هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح نیگەرانییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڕەوێنێتەوە؟

17-12-2017 04:10
بەرهەم ساڵح سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی‌و عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرپرسانی گۆڕان نیگەرانیی بزوتنەوەكەیان پیشاندەدەن لە مامەڵەی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەندام‌و هەڵسوڕاوەكانیان‌و دەڵێن، كار لەسەر ڕاكێشانیان دەكات بۆناو قەوارەكەی، بەڵام هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح ئەوەڕەتدەكاتەوەو دەڵێت، گۆڕان بە هاوخەبات‌و هاوپەیمان دەزانن.

 

لەگەڵئەوەی هێشتا كاتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم دیاری نەكراوە، بەڵام لایەنەكان كەتوونەتە ئامادەكاریی‌و ڕاكێشانی جەماوەر بەلای خۆیاندا، لەو چوارچێوەیەدا قەوارەكەی بەرهەم ساڵح كە یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكات، لەناوچە جیاجیاكان دەستیكردووە بە بڵاوكردنەوەی پەیامەكانی‌و كۆبوونەوە لەگەڵ چین‌وتوێژە جیاوازەكان.

 

لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا چەند لیستێكی نوێ بەشداریی دەكەن، دیارترینیان قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح‌و نەوەی نوێ-یە كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات.

 

بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی ڕێژەی دەنگ‌و كورسیی پەرلەمانیی دووەم هێزی گەورەی هەرێمی كوردستانەو لە ڕووی تەمەنەوە لە 4 حزبە سەرەكییەكەی دیکە تەمەنی كەمترە، وەك بەرپرسەكانی دەڵێن "تاڕادەیەك ترس"یان لە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح هەیە كاریگەریی لەسەر دەنگەكانیان هەبێت، بۆئەوەش دەڵێن"كارمان لەسەر دەكات" ئەوەبووەتە یەكێك لەوپرسانەی ئێستا لەناوخۆی گۆڕاندا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

 

بەرپرسێكی گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت بۆ پەرەگراف وتی"نیگەرانین لەوەی بەرپرسانی قەوارەكەی بەرهەم ساڵح ئەندام‌و هەڵسوڕاوەكانمان بانگدەكەن بۆ كۆبوونەوەكانی خۆیان لەناوچە جیاجیاكان، تەنانەت برادەرانی ئێمە دەڵێن ئێمە گۆڕانین ئەوان هەر دەڵێن ئاساییە تەنها وەرن كۆبوونەوەیەك دەكەین."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئاستی جیاجیادا كاریان لەسەر دەكرێت، وتی"لە مەكۆكان‌و بازنەو ڕایەڵەكانی بزووتنەوەكە تەنانەت ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاش بانگكراون لەلایەن بەرپرسانی قەوارەكەی بەرهەم ساڵح، تەنانەت لە چەند ناوچەیەك بە ئاگاداریی خۆمان بەشدارییان كردووە لە كۆبوونەوەكانیاندا."

 

هاوكات بەرپرسێكی دیكەی گۆڕان كە بەهەمانشێوە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، تەئكیدی كردەوە كە كار لەسەر ئەندامانیان دەكرێت‌و ئەوەی خستەڕوو، ئاگادار‌و نیگەرانن.

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"ئەندام‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان كەسانی باش‌و خاوەن سومعەن لە ناوچە جیاوازەكان هەربۆیە چاویان لەسەرە لەلایەن لیستەكانی دیكەوە."

 

نیگەرانییەكانی گۆڕان لەكاتێكدایە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەوەی ڕەتیدەكاتەوە كاریان لەسەر گۆڕان كردبێت، باسلەوەشدەكەن گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی وەك دوو هێزی زۆرنزیك لەخۆیان دەبینن‌و ململانێیان ناكەن.

 

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی لێكنزیك بوونەوەشیاندا، بەرلەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت(بڕیاربوو 1-11 ئەنجامبدرێت) سەرەتای مانگی 10 هەریەكە لە عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان‌و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كۆبوونەوەو تاوتوێی یەكخستنی لیستەكانیانكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام دواخستنی هەڵبژاردنەكان‌و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی 8 مانگ، ئەو گفتوگۆیانەی ڕاگرت.

 

هاودیدێكی قەوارەكەی كە كەسێكی نزیكی بەرهەم ساڵحە، دەڵێت، ئەوان نەك كار لەسەر ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی ناكەن، بەڵكو ئەو دوو هێزەو هەموو ئەو كەسایەتی‌و لایەنانەش كە لەدەرەوەی "سیستمی ڕێكخراوی گەندەڵی كوردستانن" بە هاوخەباتی خۆیان دەزانن‌و باوەڕیان بەكاری پێكەوەیی هەیە دژی ئەوانەی كوردستانیان بەم دۆخە گەیاندووە.

 

محەمەد بەختیار هاودیدی هاوپەیمانی‌و كەسی نزیك لە بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف وتیشی"بۆیە باوەڕمان وایە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەمە دەزانن‌و هیچ گلەییەكی وامان پێ نەگەیشتوە، لە ئەساسدا هاوپەیمانیی خۆی بە ڕكابەری بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی نازانێت‌و ئەوان وەكو دوو هێزی هاوپەیمان تەماشا دەكات."

