هاكان فیدان شكستیهێنا لە ئازادكردنی دوو میتەكەی لای پەكەكە

09-12-2017 02:28
هاكان فیدان ڕاوێژكاری دەزگای هەواڵگریی توركیا(میت) - دوو گەریلای پەكەكە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو دوو بەرپرسەی میتی توركیا كە لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری سلێمانی دەستگیركران بەردەوامە، سەرجەم هەوڵەكانی هاكان فیدان ڕاوێژكاری دەزگای هەواڵگریی توركیا(میت) بۆ ئازادكردنیان شكستیهێناوە كە بۆئەو مەبەستە چەندجارێك سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.

 

لەمیانی لێكۆڵینەوەكاندا دوو بەرپرسەكەی میت چەندین "زانیاریی گرنگ"یان ئاشكرا كردووە، لەناویاندا ناوی "چەند بەرپرسێكی یەكێتی"یان دركاندووە كە هاوكارییان كردوون، وەك سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت.

 

ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی میت سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ لەلایەن تیمێك لە گەریلاكانی پەكەكەوە دەستگیركران‌و گەیەندرانە قەندیل، ئەوان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە هەبووەو بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت كە لە ڕێگەی هەلیكۆپتەرەوە ئەنجامبدرێت‌و جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە بكرێتە ئامانج، سەردانی ڕێگای (ڕانیە-دوكان)یان كردبوو.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، تائێستا لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو دوو بەرپرسەی میت كۆتایی نەهاتووە، وتی"زانیاریی گرنگیان ئاشكراكردووە لەبارەی كاركردنیان لە باكور و باشوری كوردستان‌و ئەو كەسانەی هاوكاریی میت دەكەن، تەنانەت دانیان بەوەداناوە كە ڕۆڵیان هەبووە لە پلانی تیرۆركردنی ساكینەجانسزو هاوڕێكانی."

 

ساكینە جانسز یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكەو فیدان دۆغان‌و لەیلا سۆیلەمەز چالاكوانانی نزیك لە پەكەكە، لە 9 ی كانوونی دووەمی 2013 لە پاریس كوژران، بەپێی میدیای فەڕەنسا، میت دەستی هەبووە لە كوشتنی ئەو سێ ژنە چالاكوانە كوردەدا.

 

هەروەها سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار تەئكیدی كردەوە لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، وتیشی"ناوی زیاتر لە 5 ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتییان ئاشكرا كردووە كە هاوكارییان كردوون."

  

ڕووداوی دەستگیركردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت لەلایەن پەكەكەوە نزیكەی 20 ڕۆژ بە نهێنی مایەوەو نەبووە هەواڵی ڕاگەیاندنەكان، كاتێك توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی لە ئەنقەرە ئاگاداركردەوە كە وڵاتەكەی جێبهێڵێت، ڕووداوەكە ئاشكرابو و بووە پرسێكی گەرم، گەڵاڵی‌و خێزانەكەی 24-8-2017 گەیشتنەوە سلێمانی.

 

دوای ڕووداوەكە توركیا هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ ئازادكردنیان، یەكێك لە سەرچاوە ئاگادارەكانی پەرەگراف دەڵێت"هاكان فیدان 4 بۆ 5 جار سەردانی سلێمانی‌و هەولێری كردووەو فشاری خستووەتەسەر یەكێتی‌و پارتی تاوەكو داوا لە پەكەكە بكەن ئازادیان بكات."

 

هەرچەندە یەكێتی‌و پارتی چەند جارێك ئەو داواكارییەیان ئاڕاستەی پەكەكە كردووە، بەڵام سەرجەم هەوڵ‌و داواكانیان ڕەتكراونەتەوە، "پەكەكە دەڵێت ئەوانە بۆ ئەنجامدانی تاوانێكی گەورە هاتوون، بۆ گەشت‌و خۆشیی نەهاتوون تا ئازاد بكرێن."

 

دەربارەی هەبوونی مەرج‌و داواكاریی لەلایەن پەكەكەوە لە بەرامبەر ئازادكردنیان، سەرچاوەكە دەڵێت"تائێستا هیچ مەرج‌و داواكارییەك نییەو پەكەكە سوورە لەسەر ئازاد نەكردنیان‌و لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا دەكرێت بەوپێیەی زانیاریی گرنگی 20 ساڵی ڕابردوویان لەلایە."

