خۆپیشاندەران كارتی سوور بەڕووی حكومەتی هەرێمدا بەرزدەكەنەوەو داوای "ڕووخاندن"ی دەكەن

18-12-2017 07:32
خۆپیشاندەرێك بەرەوڕووی هێزە ئەمنییەكان وەستاوە لە شەقامی مەولەوی سلێمانی، 18-12-2017. وێنە؛ فازڵ هۆرامی.

 

پەرەگراف

 

خۆپیشاندانی فراوانی هاوڵاتیان، سلێمانی‌و زۆربەی قەزاو ناحیەكانی ئەو پارێزگایەی گرتەوەو خۆپیشاندەران داوای "ڕووخاندن"ی حكومەت‌و دورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستا دەكەن، لەچەند ناوچەیەك توندوتیژی ڕوویداو بارەگای حزبەكان سووتێندران.

 

هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و سەرۆكی پەرلەمان‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری/زانیاری پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندانەكان ڕاگەیاندو داوای ئارامی‌و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی دەكەن.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سلێمانی، هەڵەبجە، كەلار، كۆیە، ڕانیە، پێنجوێن، چەمچەماڵ، تەق تەق، ڕەواندز، سەیدسادق‌و پیرەمەگرون هاوڵاتیان ڕژانەسەر شەقامەكان‌و خۆپیشاندانیان دژی حكومەتی هەرێم دەستپێكرد.

 

خۆپیشاندەران سەرباری داواكردنی پێدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، هاوكات سووربوون لەسەر كۆتایی هاتنی كابینەی ئێستای حكومەت‌و بە دروشمی"بڕوخێ بڕوخی" كارتی سووریان بەڕووی حكومەتدا بەرزكردەوەو ڕەخنەی تووندیان لە دەسەڵاتداران‌و پارتی‌و یەكێتی گرت كە 26 ساڵە حوكمی هەرێم دەكەن.

 

لە هەندێك لەو ناوچانەی خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجامدرا ڕێگا سەرەكییەكان داخران‌و هاتوچۆی نێوان شارەكان پەكخران، لەچەند ناوچەیەكیش دووكان‌و بازاڕ داخران، لە ڕەواندز توندوتیژی ڕوویداو هێزە ئەمنییەكان چەند كەسێكی بزوتنەوەی گۆڕانیان دەستگیركرد، لە پیرەمەگرونیش بارەگای پێنج حزبە سەرەكییەكەو بینای پۆلیسی هاتوچۆو ئاسایش سووتێندران، لە سلێمانی‌و سەیدسادق‌و چەمچەماڵیش گرژی ڕوویداو چەندین كەس برینداربوون.

 

هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەشداریی لە خۆپیشاندانەكەی سلێمانیدا كرد‌و هۆشداریی ئەوەیدا ئەگەر گوێ بۆ داواكاریی خۆپیشاندەران نەگیرێت، "ڕەنگە بە ئاقارێكی دیكەدا بڕوات."

 

د.یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمان لە پەیامێكدا ڕایگەیاند"وەك پشتیوانی لە دەنگی ناڕازی‌و مافخوراوی فەرمانبەران‌و مامۆستایان‌و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بڕیارماندا وەك سەرۆكی پەرلەمان، دەنگمان بخەینە پاڵ ئەو دەنگە مەدەنی‌و ناڕازییەتان‌و بێینە شەقام‌و لەگەڵ هاوارو ناڕەزایی ئێوەدا بەم دەسەڵاتە شكست خواردووە بڵێین، ئێوە هۆكاری ماڵوێرانی‌و هەموو ئەو تەنگەژانەن كە ڕووبەڕووی وڵاتێكی پڕ لە خێر و بێر بووەتەوە. ئێوە هۆكار دۆڕانی نیوەی خاكی كوردستانن، ئێوە هۆكاری بەتاڵانبردنی نەوت‌و سەروەت‌و سامانی ئەم وڵاتەن."

