میدیای گۆڕان دەكەوێتە ژێر ڕكێفی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا؟

14-12-2017 02:21
نماو چیای نەوشیروان مستەفا. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا چاویان لەسەر میدیای بزووتنەوەكەیانەو دەیانەوێت بخرێتەژێر ڕكێفی ئەوانەوە، ئەو قەیرانە داراییەی ڕوبەڕوی گۆڕان‌و میدیاكەی بووەتەوە هاوكارە بۆئەو گۆڕانكارییە، ئەگەرچی تائێستا هیچ بڕیارێكی لەبارەوە نەدراوە.

 

هەرچەندە بەرپرسانی گۆڕان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی دۆخەكەو دابینكردنی سەرچاوەی دارایی تاوەكو میدیاكەیان بەردەوامبێت‌و ئەو قەرزانەی لەسەری كەڵەكە بووە بدرێنەوە، بەڵام ئاسۆیەكی ڕوون نابینرێت، ئێستا دۆخەكە بەجۆرێكە پرسی "داخستن"ی كەی ئێن ئێن لەناو ڕۆژنامەنوسان‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان خراوەتەوەبەرباس، ئەوەش هاوشێوەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو كە كۆتا مانگەو دەبێت بەشداربوونی كەناڵە ئاسمانییەكان لە مانگی دەستكرد نوێبكرێتەوە‌و پارە بدرێت.

 

وەك سەرچاوە ئاگادارەكانی پەرەگراف دەڵێن، لە ئێستادا میدیای گۆڕان مووچەی سێ مانگی ساڵی 2016و مانگی 11و12ی ئەمساڵی كارمەندەكانی قەرزارەو تاكۆتایی ساڵ دەتوانێت تەنها یەك مووچە دابین بكات‌و چوار مووچەی لەلادەمێنێت.

 

"میدیای گۆڕان زیاتر لە یەك ملیار دینار پارەی مووچەی كارمەندەكانی لەلایە، هاوكات پێویستی بە 500 ملیۆن دیناری دیكە هەیە بۆ نوێكردنەوەی مانگی دەستكردی كەی ئێن ئێن ئەوە سەرباری پارەی نوێكردنەوەی بەشداریكردنی كەناڵەكە لە ئاژانسە جیهانییەكان" سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆخی دارایی میدیای گۆڕان وادەڵێت.

 

پێشتر میدیای گۆڕان بۆ بەرگەگرتنی قەیرانی دارایی هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی خەرجیی گرتەبەر، لەوچوارچێوەیەدا ژمارەیەك ڕۆژنامەنوسی لە كارەكانیان لاداو مووچەی بەڕێژەیەك كەمكردەوە، ئەو هەنگاوانەی میدیای گۆڕان ئەنجامیداوە، لەسێ‌ ساڵی ڕابردوودا لەزۆربەی دەزگا ڕاگەیاندنەكانی كۆمپانیا‌و حزبەكانی تردا دووبارەبۆتەوە.

 

چیاو نما، كوڕانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی گۆڕان ئامادەن "سەرچاوەی دارایی بۆ میدیاكەیان دابین بكەن" بەڵام بۆئەو كارە مەرجیان هەیەو دەیانەوێت بخرێتەژێر ڕكێفی ئەوان.

 

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت"چیاو نما نیگەرانن لە سیاسەتی میدیایی بزوتنەوەكە، دەیانەوێت خۆیان بۆردێك بۆ سەرپەرشتیكردنی دابنێن، ئەوكات ئامادەن سەرچاوەی دارایی بۆدابین بكەن."

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ئەو توانا داراییەیان هەیە؟ سەرچاوەكە وتی"ئەوان پارەیان پێیەو دەشتوانن سەرچاوەی دیكەی دارایی لە دەرەوەی خۆیان بۆ پەیدا بكەن."

 

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد، گردی زەرگەتە كە مەكۆی سەرەكی گۆڕانەو لە شوێنێكی گرنگی سلێمانیدایە لەگەڵ كۆمپانیای وشە(پشكی لە كارگەیەكی چیمەنتۆدا هەیە) بەناوی نەوشیروان مستەفاوە بوون، لەدوای كۆچی دوایی ئەو، كران بەناوی كوڕەكانیەوە.

