نێچیرڤان بارزانی داوای هاوكاریی بەپەلە دەكات بۆ ئاوارەكانی كەركوك‌و خورماتوو

05-12-2017 02:58
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

نێچیرڤان بارزانی داوای هاوكاریی بەپەلەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات بۆ ئاوارەكانی كەركوك‌و خورماتو و لێكۆڵینەوە لە پێشێلكاریی هێزە عێراقییەكان، دەشڵێت، تائێستا بەغدا ئامادەی گفتوگۆ نییەو هیچ گفتگۆیەك نە تەكنیكی‌و نە سیاسی نەبووە.

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامداو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو، سەرەتا پیرۆزبایی لە هەڤاڵ ئەبوبەكر كرد كە ئەمڕۆ وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی لە ئەنجومەنی وەزیران سوێندی یاسایی خواردووەو پشتیوانی حكومەتی بۆ دووپاتكردەوە..

 

دواتر نێچیرڤان بارزانی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی ناوخۆی ئاشكراكرد كە ئەمڕۆ پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كراوە دەربارەی ڕەوشی ناوچەكانی كەركوك‌و خورماتوو و دۆخی ئاوارەكان.

 

نێچیرڤان بارزانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە كەمتەرخەم لەقەڵەمدا لە ئاست ئاوارەكان‌و داوای هاوكاریی بەپەلەی لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان‌و نەتەوەیەكگرتووەكان كرد بۆ زیاتر لە 100 هەزار كەس كە بەهۆی هێرشی هێزە عێراقییەكانەوە لە ناوەڕاستی مانگی 10وە لە ناوچەكانی جێناكۆك ئاوارەبوون.

 

هاوكات داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد لە ڕووداو و پێشێلكارییەكان، وتی"نەتەوەیەكگرتووەكان وەك پێویست نییە لەم ڕووداوانەو دەیانەوێت بچووكی بكەنەوە، داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكەین‌و حكومەتی عێراق هاوكاربێت بۆئەوەی ئەوانەی پێشێلكاریی یاساییانكردووە بدرێنە دادگا."

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا دووپاتیكردەوە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لە چوارچێوەی دەستور‌و پابەندە بە یەكپارچەیی خاكی عێراق، بەڵام بەغدا ئامادەی گفتوگۆ نییە، وتی"لە عەبادی بپرسن بۆ ئامادەنییە گفتوگۆمان لەگەڵ بكات ئەوان واپیشانی دەدەن گفتوگۆی تەكنیكی هەیە، بەڵام هیچ وانییە."

 

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی بەغدا دەیكات دژی هەرێم هیچ پەیوەندیی بە ڕیفراندۆمەوە نییە، دەربارەی ڕیفراندۆم وتی"ئەوەی پێویست بووە كردومانەو ئەوەی دەبووا بیكەین كردوومانە، بەغدا پێیوایە دەرفەتێكیان بۆ هاتووەتەپێش بۆ تێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان."

 

حكومەتی عێراق دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش سەرباری داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەڵام عێراق سوورە لەسەرئەوەی ئامادەی گفتوگۆ نابێت تا هەرێم پابەندنەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە.

 

لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم‌و عێراق، 2ی ئەم مانگە شاندێكی باڵای هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی فەڕەنسایان كردو لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبوونەوە، دواتر سەرۆكی فەڕەنسا لەگەڵ حەیدەر عەبادی لەسەر هەمان پرس بە تەلەفۆن قسەیكرد.

 

دەربارەی ئەنجامی ئەو سەردانەو هەوڵەكانی فەڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ ئەوەی خستەڕوو، دەستپێشخەریی فەڕەنسایان بۆ چارەسەری كێشەكان بەجددی وەرگرتووە، وتی"لەم یەك دوو ڕۆژەدا ئاگادار دەكرێینەوە لە هەنگاوی دواتر."

 

دوای ڕیفراندۆم پەیوەندییەكان نێوان هەرێم‌و هەریەكە لە ئێران‌و توركیا چوونە دۆخێكی نائاسایی، ئەمڕۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، پەیوەندییان لەگەڵ توركیا نەپچڕاوەو لە ماوەیەكی نزیكدا ئاسایی دەبێتەوە، دەربارەی ئێرانیش باسیلەوەكرد پەیوەندیی‌و دیداریان هەیەو پێشیانوایە داخستنی دەروازە سنورییەكان لەلایەن ئێرانەوە هیچ پاساوێكی نەماوەو لە بەرژەوەندی هەردوولایە بكرێنەوە.

 

دەربارەی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا وادەی هەڵبژاردنەكان دیاریدەكەن.