 

بەشدارییەكەی یوسف محەمەد یەكەم بەشداریی بەرپرسێكی باڵای هەرێمە لە ئاستی سەرۆكایەتییەكاندا بۆ پشتیوانیی خۆپیشاندەران دژی دەسەڵات، سەرۆكی پەرلەمان دەشڵێت"دەنگم لەگەڵ دەنگتاندایە. تكایە با هەمومان بە ئارامی‌و بە ڕێگەی مەدەنی و شارستانی گوزارشت لە دەنگی ناڕازیمان بكەین."

 

گۆڕان: پشتیوانی خۆپیشاندانەكان دەكەین

 

لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكاندا، بە سەرپەرشتی عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، ئەو دووحزبە لە سلێمانی كۆبوونەوە.

 

دوای كۆبوونەوەكەش لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەردوو حزب پێكەوە پشتیوانی خۆیان بۆ داواكارییەكانی سەرجەم چین‌و توێژەكانی هەرێم ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی باسلە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ بكەن‌.

 

دواتریش بزووتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەكی دەربارەی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت"ئێستا هەمو پیرۆزیەكان و سەروەری و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بە ژیانی خەڵك و چارەنوسی نەوەكانی ئایندەشەوە، لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەی جدی نەیارو دوژمناندایە، هەر خۆشیان بە كارو كردارو بیركردنەوەیان بون بە بەشێك لە پرۆژەی شكستپێهێنانی ئەو دەستكەوتانەی كە سەدان ساڵە میلەتەكەمان خەباتی بۆ دەكات."

 

گۆڕان دەشڵێت"خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بە سەرجەم چین و توێژەكانەوە بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی، بژێوی ژیان، عەدالەتی كۆمەڵایەتی، ئاشتی كۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی مافەكانیان جوڵەیەكی رەوای بێ چەندو چونی خۆیانەو بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی دەكات."

 

بزوتنەوەی گۆڕان داوای گەیاندنی داواكارییەكان دەكات بەشێوەی ڕێكخراوەیی‌و شارستانیی كە دامودەزگاكانی حكومەت‌و كەرتی تایبەت و بارەگا حزبیەكان‌و موڵك‌و ماڵی هاوڵاتیان پارێزراو بێت، داواش لە هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش‌و پۆلیسی ناوخۆ دەكات كە پارێزگاری كردن‌و پشتیوانیكردنی خۆپیشاندەران لە ئەستۆی ئەوانەو ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەكەن.

 

 

خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ(18-12-2017)ی سەیدسادق. وێنە؛ ئەبوبەكر حسێن.

 

هاوپەیمانی: پشتگیری مافی ڕەوای خەڵكین بۆ خۆپیشاندان

 

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری پشتیوانیی بۆ خۆپیشاندانەكان ڕاگەیاندو داوادەكات ڕێزو ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكرێت‌و هێزەكانی ئاسایش‌و پۆلیس‌و پێشمەرگە پارێزگاری لە مافە مەدەنیەكانی هاوڵاتیان‌و خۆپیشاندەران بكەن.

 

هاوپەیمانییەكە كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت"لێرەشەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكەین هوشیار بن لە پاراستنی ڕێڕەوی مەدەنی وئاشتیخوازانەی خۆپیشاندانەكان و پاراستنی موڵكوماڵی گشتی وڕێگرتن لە دەستێوەردان بۆ بەلاڕیدابردنی داواكاریە ڕەاواكانیان."

 

هاوپەیمانییەكە باسلەوەدەكات توڕەبونی خەڵك لە لێواری "تەقینەوەیەكی مەترسیدار"دایە‌و داوادەكەن بەپەلە چەند هەنگاوێك بگیرێنەبەر لەوانە؛ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی لەدەرەوەی هەژموون و پاوانكاری دەسەڵاتی ئێستا، دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی دەسبەجێ بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و زامنكردنی هەڵبژاردنی پاكوبێگەرد بە كردەوەو ڕێكاری كاریگەر بۆ ڕێگری لە دزینی دەنگ و تەزویری ئیرادەی خەڵك.