 

پێشتر پەرەگراف زانیاریی وردی لەبارەی پلانەكەی میت‌و دەستگیركردنی دوو بەرپرسەكەیان لەلایەن پەكەكەوە ئاشكراكرد، ئەو دوو بەرپرسەی میت كە ئێستا لە قەندیلن، لەساڵی 1997وە لەناو میتدا لەسەر پەكەكە كاردەكەن‌و ئاگاداری تەواوی جموجوڵەكانی وڵاتەكەیانن دژی پەكەكە.

 

میت، "زانیاریی هەڵە"ی پێدراوە لەبارەی سەردانێكی جەمیل بایك بۆ سلێمانی لەناوەڕاستی مانگی 8ی ئەمساڵ لە ڕێگای ڕانیە-دوكانەوە، بۆ ئەو مەبەستە ویستویەتی لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنێكەوە "دەستگیری بكات یان بیكوژێت" پەكەكەش ئاگاداری ئەو هەوڵەی توركیا بووەو پلانی پێچەوانەی ئامادەكردووە‌و ئەو دوو بەرپرسەی دەستگیركردووە كە بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنەكەیان هاتوون.

 

سەرچاوەیەك كە ئاگاداریی وردەكاریی دەستگیركردنیانە، وتی"ئەو دوو بەرپرسە هاتوونەتە دوكان بۆ پشكنینی ڕێگای ڕانیە=دوكان تابزانن چ خاڵێك گونجاوە ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا ئەنجامبدەن، ویستویانە لەڕێگەی دوو هەلیكۆپتەری سەربازییەوە بە ئۆپەراسیۆنێك(ئینزال) پلانەكەیان جێبەجێ بكەن."

 

وەك سەرچاوەكان دەڵێن، پلانەكەی توركیا لە ئاستێكی باڵادا داڕێژراوەو ئەو دوو بەرپرسە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاوە هەبووە، "توركیا بەجۆرێك بایەخی بە ئۆپەراسیۆنەكەداوە ژورێكی تایبەتیان ئامادەكردووە تا لەكاتی ئەنجامدانیدا ئەردۆغان‌و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە ڕاستەوخۆ ئۆپەراسیۆنەكە ببینن."

 

"هەروەها ڕۆژنامەنوسێكیان ناردووە چاوپێكەوتنی لەگەڵ دایك‌و باوكی جەمیل بایك كردووە كە ماڵیان لە گوندی ئەلعەزیزە لە دێرسیم، پرسیاری ئەوەی لێكردوون تاچەند خۆشحاڵ دەبن بە دەستگیركردنی كوڕەكەیان، دایان نابوو بایەخی زۆربدەن بە دەستگیركردنی جەمیل بایك."

 

ئەو دوو بەرپرسەی میت كە "لە هەولێرەوە هاتوونەتە دوكان"، تەواوی جموجوڵەكانیان لەژێر چاودێری پەكەكەدا بووە، "لە چالاكییەكدا لە دوكان كە سەرجەمی بە ڤیدیۆ تۆماركراوە، پەكەكە هەردووكیانی دەستگیركرد‌و گەیاندنیە قەندیل، میتەكان بەڕێگای سەرەكیی ڕانیە-دوكاندا نەبراون‌و لەشوێنی تایبەتەوە براون."

 

زانیارییەكانی میت لەبارەی سەردانی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) بۆ سلێمانی، "هەڵەبووەو هیچ بەرنامەیەك نەبووە سەردانی سلێمانی بكات، ڕۆژی دەستگیركردنی ئەو دوو پلەدارەی میت لەلایەن پەكەكەوە نزیكەی 20 ڕۆژ پێش ئەو ڕێكەوتەبووە كە توركیا پلانی بووە ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا ئەنجامبدات."

 

وەك سەرچاوەكە دەڵێت"دواینجار كە جەمیل بایك هاتووە بۆ سلێمانی ساڵێك دەبێت‌و پێش ئەوكاتەبوو كە نەوشیروان مستەفا سەردانی لەندەن بكات(مانگی 9ی 2016) لە سلێمانی لەگەڵیدا كۆبووەتەوە."

 

دوای دەستگیركردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ یەكێتی ئاڵۆزبوون بەوپێیەی ڕووداوەكە لەژێر دەسەڵاتی ئەو حزبەدا ڕوویداوە، بەهرۆز گەڵاڵی كە ماوەی 17 ساڵ نوێنەری یەكێتی بوو لە ئەنقەرە، لە توركیا دەركراو تائێستا نوێنەرایەتیی یەكێتی لەو وڵاتە نەكراوەتەوە.