڕیفراندۆم.

 

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەهۆی ئەو باكگراوندە ئاینییەی هەیەتی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كەسایەتییە ئیسلامییەكان‌و بەرپرسانی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا هەیە، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا وتی"ئەركی ئێمەیە پەیوەندییەكانمان بخەینەكارو تاڕادەیەكی باش پێشكەوتن لە ئەركەكەماندا هەبوو."

 

سەلاحەدین بەهادین وتیشی"پێَمانخۆشبوو دڵخۆشتان كەین بەوەی سەردانێكی سەركەوتوو بوو كەسانی بڕیاربەدەست‌و كاریگەرمان بینیوەو بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا دەربارەی پێشهاتەكان‌و چاككردنەوەی ئەو دابڕانەی دروستبووەو ئومێدەوارین هەنگاوێكی ئیجابی بێت بە ئاڕاستەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا."

 

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئامادەنەبوو ناوی ئەو بەرپرسانەی توركیا ئاشكرا بكات كە لەگەڵیاندا كۆبووەتەوە، بەڵام وتی، لە گەڵ بەرپرسانی حزبی ئاكپارتی(حزبی دەسەڵاتدار)‌و پەرلەمانتاران‌و بەرپرسی حكومیی دیداری هەبووە.

 

دەربارەی ڕیفراندۆم‌و بەشدارییكردنیان، سەلاحەدین بەهادین وتی"بۆ تەعبیركردن لە بوونی خۆمان ئامادەبووین بۆ ڕیفراندۆم‌و جێی شانازییە، دەشبێت ئامادەبین بۆ چارەسەری ئاسەوارە سلبیی‌و باجەكانی، یەكگرتوو خۆی نادزێتەوە لە بەرپرسیارێتی" وتیشی"لە هەموو خیانەت‌و فێڵ لەخۆكردن‌و فێڵ لەمیللەتكردنێك دوورین."

 

ئەمینداری یەكگرتوو باسیلەوەشكرد، ڕیفراندۆم تاوان نییەو لێكحاڵی نەبوون‌و هەڵە لە تەكنیك‌و ئەنجامدانی كارەكان گەیشتە ئەوەی لێكدابڕان دروست ببێت.

 

بەرلە ڕیفراندۆم‌و لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەت پارتی دیموكرات پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیا هەبوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پارتی ساڵی 2013 ڕێككەوتنێكی 50 ساڵەی لەگەڵ توركیا واژۆكرد دەربارەی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی ئەو وڵاتە.

 

هەرچەندە توركیا هاوشانی ئێران هەرلە سەرەتاوە دژی ڕیفراندۆم بوو، بەڵام هەنگاوی كرداریی دژی كوردستان نەناو دەروازە سنورییەكانی دانەخست، بەڵام ئێران دەروازەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست‌و یەكەم وڵات بوو ڕۆژێك بەرلە ڕیفراندۆم ئاسمانی وڵاتەكەشی بەڕووی گەشتی فڕۆكەخانەكانی هەرێمدا داخست.