 

هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بڕوای بە پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان هەیە لەو حزب‌و كەسایەتییانەی ئامانجیان چاكسازی‌و گۆڕانكارییە، بۆئەو مەبەستەش پێشتر جگە لە گۆڕان، لەگەڵ هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و ئەو حزب‌و گروپانەی نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە گفتوگۆدا بووە.

 

"پێمانوایە تەنها ڕێگە چارەی دەربازبوونی دۆخی ئێستای كوردستان یەكگرتنی هەموو ئەو هێزانەیە كە لە دەرەوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ‌و زاڵمەوەن، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی‌و هێزەكانی تریش دەكرێ ناكۆكی فكرییان هەبێت، بەڵام خاڵی هاوبەشمان ئەوەندە زۆرە كە بتوانین لە قازانجی میللەتەكەمان بە بیركردنەوەیەكی گەورە لەژێر یەك چەتردا كۆببینەوە" محەمەد بەختیار وا دەڵێت.

 

ئەو كەسە نزیكەی بەرهەم ساڵح وتیشی"ئەم كۆمەڵە كەسەی كە حوكمی ئێستای كوردستان دەكەن، بە هەموو پێوەرێك زاڵمن، فاسد‌و شكستخواردوون، بۆیە هێنانە خوارەوەی ئەمانە پێویستی بە جوهدی هەموو لایەنەكان هەیە‌و بە تەنها لایەنێك ناكرێت."

 

هەرچەندە بەرهەم ساڵح دوو مانگ لەمەوبەر لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا هاوپەیمانییەكەی ڕاگەیاندو هێرشی توندی كردەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و ئامانج‌و كاری هاوپەیمانییەكەی خستەڕوو، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان باسلەوەدەكەن هێشتا "ئاڕاستەیەكی ڕوونی نییە."

 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتيمانی گۆڕان بە پەرەگرافی وت"ئەو قسانەی د.بەرهەم كردوونی قسەی گشتین‌و هێڵێكی سەربەخۆی خۆی پیشان نەداوە، بەرامبەر سیاسەتەكانی پارتی‌و ماڵی بارزانی هیچ قسەو ڕایەكی ڕوونی نییە، نازانین چی دەوێت‌و دەیەوێت چی بكات؟ ئێستاش بۆچوونێك هەیە باسلە ئەگەری گەڕانەوەی بۆناو یەكێتی دەكات."

 

دروستكردنی ئەو قەوارەیە لەلایەن بەرهەم ساڵح، دوای بێئومێدبوونی هات لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، هەروەها ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حزبەكەی شكستیان هێنا، ئێستا تەنها بەرپرسانی گۆڕان نین گومانیان لە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح هەیە، بەڵكو زۆرێك لە بەرپرسانی یەكێتیش تائێستا دان نانێن بەوەی بەرهەم ساڵح ئەو حزبەی جێهێشتووە.

 

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دەپرسێت"بەرهەم ساڵح بۆ كارلەسەر دەنگدەرو بەرپرسانی یەكێتی ناكات؟ خۆ قورسایی ئەو لەناو حزبەكەیدایە نەك لە دەرەوە."

 

لە وەڵامدا محەمەد بەختیار هاودیدی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح دەڵێت"د.بەرهەم یەكێتی‌و جەماوەرەكەی‌و بنەماڵەی شەهیدانی بەهی خۆی دەزانێت، ئیمە پێمانوایە جەماوەری یەكێتی لەگەڵ نەمانی گەندەڵی‌و زوڵم‌و ستەمی ڕێكخراوی حوكمی ئێستان‌و قبوڵی ئەم بارودۆخە ناكەن."

 

ئەو هاودیدەی هاوپەیمانیی دەنگۆكانی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵحی بۆناو یەكێتی، بە"دوور لە ڕاستی" ناوبرد.

 

هەریەكە لە ئارام قادر سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ‌و محەمەد ڕەئوف سەرۆكی پێشوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دیارترین دوو كەسایەتیی حزبیی دەرەوەی یەكێتین كە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان، ئەوە سەرباری چەندین بەرپرسی یەكێتی كە خۆیان یەكلایی كردووەتەوە پشتیوانیی قەوارەكەی دەكەن.

 

لە وەڵامی ئەوەی هاوپەیمانییەكەیان چاوی لەسەر كام دەنگانەیە بۆ هەڵبژاردن؟ محەمەد بەختیار وتی"چاومان لە سەر دەنگی میللەتی كوردستانە، پێمانوایە هەموو خەڵكی كوردستان بە لایەنگرانی پارتیشەوە لەم بارودۆخە بێزارن‌و بە دوای دەریچەیەكەوەن بۆ دەربازبوون لەم دۆخە. خەڵكی باش دەزانێت كێ ئەندازیاری ڕوبعە مووچەو ئەندازیاری بێكارەبایی‌و بێنەوتی‌و ئەندازیاری دزینی نەوت‌و سامانی كوردستانە، بۆیە قەت جارێكیتر متمانە بەم دەسەڵاتە ستەمكارە نادەنەوە."

 

دەستپێكردنی ململانێی لایەنەكان لەكاتێكدایە، كۆمسیۆن ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەستپێكردووەو سەرقاڵی لابردنی 100 هەزار ناوی دووبارەو مردووە لە تۆمارنامەی دەنگدەران، پێشنیاریش دەكات هەرسێ هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان پێكەوە ئەنجامبدرێن، بۆئەوەش ئامادەیە سێ مانگی دیكە پڕۆسەكە بەڕێوەببات‌و چاوەڕوانە حكومەت ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریی بكات.