گۆڕان‌و كۆمەڵ بە فەرمیی پشتیوانییان بۆ داواكانی خەڵك ڕاگەیاند

18-12-2017 02:08
عەلی باپیرو عومەری سەید عەلی لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا. وێنە؛ پەیجی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ لە فەیسبوك.

 

پەرەگراف

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی لە ئاستی باڵادا كۆبوونەوەو بە فەرمیی پشتوانیی بۆ داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان ڕادەگەیەنن، بەبێ ئەوەی باسلە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ بكەن.

 

كۆبوونەوەی ئەو دوو حزبە لەكاتێكدایە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سلێمانی، هەڵەبجە، كەلار، كۆیە، ڕانیە، پێنجوێن، چەمچەماڵ، تەق تەق، ڕەواندز، سەیدسادق‌و پیرەمەگرون هاوڵاتیان ڕژانەسەر شەقامەكان‌و خۆپیشاندانیان دژی حكومەتی هەرێم دەستپێكرد.

 

خۆپیشاندەران سەرباری داواكردنی پێدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، هاوكات سووربوون لەسەر كۆتایی هاتنی كابینەی ئێستای حكومەت‌و بە دروشمی"بڕوخێ بڕوخی" كارتی سووریان بەڕووی حكومەتدا بەرزكردەوەو ڕەخنەی تووندیان لە دەسەڵاتداران‌و پارتی‌و یەكێتی دەگرت كە 26 ساڵە حوكمی هەرێم دەكەن.

 

لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكاندا، بە سەرپەرشتی عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، ئەو دووحزبە لە سلێمانی كۆبوونەوە.

 

دوای كۆبوونەوەكەش لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەردوو حزب پێكەوە پشتیوانی خۆیان بۆ داواكارییەكانی سەرجەم چین‌و توێژەكانی هەرێم ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی باسلە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ بكەن‌و وشەی خۆپیشاندان لە بەیاننامەكەیاندا بەكاربهێنن.

 

هاوكات بەیاننامەكە هیچ زانیارییەكی نەخستووەتەڕوو دەربارەی پرسی كشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە حكومەتی هەرێم كە بڕیارە سبەینێ جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بڕیاری لەبارەوە بدات‌و چاوەڕوان دەكرێت كشانەوە ڕابگەیەنێت.

 

بەپێی بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكە، گۆڕان‌و كۆمەڵ چەند پرسێكی "گرنگ"‌و پەیوەست بە بارودۆخی هەرێم‌و عێراقیان تاوتوێ كردووەو باسیان لە هەنگاونانی هاوبەش‌و پێویست كردووە بۆ ئەگەرەكانی داهاتوو.

 

"هەروەها هەردوولا جەختیانكردەوە لە پشتگیری داواكارییە رەواكانی كۆمەڵانی خەڵك و سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان كە بەشێوەیەكی مەدەنیانە ئەنجامبدرێت، دوور لە توندوتیژی لە هەرلایەكەوە بێت" بەیاننامەكەی گۆڕان‌و كۆمەڵ وادەڵێت.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ هەرچەندە وەك دوو حزبی ڕەخنەگرو ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەون‌و پەیامەكانیان بڵاودەكەنەوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی لە حكومەتی هەرێم نەكشاونەتەوە.

 

ئەو دوو حزبە لە دوای ڕێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونە هەولێر لەلایەن پارتییەوە لە مانگی 10ی 2015، لەزۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوبۆچوون بوون‌و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووە.

 

دەقی بەیاننامەكەی ئەمڕۆی گۆڕان‌و كۆمەڵ