قادری حاجی عەلی ڕەخنەی تووند لە بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت

28-11-2017 09:04
قادری حاجی عەلی كەسایەتی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

قادری حاجی عەلی كەسایەتی دیاری گۆڕان نامەیەك ئاڕاستەی بەرپرسانی بزووتنەوەكەی دەكات‌و تێیدا ڕەخنەی تووندیان لێدەگرێت بەهۆی كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی لەژێرناوی سەركردایەتی هاوبەش‌و ئەو كۆبوونەوەیە بە "گەورەترین سوكایەتی كردن بە هەموو هەڵسوڕاوان‌و دەنگدەرانی گۆڕان" ناودەبات.

 

نامەكەی قادری حاجی عەلی 22ی ئەم مانگە(هەمان ڕۆژی كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان) ئاڕاستەی خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كراوە، چەند هەڵسوڕاوێكی گۆڕان لە فەیسبوك دەقی نامەكەیان بڵاوكردووەتەوەو پەرەگراف لە 3 سەرچاوەی ئاگادارەوە لەناو گۆڕان دروستیی نامەكەی پشتڕاست كردەوە.

 

ئەو كەسایەتیە دیارەی گۆڕان لە نامەكەیدا دەڵێت"كەس پێی ناخۆش یان خراپ نییە كۆبونەوە لەگەڵ هەر لایەنێك بكرێت بەیەكێتیشەوە، بەڵام نەك لەژێر ناونیشانی(سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان) چونكە یەكێتی ئامادەنییە ڕێز لەئیمزای خۆی‌و ڕەوانشاد نەوشیروان مستەقا بگرێت‌و ئامادەنەبێت تەنها یەك خاڵ لە رێككەوتنی نێوانمان جێبەجێ بكات، ئامادەش نەبێت رێككەوتنی پێشتر بۆ دەستاودەست كردنی زۆربەی پۆستەكانی گۆڕان لەسنوری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ بكات."

 

ئەو كۆبوونەوەیەكی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی نیگەرانیی زۆری لەناو بەرپرسان‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان دروست كردبوو، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد نیگەرانییەكان خانەی ڕاپەڕاندنی گرتوەتەوە كە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بزوتنەوەكەیە‌و هەریەكە لە عوسمانی حاجی مەحمودو شۆڕش حاجی ئەندامانی خانەكە دژی كۆبوونەوەكە بوون.

 

ئەو كۆبوونەوەیە دوای چەند مانگێك ساردیی لە پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی بوو، ناڕازییەكانی ناو گۆڕان پێیانوایە، یەكێتی دەیەوێت گۆڕان بەكاربهێنێت‌و "كەسابەت"ی پێوەبكات، لەكاتێكدا لەدوای ڕێككەوتنی سیاسی ئەو دوو حزبە لە 17-5-2016وە یەكێتی لەچەندین وێستگەی گرنگدا گۆڕانی بەجێهێشتووەو بە پێچەوانەوە هەڵوێستی وەرگرتووە.

 

قادری حاجی عەلی لە نامەكەیدا هەنگاوەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی باسكردووە كە پێچەوانەی ئیرادەی گۆڕان بوون‌و بە شكاندنی خاڵەكانی ڕێككەوتنی نێوانیان ناوی دەبات، دەربارەی ڕێككەوتنەكەشیان دەڵێت"چیتر هیچ نرخ‌و بایەخێكی نەماوە."

 

لە بەشێكی دیكەی نامەكەیدا قادری حاجی عەلی نوسیویەتی"ئالەم بارودۆخەی یەكێتیدا وەها كۆبونەوەیەك جگە لەسوودی بۆ لایەنێكی تایبەتیان وە دروستكردنی كارتی فشار بەرامبەر پارتی بۆ دەسكەوتی زیاتر هەروەكو كۆبونەوەكانی پێشتریان هیچی تر نییە. بۆیە پێتان ڕادەگەێنم كەچیتر ئامادە نیم بەرگری لە هەنگاوە هەڵەكانتان بكەم كە سوكایەتیە بە بزوتنەوەی گۆڕان كە سوریش بزانم جگە لە جێبەجێكردنی ئەجندایەكی ناو یەكێتی هیچیتر نییە، بەرگری لەسەركردایەتیەكی وا ناكەم كە نەبەرژەوەندی خۆی‌و نەهی بزوتنەوەكەی‌و نەهی دەنگدەرەكانی‌و نەهی خەڵكی كوردستانیش لەبەرچاو ناگرێت."

