دورخستنەوەی چەند ڕۆژنامەنوسێك لە دەزگای خەندان ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

29-11-2017 05:37
لۆگۆی دەزگای خەندان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

دەزگای خەندان، بەپاساوی قەیرانی دارایی ژمارەیەك ڕۆژنامەنوس لەكارەكانیان دووردەخاتەوەو یەكلایەنە موچەی ئەوانەش كەمدەكاتەوە كە دەمێننەوە‌و لە بەرامبەردا كاتژمێری كاركردنیان زیاد دەكات، ئەوەش ناڕەزایی لێكەوتۆتەوەو ڕۆژنامەنوسان ڕەخنە لە بەرهەم ساڵح خاوەنی دەزگاكەو بەرپرسانی دیكە دەگرن.

 

دورخستنەوەی ڕۆژنامەنوسانی خەندان كە وەك خۆیان دەڵێن، نزیكی 10 كەسن‌و تێیاندایە "مانگێكە دەستبەكار بووە"، خراوەتە چوارچێوەی هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی خەرجیی بۆ بەرگەگرتنی قەیرانی دارایی، بەڵام ئەوە لەكاتێكدایە ئەو دەزگایە سەرەتای مانگی 9ی ئەمساڵ هەلی كاركردنی ڕاگەیاند بۆ كەناڵێكی تەلەفزیۆن‌و نزیكەی 700 سیڤی وەرگرتووە بۆ دامەزراندن‌و بەردەوامە لە وەرگرتنی سیڤی.

 

بەرپرسانی خەندان ڕەتیدەكەنەوە قسە لەبارەی دورخستنەوەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەو ڕێوشوێنە نوێیەكانیان بكەن، سەندیكای ڕۆژنامەنوسانیش داوا دەكات ڕۆژنامەنوسان سەردانیان بكەن‌و پەنا بۆ یاسا ببەن.

 

ڕۆژنامەنوسانی خەندان چۆن دورخرانەوە؟

 

دەزگای خەندان كە بەرهەم ساڵح خاوەندارێتیی دەكات لە ماڵپەڕێك‌و ڕادیۆیەك پێكدێت، دورخستنەوەی ڕۆژنامەنوسان هەردوو میدیاكەی گرتۆتەوە‌و ڕۆژی 27ی ئەم مانگە دوای كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی دەزگاكە بڕیاری دورخستنەوەی چەند كەسێكیان پێڕاگەیەندراوە.

 

ڕۆژنامەنوسە دورخراوەكان‌و ئەوانەی ئێستا لە خەندان كاردەكەن نیگەرانن لە ڕێوشوێنە نوێیەكان، بۆ پەرەگراف قسەیانكردو داوایان كرد ناویان ئاشكرا نەكرێت، باسیانلەوەكرد لەو كۆبوونەوەیەدا سلێمان عەبدوڵا یونس كە كەسی یەكەمی دەزگاكەیە باسی لە خراپی دۆخی دارایی كردووەو بڕیاری كەمكردنەوەی كارمەندی بۆئەو هۆكارە گەڕاندووەتەوە.

 

"لەكۆبوونەوەكەدا كاك سلێمان وتی بەهۆی قەیرانی داراییەوە 15 بۆ20 كەس لەم ستافە بەجێمان دەهێڵن، ئەوانەشی دەمێننەوە چەند مەرجێكیان بۆ دانان‌و زیادكردنی كاتژمێری كاركردن بۆ 8 كاتژمێرو كەمكردنەوەی موچەكانمان پێوترا بەجۆرێك بەرزترین موچە دەبێت بە 700 هەزار دینار" ڕۆژنامەنوسێكی خەندان وای وت.

