گۆڕان چەند پرسێك یەكلادەكاتەوە "دەبێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن‌و ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی سڕ دەكات"

12-12-2017 04:18
بانگەشەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، 17-9-2013. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گۆڕان بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر چەند پرسێك دەدات‌و وەك بەرپرسانی بزوتنەوەكە دەڵێن، دەچنە قۆناغێكی نوێ، لە حكومەت دەكشێنەوەو ئامادەكاریی تەواویان كردووە بۆ بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆن‌و ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی سڕ دەكەن.

 

دوای ئەوەی هەڵوێست‌و سیاسەتەكانی بزوتنەوەكە ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆری بەرپرسان‌و جەماوەری گۆڕان بووەوە، بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببێتەوەو چەند پرسێكی "گرنگ" یەكلایی بكاتەوە.

 

بەوتەی بەرپرسانی گۆڕان كە پەرەگراف قسەی لەگەڵ كردوون، لە كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتمانیدا، پرسەكانی؛ كشانەوە لە حكومەت‌و بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆن، ڕێككەوتنە سیاسییەكەیان لەگەڵ یەكێتی، هەڵبژاردنی پێشوەخت‌و پێكهێنانی شاندێك بۆ سەردانی حزبە عێراقییەكان لە بەغدا تاوتوێ دەكرێن‌و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.

 

سێ ئەندامی جڤاتی نیشتمانی كە بەبێ ناوهێنانیان ڕای خۆیان‌و ئەندامانی دیكەی جڤاتیان بۆ پەرەگراف ئاشكرا كرد كە لەگەڵ ئەوەدان بزوتنەوەكەیان لە حكومەت بكشێتەوەو سەرۆكی پەرلەمان دەستلەكار بكێشێتەوەو ببنەوە بە ئۆپۆزسیۆن.

 

گۆڕان بە چوار وەزیرو سەرۆكی دەستەیەك‌و چەندین پۆستی دیكەی باڵا لە حكومەتی هەرێمدا بەشدارە، هەرچەندە لە مانگی 10ی 2015وە سەرۆكی پەرلەمان‌و تیمی گۆڕان لە حكومەت دورخراونەتەوە، بەڵام تائێستا ئەو بزوتنەوەیە كشانەوەی لە حكومەت ڕانەگەیاندووە.

 

ئێستا كە هەرێمی كوردستان لە قەیرانی سەختی جۆراوجۆردایەو حكومەت ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند بووەتەوەو توانای دابینكردنی خزمەتگوزاری‌و پێدانی نیوموچەی مانگانەی نییە، گۆڕان پڕۆژەیەكی ڕادەستی پارتی‌و حكومەت‌و یەكێتی كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌و ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك، هەرچەندە كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح پشتیوانیی دەكەن، بەڵام پارتی‌و یەكێتی بەوە ڕازی نین‌و ڕەتیدەكەنەوە.

 

گۆڕان بە درێژایی دروستبوونی، دەیان پڕۆژەو پاكێج‌و سەدان داواكاریی پێشكەش كردووە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی، بەڵام گوێی لێنەگیراوە، ئێستا كە حكومەتی هەرێم بە ڕابەرایەتی پارتی‌و یەكێتی لە دۆخێكی خراپدایەو ناڕەزاییەكانی خەڵك زۆربوون، هەڵسوڕاوانی گۆڕان هۆشداریی دەدەنە بزوتنەوەكەیان كە لەلایەن دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەوە بەكارنەهێنرێن بۆ خاوكردنەوەی ناڕەزاییەكان.

 

پرسێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، ڕێككەوتننامە سیاسییەكەیانە لەگەڵ یەكێتی كە لە 17-5-2016وە واژۆكراوە، بەڵام جێبەجێ نەكراوەو یەكێتی لەچەندین وێستگەی گرنگدا گۆڕانی بەجێهێشتووەو بە پێچەوانەوە هەڵوێستی وەرگرتووە.

 

ئەندامانەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە بۆ پەرەگراف قسەیانكرد، هەرسێكیان هاوڕابوون كە گۆڕان ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی سڕ بكات‌و چیدی پابەند نەبێت پێیەوەو بێدەنگی هەڵنەبژێرێت بەرامبەر سیاسەتەكانی یەكێتی.

 

بەوتەی ئەو ئەندامانەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، ڕای زۆرینەی جڤات هەمان ڕای ئەوانە دەربارەی كشانەوە لە حكومەت‌و چارەنوسی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی، "ئەوە دەبێتە بڕیاری كۆتایی‌و یەكلایی بووەتەوە."

 

لەدیارترین ئەو پرسانەی كە گۆڕان‌و یەكێتی بە پێچەوانەی یەكترییەوە هەڵوێستیان تێدا وەرگرتووە لە دوای ڕێككەوتنەكەیان بریتین لە؛ دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلول‌و پێكهێنانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق‌و دواتر گۆڕینی ناوەكەی بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان، تەنانەت گۆڕان ئامادەنەبوو پێشوازی لە وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بكات لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.

 

هەروەها كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان ویستی لەڕێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ یەكێتی ڕیفراندۆم لەژێر دەستی مەسعود بارزانی دەربهێنێت‌و بیخاتە ژێردەستی پەرلەمان، یەكێتی شكستی بە هەوڵەكەی هێنا.

 

هەرچی دەربارەی پرسەكانی هەڵبژاردنی پێشوەخت‌و پێكهێنانی شاندێك بۆ سەردانی بەغدا لەلایەن گۆڕانەوە، هێشتا یەكلای نەبوونەتەوەو لە ناوخۆی بزوتنەوەكەدا گفتوگۆ بەردەوامە دەربارەیان.

 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وتی"دەربارەی هەڵبژاردنیش ڕای زاڵ لەناو ئەندامانی جڤات ئەوەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختدابین‌و هەڵبژاردنەكانی هەرێم پێش هەڵبژاردنی عێراق بكرێن كە مانگی 5ی ساڵی داهاتووە، بەڵام بەو مەرجەی پڕۆسەی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران كۆتایی بێت‌و هەڵبژاردنێكی خاوێن بێت."

 

بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2009 بە ڕابەرایەتی نەوشیروان مستەفا بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد‌و توانی 25 كورسی بەدەستبهێنێت لە كۆی 111 كورسی‌و چوار ساڵی یەكەمی بە ئۆپۆزسیۆن بوون بردەسەر.

 

لە هەڵبژاردنی 2013دا گۆڕان 24 كورسی بە دەستهێناو بەپێی ڕێككەوتنێكی لەگەڵ پارتی بەشداریكرد لە كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم‌و چوار وەزیرو سەرۆكی دەستەیەك‌و سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرت، بەڵام بەشدارییەكەی تەنها ساڵێكی خایاندو بەهۆی ناكۆكییەكانیانەوە، پارتی وەزیرەكانی گۆڕانی دورخستەوەو ڕێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان كرد بچێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر، تائێستا ئەو دۆخە ئاسایی نەبووەتەوە.