نیوەی ڕفێنراوانی ئێزدی ڕزگاركراون

47 گۆڕ دۆزراونەتەوە‌و 100 هەزار كەس كۆچیان كردووە
03-12-2017 08:05
دهۆك، 7-11-2017، شادبوونەوەی كچە ڕزگاربویەكی ئێزدی بە كەسوكاری. وێنە؛ نوسینگەی كاروباری ڕفێنراوان.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

نیوەی هاوڵاتیانی ئێزدی ڕفێنراوی لای داعش ڕزگاركراون‌و زیاتر لە 100 هەزار كەس، وڵاتیان بەجێهێشتووە‌و تەنیا لە قەزای شەنگالیش، 43 گۆڕی بە كۆمەڵ دزراونەتەوە، بەپێی دوایین ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

بەپێی ئامارێكی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی كە ئەمڕۆ یەكشەممە 3-12 بڵاوكراوەتەوە، تاوانەكانی داعش دژ بەپێكهاتەی ئێزدی لە ئابی 2014وە تائێستا خراوەتەڕوو.

 

وەك لە ئامارەكەدا هاتووە، ژمارەی ئێزدی لە عێراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتووە‌و كۆچیان كردووە.

 

لە ماوەی ئەو سێ‌ ساڵەدا "هەزار‌و 293 ئێزدی شەهیدبوون‌و نزیكەی سێ‌ هەزار منداڵ هەتیو كەوتوون، بەجۆرێك 1759 منداڵ باوكی لەدەستداوە‌و 407یان دایكیان نەماوە، 359 منداڵ دایك‌و باوكی لەدەستداوە‌و 220 منداڵیش دایك‌و باوكیان لە دەستی داعشدایە."

 

تەنیا لە سنوری قەزای شەنگال، تائێستا 47 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسیی، هەروەها داعش لە هێرشەكانیدا 68 مەزارگە‌و شوێنی ئاینی ئێزدییەكانی تەقاندۆتەوە.

 

ئەو ئێزدییانەی لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون، شەش هەزار‌و 417 كەس بوون‌و لەو ژمارەیەش، سێ‌ هەزار‌و 547یان لە ڕەگەزی مێ‌‌و ئەوانیتر لە ڕەگەزی نێر بوون.

 

هەر بەپێی ئامارەكە، لەكۆی ژمارەی ڕفێراوان تائێستا سێ‌ هەزار‌و 207 ئێزدی ڕزگاركراون لەنێویاندا هەزار‌و 137 ژن‌و كچ، 335 پیاو لەگەڵ 904 منداڵی كچ‌و 831 منداڵی كوڕ، بەڵام هێشتا سێ‌ هەزار‌و 210 ئێزدی چارەنووسیان دیارنییە كە بەسەر هەردوو ڕەگەزەكەدا دابەشبوون.

 

پێكهاتەی ئاینی ئێزدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو ڕوبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

 

قەزای شەنگال(بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.