دوو منداڵ لە 16ی ئۆكتۆبەردا لە كەركوك بە گولـلە كوژراون

06-12-2017 04:10
كه‌ركوك/ محه‌مه‌د (9 ساڵ)و ئه‌ڤینی (8 ساڵ)، له‌روداوه‌كانی 16ی تشرینی یه‌كه‌مدا به‌ گولله‌ كوژران. فۆتۆ: ئه‌رشیفی خانه‌واده‌كه‌.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

سیروان شامل پۆلیسە لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، لەكاتی بارگرژییەكانی 16ی ئۆكتۆبەر پێشوازی لە بریندارەكان دەكرد، لەپڕ و لەنێو نەخۆشخانە هاوسەرەكەی بەرچاوكەوت كە بەكوڵ دەگریا، لەوێ‌ زانی كچ‌و كوڕەكەی لە قوربانییەكانی ڕوداوەكەن.

 

بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە شار خرۆشابوو، لەگەڵ پێشڕەوی هێزە عێراقییەكان ‌بۆ "سەپاندنی یاسا" لە شارەكەو كشانەوەی پێشمەرگەدا، هەزاران هاوڵاتی بەرەو هەرێمی كوردستان دەڕۆیشتن‌و ژمارەیەكی زۆر چەكداریش، وەكو خۆبەخش بە شەقامەكاندا بڵاوبوبونەوە، تەقەی كوێرانە بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی گرتبوەوە.

 

هاوسەر ‌و منداڵەكانی سیروان، لەگەڵ ماڵی دراوسێیەكیان بە ئۆتۆمبێل بۆ گەیشتن بە شوێنێكی ئارام ماڵی خۆیان بەجێدەهێڵن، هاوشانی هەزاران خێزانی تر، بەڵام لە ڕێگاداو لە ناوەندی شار دەستڕێژی گولـلە ‌لە ئۆتۆمبێلەكەیان دەكرێت‌و بەهۆیەوە، كچێكی سیروان دەستبەجێ‌ گیانی لەدەستدەدات‌و كوڕێكی بە سەختی بریندار دەبێت.

 

 

كه‌ركوك/ 18-10-2017/ محه‌مه‌د سیروان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی كه‌ركوك رۆژێك به‌ر له‌گیانله‌ده‌ستدانی به‌هۆی كاریگه‌ری گولله‌وه‌. فۆتۆ: خانه‌واده‌كه‌ی.

 

"لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بووم‌وو پێشوازیمان لە بریندارەكان دەكرد، خێزانەكەم بینی دەگریا، ئەوە بوو لەوێ‌ زانیم فیشەكیان بەركەوتووە"، سیروان بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

 

سیروان باوكی سێ‌ منداڵە، دوو كچ و كوڕێك، ئەڤین-ی تەمەن هەشت ساڵ لە شوێنی ڕوداوەكە كۆتایی بە ژیانی دێت‌و محەمەدی كوڕیشی كە تەمەنی نۆ ساڵەو فیشەك بەر سەری كەوتووە،‌ دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە‌و سێ‌ ڕۆژ مانەوەی لەژێر چاودێری پزیشك، (19ی ئۆكتۆبەر) گیانیلەدەستدا.

 

هێشتا ئامارێكی ورد‌و فەرمی لەبارەی زیانە گیانییەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە نییە، كاتێك هێزە عێراقیەكان لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی یاسا گەڕانەوە بۆ كەركوك‌ و ناوچەكانی جێناكۆك، كە ئاوارەبونی هەزاران خێزانی لێكەوتەوە.

 

ماڵی سیروان شامل لە گەڕەكی كوردستان(فەیلەقی كۆن)ـــە، دەكەوێتە نزیك سەربازگەی كەیوەن كە ئامانجێكی سەرەكی هێزە عێراقیەكان بوو، كەمتر لە دوو كیلۆمەتر لەو گەڕەكە دوركەوتونەتەوە‌و لەسەر شەقامی سەرەكی نێوان هەولێر-كەركوك، لە نزیك گەڕەكی عەرەفە بەر دەستڕێژی گوللە كەوتوون.