 

لەماوەی ساڵێكدا ئەوە سێیەم كەمكردنەوەی مووچەو دووەم پڕۆسەی دروخستنەوەی ڕۆژنامەنوسانە لە دەزگای خەندان، ڕۆژنامەنوسێكی خەندان وتی"ئەوانەی ماونەتەوە یەكلایەنە دەزگاكە گرێبەستەكەیان هەڵدەوەشێنێتەوەو لە گرێبەستی نوێدا موچەیان كەمدەكرێتەوەو كاتژمێری كاریان زیاد دەكرێت، بێمنەتیشیان پیشانداوە كە هەركەسێك ناڕازییە دەتوانێت وازبهێنێت."

 

ڕۆژنامەنوسە دورخراوەكان دوو موچەیان لای دەزگاكە ماوە، موچەیەكیان هی ناوەڕاستی ئەمساڵەو موچەیەكی دیكە ئەم مانگەیە، ئەوەش یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە نایانەوێت بەناوی خۆیانەوە قسەبكەن لەترسی "فەوتان"ی موچەكانیان.

 

ڕەخنەیەكی ئەو ڕۆژنامەنوسانە ئەوەیە پێشوەخت ئاگادار نەكراون لەبڕیاری دورخستنەوەیان، یەكێكیان وتی"27ی مانگ نیوەڕۆكەی كۆبوونەوەكە كرا بۆئێوارە پێیان وتین كە دورخراوینەتەوە، لەكاتێكدا بەپێی گرێبەستەكە كە لەمانگی 7 واژۆمان كردووە بەڵام هێشتا لای خۆیانە، دەبێت پێش 15 ڕۆژ ئاگادار بكرێینەوە كە دەستبەردارمان دەبن."

 

هەروەها دورخراوەكان پێیانوایە، دادپەروەری لە بڕیاری دورخستنەوەیاندا نەبووەو نازانن بە چ پێوەرێك ئەوانی گرتوەتەوەو ڕۆژنامەنوسانی دیكەی نەگرتوەتەوە، "ئەوانەی دورخراونەتەوە تێیاندایە زۆر لەوانە باشترن كە ماونەتەوە."

 

دوای دورخستنەوەی ئەو ڕۆژنامەنوسانە، هێشتا شوێنەكانیان پڕنەكراوەتەوەو وەك ڕۆژنامەنوسانی خەندان دەڵێن، ئەوكارە "بۆشایی دروستكردووەو پێشتر پلان دانەنراوە بۆ شوێن گرتنەوەیان."

 

سەرەتای ئەمساڵیش هەربەهۆی قەیرانی داراییەوە ژمارەیەك ڕۆژنامەنوس لە خەندان دورخرانەوە، هەرچەندە بڕیاربووەو بەڵێنیان پێدراوە دوای دورخستنەوەیان موچەیەك بەو ڕۆژنامەنوسانە بدرێت، بەڵام تائێستا پێیان نەدراوە.

 

ئەو هەنگاوەی خەندان بەرامبەر كارمەندەكانی ئەنجامیداوە، لەسێ‌ ساڵی ڕابردوودا لەزۆربەی دەزگا ڕاگەیاندنەكانی كۆمپانیا‌و حزبەكانی تردا دوبارەبۆتەوە.

 

ڕەخنە لە بەرهەم ساڵح دەگرن

 

ڕۆژنامەنوسانی خەندان ڕەخنە لە بەرهەم ساڵح دەگرن كە خاوەنی دەزگاكەیەو بە "كەمتەرخەم" ناوی دەبەن لە بەدەمەوەچوون‌و باش بەڕێوەبردنی دەزگاكەی.

 

یەكێك لە ڕۆژنامەنوسە دورخراوەكان دەڵێت"ئەو ڕەخنەو تێبینییانەی د.بەرهەم لەسەر ئیدارەدانی یەكێتی هەیەتی لەوە زیاتر لەناو خەنداندا هەیە كە دەزگایەكی خۆیەتی‌و زۆر بچوكە بۆ كۆنتڕۆڵكردن‌و ئیدارەدانێكی سەركەوتوو."

