نێچیرڤان بارزانی قۆناغی دوای ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند

02-12-2017 04:36
پێشوازیی سەرۆكی فەڕەنسا لە نێچیرڤان بارزانی لە كۆشكی ئێلیزێ، 2-12-2017. وێنە؛ ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف

 

نێچیرڤان بارزانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا قۆناغی دوای ڕیفراندۆمی ڕاگەیاندو دەڵێت، دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا كێشەكان چارەسەر بكەن، سەرۆكی فەڕەنساش پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ مافەكانی كورد دووپاتدەكاتەوەو و داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستورو هەڵوەشانەوەی میلیشیاكان دەكات بە حەشدی شەعبیشەوە.

 

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا لە كۆشكی ئێلیزێ پێشوازیی لە شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی كردو دوای كۆبوونەوەیان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

 

ئەوە یەكەم سەردانی شاندی باڵای هەرێمە بۆ دەرەوە لەدوای ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول كە دۆخێكی سەختی لە كوردستان دروستكردو بەغدا چەندین ڕێكاری تووندی دژی هەرێم گرتەبەر.

 

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، سەرۆكی فەڕەنسا ئاماژەی بە دۆستایەتی وڵاتەكەی‌و گەلی كوردستان كردو سوپاسی پێشمەرگەی كرد بۆ هاوبەشییان لە شەڕی دژی تیرۆر، وتی"پشتیوانیی مافەكانی گەلی كورد دەكەین لە چوارچێوەی عێراقداو كوردستانێكی یەكدەنگ دەبێتە هۆی سەقامگیری لە ناوچەكە."

 

شاندی هەرێم‌و سەرۆكی فەڕەنسا دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم‌و كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدایان تاوتوێ كرد، فەڕەنسا تەئكیدی لە دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هەرێم‌و بەغدا كرد بۆ چارەسەری كێشەكان، ماكرۆن ئەوەی خستەڕوو، دەرئەنجامی گفتوگۆكانی لەگەڵ شاندی هەرێم بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەگەیەنێت‌و بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ.

 

سەرۆكی فەڕەنسا وتیشی"دەبێت ماددەی 140 لە ناوچە جێناكۆكەكان جێبەجێ بكرێت، دەبێت هیچ میلیشیایەك لە عێراق نەمێنێت بە حەشدی شەعبیشەوە."

 

حكومەتی عێراق دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش سەرباری داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەڵام عێراق سوورە لەسەرئەوەی ئامادەی گفتوگۆ نابێت تا هەرێم پابەندنەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە.

 

هەر لەمیانی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ڕیفراندۆم وتی"بەنیسبەت ڕیفراندۆم لە قۆناغێكی نوێداین‌و ئەو بابەتە تەواو بووەو ئێمە ڕای خۆمان دەربڕیوە وەك حكومەتی هەرێم‌و ڕێزمان لە ڕاكانی دادگای فیدراڵ گرتووە، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە دەمانەوێت سەقامگیریی لە عێراق هەبێت یان نا؟ ئێمە دەمانەوێت لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا كێشەكانمان لەسەر بنەمای دەستور لەگەڵ عێراق چارەسەر بكەین‌و ئەو پابەندبوونەشمان بە جەنابی سەرۆك ڕاگەیاندووە(مەبەستی ماكرۆنە) كە ئامادەین بۆ هاوكاریی بەغدا بەپێی دەستور لە پرسی تەواجودی ئەوان لەخاڵە سنورییەكان."

 

ئەوە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق چاوەڕوانی هەڵوێستی ڕوونی هەرێمی كوردستانە بۆ قبوڵكردنی هەڵوەشانەوەی دەرئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان كە زیاتر لەسەدا 92ی بەشداربووان دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ جیابوونەوە لە عێراق‌و دواتر دادگای فیدڕاڵی بە نادەستوریی لەقەڵەمیداو بڕیاری هەڵوەشانەوەیدا.

 

نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی كە دەربارەی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئاڕاستەی دەكرێن خۆی بە دوور دەگرێت لە وتنی ڕوونی هەڵوەشانەوە یاخود هەڵنەوەشانەوەی ڕیفراندۆم.

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سوپاسی سەرۆك‌و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ هاوكارییەكانیان‌و پشتیوانیی دۆستانەو مێژوویی ئەوانی بەرز نرخاند، وتیشی، فەڕەنسا دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگ ببینێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

 

هەروەها ئیمانوێل ماكرۆن بەپێویستی زانی داهاتەكانی عێراق بەشێوەیەكی هاوسەنگ دابەشبكرێن، ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەكەی پشتیوانیی كوردستانێكی بەهێز‌و عێراقێكی بەهێز دەكات كە بەوجۆرە دەبنەهۆی سەقامگیریی لەناوچەكە.

 

"بۆ سەقامگیریی ناوچەكە كورد ڕۆڵێكی كاریگەر دەبینێت، میكانیزم هەیەو دەكرێت چارەسەری كێشەكان بكرێت، هەردوولا تەئكیدمان كردەوە كێشەكان چارەسەر بكرێن بە چەسپاندنی هەموو ماددەكانی دەستووری عێراق"ماكرۆن وای وت.