بارزانی: باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسیی ئێستا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە

02-12-2017 06:15
مەسعود بارزانی لە میانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا. وێنە؛ میدیای پارتی.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسیی ئێستای هەرێم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە، دەشڵێت، گەلی كوردستان ئیرادەی ناشكێت‌و ئاڵای سپی بۆ زۆرداری‌و زوڵم‌و خیانەت هەڵناكات‌و خۆی بەدەستەوە نادات.

 

بەپێی میدیای فەرمیی پارتی، بارزانی ئەمڕۆ لەگەڵ مەكتەب‌و دەستەو دەزگا ناوەندییەكانی حزبەكەی كۆبووەتەوەو ڕایگەیاندووە، ئەو بارودۆخەی بە نایاسایی‌و نائاسایی دروست بووە، كاتییەو هەتاسەر نابێت‌و تێدەپەڕێت، دەشڵێت"باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سیاسیی ئێستا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە."

 

ئەو داوایەی بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوای ئەوەدێت هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتی كاتیی دەكەن كە یەكێك لە ئەركەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك بێت.

 

ئەوە لەكاتێكدایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەستپێكردووەو 100 هەزار ناوی دووبارەو مردو لە تۆمارنامەی دەنگدەران لادەبات، پێشنیاریش دەكات هەرسێ هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان پێكەوە ئەنجامبدرێن، بۆئەوەش چوار مانگی دیكە ئامادەیە پڕۆسەكە بەڕێوەببات.

 

هەرلەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆیدا، بارزانی باسیلە دواپێشهاتە سیاسییەكان‌و قوناغی دوای ڕیفراندۆم‌و پڕۆسەی سیاسیی عێراق‌و كوردستان كردووەو تەئكیدی لەوەكردووەتەوە، دەرگای هەرێمی كوردستان بۆ دانوساندن لەگەڵ عێراق كراوەیە، "ئێمە گفتوگۆ بە باشترین چارەسەر دەزانین، بەڵام لە هەمانكاتدا فەرزكردنی ئەمری واقع لە ڕێگەی زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبوڵ نییە."

 

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا وتویەتی، كەس با شەڕی ئیرادە لەگەڵ خەڵكی كوردستان نەكات، "گەلی كوردستان ئیرادەی ناشكێت‌و ئاڵای سپی بۆ زۆرداری و زوڵم و خیانەت هەڵناكات و خۆی بەدەستەوە نادات."

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدا بوو لەساڵی 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو، بارزانی دەیتوانی تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەردەوام بێت، بەڵام ڕەتیكردەوەو سەرەتای مانگی 11ی ئەمساڵ دەستبەرداری پۆستەكەی بوو.