 

هەرچەندە قادری حاجی عەلی ئەندام نییە لە دامەزراوە باڵاكانی گۆڕان، بەڵام كەسایەتییەكی دیارەو كاریگەریی هەیە بەسەر بەشێك لە بەرپرسانی باڵای گۆڕان، هاوكات لە ڕێكخستنەوەی گۆڕاندا لە مانگی 7ی ئەمساڵ یەكێك بوو لە كاندیدانی پۆستی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەو بە ئاڕاستەیەكی جیاوازەوە لە ململانێدا بوو لەگەڵ عومەری سەید عەلی، دواتر بەخواستی خۆی كشایەوە. 

 

قادری حاجی عەلی لە نامەكەیدا هەروەها ڕەخنەی لە كۆبوونەوەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی گرتووەو بەبێ بەرنامەو بێ ئەنجام ناوی بردوون‌و دەڵێت"پارتی زیرەكانە راتاندەكێشێ بۆ هێوركردنەوەی ناڕەزاییەكان‌و روو سپی كردنەوەی خۆیان، ئێوەش بێباكن لە هەڵسوڕاو و دەنگدەرەكانتان كەلەراستیدا ئەمە بۆتە مایەی نیگەرانی گشتی."

 

ئەو كەسایەتییە دیارەی گۆڕان، هۆشداریی دەدات كە ئەو كارو كۆبوونەوانەی گۆڕان دەبێتە مایەی لاوازكردنی بزوتنەوەكەو بێ ئومێد كردنی دەنگدەرەكانی‌و ئۆباڵەكەشی دەخاتە ئەستۆی خانەی ڕاپەڕاندن‌و هەردوو جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی گۆڕان.

 

بەرپرسانی گۆڕان كە پێشتر بۆ پەرەگراف قسەیانكرد‌و داوایانكرد ناویان ئاشكرانەكرێت، باسیان لەوەكرد ئەنجامدانی كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی بە هەوڵی چڕی محەمەد تۆفیق ڕەحیم ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بووەو پێیوابووە گرنگە پشتیوانیی بۆ پڕۆژەكەیان فراوان بكەن كە داوای حكومەتی كاتیی دەكات‌و ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكان.

 

محەمەد تۆفیق ڕەحیم، دەربارەی كۆبوونەوەكەیان، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، كۆبوونەوەكە بۆ ئەوپڕۆژەیەی گۆڕان بووە لەبارەی ئەو حكومەتە نوێیەی كە بە پێویستی دەزانن لەئێستادا دروستبكرێت، وتی"بۆئەوەی ئەم قەیرانانە بەڕێوەبەرێت‌و ئامادەكاریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكات‌و تۆماری دەنگدەران پاكبكاتەوە."

 

محەمەد تۆفیق ڕەحیم، نیگەرانییە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكەیانی لە كۆبوونەوەكە بە ئاسایی ناوبرد، لە وەڵامی ئەوەی تاچەند نیگەرانییەكان بەهەند وەردەگرن؟ وتی"ئاساییە، ئێمە لەم قۆناغەدا ئەوەی لە هەرێم ڕوودەدات‌و بەسەر هەرێم هاتووە لەهەموو شتێك گرنگترە بتوانین چارەسەری بكەین."

 

دەربارەی بوونی نیگەرانیی لەناو خانەی ڕاپەڕاندن، محەمەد تۆفیق ڕەحیم تەنها وتی"ئاگادارنیم."

 

ئەو كۆبوونەوەیە دوای ئەوەهات لە چەند مانگی ڕابردوودا كەچەندین ڕووداوی گرنگ لە هەرێمی كوردستان ڕوویاندا، هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان گۆڕان‌و یەكێتیدا نەبوو، ئەو دوو حزبە لە چەندین پرسدا بە پێچەوانەی یەكترییەوە هەڵوێستیان وەرگرت، بەرپرسانی گۆڕان بەردەوام یەكێتییان تۆمەتبار دەكرد بە شكاندنی ڕێككەوتنی نێوانیان‌و جێبەجێ نەكردنی خاڵەكانی.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلول‌و پێكهێنانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق‌و دواتر گۆڕینی ناوەكەی بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان، لەدیارترین ئەو پرسانە بوون كە گۆڕان‌و یەكێتی بە پێچەوانەی یەكترییەوە هەڵوێستیان تێدا وەرگرت، تەنانەت گۆڕان ئامادەنەبوو پێشوازی لە وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بكات لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.

 

هەروەها كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان ویستی لەڕێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ یەكێتی ڕیفراندۆم لەژێر دەستی مەسعود بارزانی دەربهێنێت‌و بیخاتە ژێردەستی پەرلەمان، یەكێتی شكستی بە هەوڵەكەی هێنا.