سەرۆكی پەرلەمان: پێویستە گۆڕان زیاتر لە ئۆپۆزسیۆن هەنگاو بنێت

14-12-2017 08:16
یوسف محەمەد داوا لە خەڵكی كوردستان دەكات خۆیان ئامادەبكەن بۆ خۆپیشاندان‌و مانگرتنی سەرتاسەریی.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە 2 مانگە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی ئامادەكردووەو بەپێویستی دەزانێت بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر لە ئۆپۆزسیۆن بوون هەنگاو بنێت‌و پێشەنگی ناڕەزاییەكان بێت و خۆپیشاندان‌و مانگرتنی سەرتاسەریی ئەنجامبدرێن.

 

ئەو وتانەی یوسف محەمەد لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا هات ئێوارەی ئەمڕۆ لە كەناڵی ئێن ئاڕتی، تێیدا داوای خۆپیشاندانی فراوانی مەدەنییانە‌و مانگرتنی خەڵكی كوردستانی كرد، بەپێویستی زانی گۆڕان‌و لایەنەكانی دیكەو ئەو كەسایەتییانەی داوای گۆڕانكاریی دەكەن پێشەنگی ناڕەزاییەكان بن، وتی"پێویستە خەڵكی كوردستان هەمووی خۆی ئامادەبكات بۆ خۆپیشاندانی سەتاسەری زۆر گەورە لەماوەیەكی نزیكداو خەڵكی كوردستان‌و هەموو هێزە سیاسییەكان خۆیان ئامادەبكەن بۆ مانگرتنی گشتیی بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم حكومەتە."

 

سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، چیدی ناتوانرێت دۆخی هەرێم بەمجۆرە درێژەی پێبدرێت‌و دەبێت بەهەر نرخێك بێت حكومەتی ئێستای هەرێم هەڵبوەشێندرێتەوەو سەرجەم دەنگە ناڕازییەكان كۆبكرێنەوە.

 

دەربارەی بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان كە چاوەڕوان دەكرێت شەممەی داهاتوو بڕیاری لێبدرێت، یوسف محەمەد وتی"ئۆپۆزسیۆن بوون هیچ مانایەكی نەماوە ئێستا، تۆ دەبیتە ئۆپۆزسیۆنی كێ؟ ئەسڵەن حكومەتێكی بەرپرسیار نەماوە تۆ ببیتە ئۆپۆزسیۆنی."

 

سەرۆكی پەرلەمان، باسیلەوەشكرد ئەگەر ڕووداوەكانی 12ی ئۆكتۆبەری 2015 نەبوایە(دورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان‌و ڕێگری لەسەرۆكی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە) هەرئەوكات گۆڕان ڕەنگە ببوایەتەوە بە ئۆپۆزسیۆن‌و هەندێك لە وەزیرەكانی گۆڕان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئامادەكردبوو.

 

دەربارەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی، یوسف محەمەد ئاماژەی بەوەكرد، پۆستەكەی پەیوەندیی بە بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەیە‌و خۆی 3 جار لە مانگەكانی 9‌و10‌و11ی ئەمساڵ داوای لە بزووتنەوەكەی كردووە خۆیان یەكلایی بكەنەوەو ڕای خۆی بەڕوونی پێوتوون.

 

سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پێش 12ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە ئامادەیەو هەركات گۆڕان بڕیاریدا ببێتە ئۆپۆزسیۆن دەستلەكاردەكێشێتەوە، ڕای خۆی خۆی ئەوەیە زیاتر لە ئۆپۆزسیۆن بن‌و هەنگاوی گەورەتر بنێن.

 

گۆڕان بە چوار وەزیرو سەرۆكی دەستەیەك‌و چەندین پۆستی دیكەی باڵا لە حكومەتی هەرێمدا بەشدارە، هەرچەندە لە مانگی 10ی 2015وە سەرۆكی پەرلەمان‌و تیمی گۆڕان لە حكومەت دورخراونەتەوە، بەڵام تائێستا ئەو بزوتنەوەیە كشانەوەی لە حكومەت ڕانەگەیاندووە.

 

هەڵوێستەكانی یوسف محەمەد لەكاتێكدایە بڕیارە شەممەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببێتەوەو بەوتەی ئەندامانی جڤات كە بۆ پەرەگراف قسەیانكرد، بزوتنەوەكەیان بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆن دەدات‌و ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی سڕ دەكات.