 

یاسین (باوكی ئلیاس)، دراوسێی ئەو ماڵەیە‌و خێزانەكەی سیروان لە ئۆتۆمبێلەكەی ئەودا بوون كاتی ڕووداوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت"كاتێك تەقە دەستیپێكرد ‌و بارودۆخەكە تێكچوو، دراوسێكان هەمویان ڕۆیشتن‌و گەڕەكەكەیان بەجێهێشت، پەیوەندیم بە باوكی هەردوو شەهیدەوە كرد‌و وتم منداڵەكانی خۆم دەبەم ئەگەر پێتباشە منداڵەكانی تۆش دەبەم، وتی منداڵەكانی منیش لەگەڵ خۆت ببە."

 

 

كه‌ركوك/19-11-2017/ سیروان شامل له‌سه‌ر گۆڕی هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ی محه‌مه‌د و ئه‌ڤین. فۆتۆ: كه‌ركوك ناو.

 

"گەیشتینە دووسایدی بەرامبەر گەڕەكی عەرەفە‌و چەند فیشەكێك بەر جامی دواوەی ئۆتۆمبێلەكە كەوت، ئەڤین دەستبەجێ شەهید بوو، .. بەپەلە گەیاندیانمە نەخۆشخانەی شۆڕش لە گەڕەكی شۆراو، محەمەد گیانی لە دەستنەدابوو، لەوێوە بە ئەمبوڵانس گەیەندرایە نەخۆشخانەی كەركوك"، یاسین دەڵێت گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە لەئۆتۆمبێلەكەیدا ڕۆژێكی زۆر ناخۆش بووە بۆ ئەو.

 

پێشێلكاریی‌و ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، چەندین بەڵێنی لەبارەوە دراوە بۆ بەدواداچون‌و قەرەبوكردنەوە‌و سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانەكان، لە نێویاندا ئامادەیی نیشاندانی هەردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان، بەڵام دەرەنجامی ئەو هەوڵانە دیارنین.

 

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك دەربارەی دۆسیەی كوژرانی ئەڤین‌ و محەمەد بە (كەركوك ناو)ی وت "باوكی هەردوو منداڵەكە لە بنكەی پۆلیس سكاڵای تۆماركردووە دوابەدوای ڕووداوەكە‌و لێكۆڵینەوەمان دەستپێكردووە."

 

ئاڵۆزیی بارودۆخی كەركوك، گرفتی بۆ بەخاكسپاردنی تەرمی منداڵەكانیش دروستكرد، ئەڤین هەمان ڕۆژی ڕوداوەكە برایە سەرقەبران‌ و محەمەدیش دوای سێ‌ ڕۆژ، لە گۆڕێكدا بە تەنیشت خوشكەكەیەوە سپاردەی خاك كرا.

 

 

كه‌ركوك/محه‌مه‌د و ئه‌ڤین له‌گه‌ڵ خوشكه‌ بچوكه‌كه‌یان. له‌ ئه‌رشیفی خانه‌واده‌ی ئه‌و قوربانیانیه‌وه‌.

 

بەڵێن غالب، پورزای سیروانە باسی ڕۆژی ڕوداوەكە دەكات كاتێك دوای چەند كاتژمێرێك تەرمی ئەڤینیان وەرگرتۆتەوە لە هۆبەی پزیشكی دادوەری نەخۆشخانەی ئازادی، بەهۆی قەرەباڵغی‌‌و داخستنی ڕێگاكان ناچار دوای كفنكردنی، دوبارە گەڕاندویانەتەوە بۆ پزیشكی دادوەری.

 

"دوای چەند كاتژمێرێك، نزیك بانگی ئێوارە (مەغریب) توانیمان لە گۆڕستانی گەڕەكی ڕەحیماوا بە خاكی بسپێرین"، بەڵێن وای وت.

 

ماڵی سیروان‌و كەسوكاری لە كەركوك مانەوە‌و نەڕۆیشتن، پرسەی دوو منداڵەكەیان لە گەڕەكی شۆریجە دانا.

 

دوا قسەی سیروان بۆ منداڵەكانی بەرلەوەی بگەڕێتەوە بۆ دەوام، ئەوەبوو تا دەتوانن ئاگاداری خۆیان بن، بەڵام لە ڕێگەی ڕۆیشتنیان بۆ شوێنێكی ئارام كۆتایی بە ژیانیان هات‌و ئەوەی بۆ باوكیان مایەوە، تەنیا دوو گۆڕە بە تەنیشتی یەكترییەوە.