 

وەك ڕۆژنامەنوسانی خەندان باسیدەكەن، لەناو دەزگاكەو لەناو خۆیاندا زۆرجار گفتوگۆی ئەوەیان كردووە كە بۆچی بەرهەم ساڵح ناتوانێت دەزگاكەی بە باشی بەڕێوەببیات، ڕۆژنامەنوسێكی دیكەی دورخراوەو ڕۆژنامەنوسێكیش كە ئێستا لە خەندانە، ئەو ڕەخنانەی سەر بەرهەم ساڵح بە"دروست‌و واقیعی" ناودەبەن.

 

بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی‌و ئەو ڕەخنانەی لە بەڕێوەبردن‌و دارایی یەكێتی هەیبوو، لەو حزبە جیابووەوەو سەرەتای مانگی ڕابردوو بەفەرمیی قەوارەیەكی نوێی بەناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری) ڕاگەیاندو لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات.

 

بۆ پشتیوانیی قەوارەكەی، بەرهەم ساڵح دەزگا میدیاییەكەی فراوان دەكات، هەرچەندە سەرەتا بەرپرسانی ئەو قەوارەیە باسیان لەوەدەكرد كە كەناڵێكی ئاسمانیی دەكەنەوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەكەیان گۆڕیوە بۆ فراوانكردنی خەندان‌و بایەخدان بە وێب تیڤی، بۆئەوەش پێویستیان بە ژمارەیەك ڕۆژنامەنوس‌و كارمەندی نوێ دەبێت.

 

بۆ وەرگرتنی بۆچوونی بەرپرسانی دەزگاكەو زانیاریی زیاتر، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە سلێمان عەبدوڵا یونس كەسی یەكەم‌و سەرۆكی بۆردی بەڕێوەبردنی خەندان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە، هاوكات كاروان گەزنەیی بەڕێوەبەری خەندان ڕەتیكردەوە قسەلەسەر ئەو پرسە بكات‌و وتی"وەكو خەندان هیچ لێدوانێكمان لەوبارەیەوە نییە."

 

 

ڕاگەیاندنی هەلی كار لە دەزگای خەندان، 4-9-2017.

 

سەندیكا داوا دەكات سكاڵا تۆماربكەن

 

سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان ئاگاداری دورخستنەوەی ڕۆژنامەنوسەكانی خەندانە، بەڵام هێشتا بە فەرمیی نەچوونەتە لایان‌و داوادەكەن سەردانیان بكەن‌و سكاڵا تۆماربكەن.

 

كاروان ئەنوەر، بەرپرسی لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، هەندێك لە ڕۆژنامەنوسانی خەندان پەیوەندییان پێوەكردووە، وتی"یەكێكیان وتی پێیانوتوین دەتوانین داتان بنێینەوە بەموچەی كەمترو دەوامی زیاتر، دوو سێ شت بەمن گەیشتووە هەتا بە فەرمیی نەیەنە ئێرە ناتوانین هیچیان بۆ بكەین."

 

بەرپرسی لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان تەئكیدی كردەوە پێویستە ئەو حاڵەتانە بكرێنە كەیسی یاسایی‌و داوای لە ڕۆژنامەنوسان كرد بەدەم كێشەكانیانەوە بچن تاوەكو بیكەن بە كەیسی یاسایی، وتیشی"ئەگەر گرێبەستیان تەواوبووبێت كەناڵەكە دەتوانێت دەستبەرداریان ببێت، بەڵام ئەگەر وابێت كە خۆیان پێیانوتوون وەرنەوە گرێبەستتان بۆ نوێ دەكەینەوە، بەڵام بەمەرجی كەمكردنەوەی موچەو دەوامی زیاتر ئەوە زۆر ناهەقییە بەرامبەریان، ئەوكات ئێمە ناچاردەبین پارێزەریان بۆ بگرین‌و دادگایان لێبگرین."