عوسمانی حاجی مەحمود داوای كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت‌ دەكات

13-12-2017 05:44
عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

عوسمانی حاجی مەحمود پێشنیازو داواكردن بۆ كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت‌و بوون بە ئۆپۆزسیۆن، بە پێویست‌وئیجابی وەسف دەكات، داوا لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكەی دەكات بڕیاری هەڵپەساردن‌و سڕكردنی ڕێككەوتنی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی بدات.

 

ئەو هەڵوێستەی عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە كاتێكدایە بڕیارە شەممەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببێتەوەو بەوتەی ئەندامانی جڤات كە دوێنێ بۆ پەرەگراف قسەیانكرد، بزوتنەوەكەیان بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆن دەدات‌و ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی سڕ دەكات.

 

عوسمانی حاجی مەحمود كە بەهێزترین ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنە كە زۆرترین ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لەگەڵ بۆچوونەكانیدان، ئەمڕۆ بە میدیای گۆڕانی وتووە"سەرەڕای پێشنیاز و داواكردن لە جڤاتی نیشتیمانی بە مەبەستی بڕیاردان لە كشانەوە لە حكومەت و بون بە ئۆپۆزسیۆن، هەرچەندە درەنگ وەختە، بەڵام پێویست و ئیجابیە."

 

گۆڕان بە چوار وەزیرو سەرۆكی دەستەیەك‌و چەندین پۆستی دیكەی باڵا لە حكومەتی هەرێمدا بەشدارە، هەرچەندە لە مانگی 10ی 2015وە سەرۆكی پەرلەمان‌و تیمی گۆڕان لە حكومەت دورخراونەتەوە، بەڵام تائێستا ئەو بزوتنەوەیە كشانەوەی لە حكومەت ڕانەگەیاندووە.

 

عوسمانی حاجی مەحمود هەروەها داوا لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكەی دەكات، لە كۆبونەوەی داهاتوویدا بڕیاری هەڵپەساردن‌و سڕكردن(تجمید)ی ڕێككەوتنی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی بدات، دەڵێت"بەپێویستی دەزانم ئەو ڕێككەوتنە سڕ بكرێت تا ئەوكاتەی لای سەركردایەتی و خاوەن بڕیارەكانی یەكێتی ئیرادە و بڕیاری جدی دروست دەبێت بۆ جێبەجێكردنی."

 

دوای چەند مانگێك ساردیی لە پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، 22ی مانگی ڕابردوو سەركردایەتی هاوبەشی ئەو دوو حزبە كۆبووەوە، ئەوەش ناڕەزایی لەناوخۆی گۆڕان دروستكرد، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد هەریەكە لە عوسمانی حاجی مەحمود‌و شۆڕش حاجی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دژی ئەو كۆبوونەوەیەی سەركردایەتی هاوبەش بوون.

 

عوسمانی حاجی مەحمود لە لێدوانەكەیدا بۆ میدیای گۆڕان، ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو ڕێككەوتنەیان لەگەڵ یەكێتی نزیكەی 19 مانگە واژۆ كراوە‌و یەكێك لە مەبەستە سەرەكییەكانی ئەنجامدانی بریتی بووە لە گۆڕین‌و ڕێكخستنەوەی هاوكێشەی هێز لە كوردستان، "بەڵام لە (17-5-2016)ەوە كە ڕۆژی واژۆكردنی ڕێككەوتنەكەیە تائێستا هیچكام لە مادەكانی جێبەجێ نەكراوە و لەئێستاشدا ئومێدێك نیە بۆ جێبەجێكردن."

 

ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، تەئكید لەوەدەكات، سڕكردنی ڕێككەوتنەكەیان بەمانای كۆتایی هێنان نییە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی، بەڵكو پەیوەندییەكانیان وەكو دوو هێزی سیاسی بەردەوام دەبێت‌و لەكاتی پێویستدا كۆبونەوە دەكەن، وتیشی"هیچ هۆكارێك نییە بۆ مانەوەی ڕێككەوتنەكە بەم شێوەیەی ئێستاو ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەش."

 

لەگەڵئەوەی ڕێككەوتننامە سیاسییەكەی گۆڕان‌و یەكێتی جێبەجێ نەكراوە، هاوكات ئەو دوو حزبە لە دوای ڕێككەوتنەكە لە چەندین پرسی گرنگدا بە پێچەوانەی یەكترییەوە هەڵوێستیان وەرگرتووە.

 

لەدیارترین ئەو پرسانەش بریتین لە؛ دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلول‌و پێكهێنانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق‌و دواتر گۆڕینی ناوەكەی بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان، تەنانەت گۆڕان ئامادەنەبوو پێشوازی لە وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بكات لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.

 

هەروەها كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان ویستی لەڕێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ یەكێتی ڕیفراندۆم لەژێر دەستی مەسعود بارزانی دەربهێنێت‌و بیخاتە ژێردەستی پەرلەمان، یەكێتی شكستی بە هەوڵەكەی هێنا.