 

میدیای گۆڕانیش كە گرنگترین بەشی بزوتنەوەكەیە لە دەرەوەی كۆمپانیای وشە مایەوە‌و پێشتر هەوڵێكدرا كە بخرێتەسەر ئەوكۆمپانیایە‌و "چیای نەوشیروان مستەفا لە پشت ئەو هەوڵەوە بوو، بۆئەوەی بكەوێتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، بەڵام لە ئاستی باڵای بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەو هەوڵە ڕاگیرا."

 

پەرەگراف لەزاری سەرچاوەكانیەوە زانیویەتی، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ڕەخنەیان لە سیاسەتی میدیایی گۆڕان هەیەو پێیانوایە میدیاكەیان "بێدەنگە بەرامبەر پارتی‌و یەكێتی‌و حكومەتی هەرێم‌و گەندەڵییەكانیان"، لە كاتێكدا گۆڕان وەك هێزێكی نەیارو ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات خۆی دەناسێنێت، "چیاو نما كێشەیان لەگەڵ ستافی میدیاكەو ڕۆژنامەنوسەكانی نییە، ڕەخنەیان لە سیاسەتی میدیاكە هەیە كە بزوتنەوەكە دیاری دەكات، دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت لە ئاڕاستەكردنیدا."

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت، پێدەچێت گۆڕان بەناچاری بچێتەژێرباری ئەوەی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا میدیاكەیان ئاڕاستە بكەن، "چونكە ئەگەر ڕۆڵیان نەبێت لە ئاڕاستەكردنیدا ئامادەنین سەرچاوەی دارایی بۆ دابین بكەن‌و گۆڕانیش توانای نییە."

 

ئەوە لە كاتێكدایە بزووتنەوەی گۆڕان بەدەر لە میدیاكەی "چەند ملیۆن دۆلارێكی دیكە قەرزاری سەرمایەدارانە" ئەوەش بۆ بەڕێوەچوونی بزووتنەوەكە وەرگیراوە دوای ئەوەی لەچوارچێوەی ئەو قەیرانە داراییەی سێ‌ ساڵە لە هەرێم بەردەوامیی هەیە، بودجەی حزبەكان ڕاگیراوە‌و بە‌وهۆیەوە گۆڕان لە دۆخێكی زۆر خراپدایە.

 

لەناو بزووتنەوەكەدا پێشنیاركراوە پرسی چارەسەركردنی دۆخی میدیاكەیان ببرێتە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی كە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردەری گۆڕانەو لەوێ یەكلابكرێتەوە، ئەگەرچی ئەگەری داخستنی كەی ئێن ئێن لەناو ڕۆژنامەنوسانی میدیاكەدا باسدەكرێت، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان ئەوە ڕەتدەكەنەوە.

 

بەرپرسێكی گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرا نەكرێت، وتی"گۆڕان تەنها میدیای هەیە، بەتایبەت بۆ ئەم دۆخە كە دەبینەوە بە ئۆپۆزسیۆن زۆر پێویستمانەو بەهیچ جۆرێك داناخرێت، بەهەر ڕێگەیەك بێت چارەسەری دەكەین."

 

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە عەبدولڕەزاق شەریف بەرپرسی میدیای گۆڕان، لەگەڵ ئەوەی خراپی دۆخە داراییەكەی پشتڕاست كردەوە، تەنها ئەوەندەی وت"تائێستا دەربارەی میدیا هیچ بڕیارێكمان نییە."

 

هاوكات بۆ وەرگرتنی ڕای كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، پەرەگراف لە ڕێگەی ئیسماعیل ساڵح دواین سكرتێری نەوشیروان مستەفا‌و كەسی نزیكی چیاو نما، پەیوەندی پێوەكردن، بەڵام ڕەتیانكردەوە قسەلەسەر ئەم پرسە بكەن.