 

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری لە كۆتاییدا دەڵێت"لە كاتی بە دەنگەوە نەهاتنی دەسەڵات بۆ جێبەجێكردنی داخوازیەكانی خەڵك، مانگرتن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری وهاودەنگی كۆمەڵانی خەڵك لە كوردستان لە دژی ستەمكاری و نانبڕین مافێكی دیموكراسی و ئەركێكی نیشتمانیە." 

 

لاهور شێخ جەنگی: دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ داوا رەواكانی خەڵك

 

هەر لە درێژەی كاردانەوەی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆدا، لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری/زانیاری پەیامێكی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت"دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ داوا رەواكانی خەڵك و لێرەوە ئێمە خۆمان بە پشتیوانی داوا رەواكانی خەڵكی وڵاتەكەمان دەزانین لە پێناو باشتركردنی دۆخی گوزەران و حوكمڕانیەكی شایستە بەم گەلە، بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەمەدا داواكارین كە خۆپیشاندانەكان بەئاڕاستەی هەڵەدا نەبرێن و پشێوی لێنەكەوێتەوە و دۆخی ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیان نەكەوێتە مەترسیەوە."

 

لاهور شێخ جەنگی ئەوەشدەخاتەڕوو، پاراستنی دامودەزگا مەدەنی و حكومیەكان و بارەگاكان ئەركی هەموو لایەكەو نابێت بەهیچ جۆرێك پەنا بۆ سوتاندن و توندوتیژی ببرێت، "لێرەوە داوا دەكەین كەخەڵك خۆیان لە ئاژاوەنانەوە بپارێزن، چونكە ئەمە دەبێتە بەلاڕێدا بردنی داوا رەواكانیان و رێگر دەبێت لەهەر چاكسازی و بونیادنانێك لە وڵاتدا. ئێمەش بەهەموو شێوەیەك رێگر دەبین لە هەر دەستێك بۆ نانەوەی پشێوی و كاولكاریەك لە وڵاتدا."

 

نەوەی نوێ: بەرەی خۆپیشاندانەكان فراوان بكەن

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری ژنان‌و پیاوان‌و گەنجان لە خۆپیشاندانەكاندا بەرز دەنرخێنێت‌و داوا لە سەرجەم هاوڵاتیان دەكات كە بەرەی خۆپیشاندانەكان فراوان بكەن و ئاستی داواكارییەكان بەرزبكەنەوە، "بۆ كۆتایهاتنی یەكجاری ئەم دەسەڵاتەی كە شەرعیەتی یاسای و جەماوەری لەدەستداوە."

 

نەوەی نوێ لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت"نەوەی نوێ لەرێگەی پەیوەندی و تواناكانی خۆیەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان و عێراق سەرقاڵی گەیاندنی داواكاری خۆپیشاندەرانە و بەردەوامیش دەبێت تا كۆتای یەكجاری ئەم دەسەڵاتە رادەگەیەنرێت. مەرجی سەركەوتنی ئێمەش لە گەیاندنی پەیامی ئێوە بە دەرەوە و مسۆگەركردنی پشتیوانی دەرەوە بۆ كۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە شكستخواردوە ئەوەیە كە بە ئاشتیانە بێت و رێگەنەدەین رامانبكێشن بۆ روبەروبنەوەی یەكتر و زیانگەیاندن بە موڵكی تایبەتی و گشتی."

 

ئەو جوڵانەوەیە كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات‌و بەنیازە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بكات، لە بەیاننامەكەیدا دەشڵێت"لە چەند رۆژی داهاتو مژدەی گرنگ رادەگەینرێت و شۆرشەكەتان دەگاتە ئامانج بەو مەرجەی بەشداری هاوڵاتیان فراوانبكرێت و بەشێوەی ئاشتیانەبێت چونكە ئەو گروپەی ئێستا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە تۆقیون لە راپەرینی ئێوە، بۆیە هەوڵدەدەن بە دروستكردنی توندوتیژی ناشیرینی بكەن، ئەركی هەمولایەكە جگەلەوەی كە بەشداری خۆپیشاندان بكەین، پشتیوانی یەكتر بكەین و رێگە نەدەین (مورتەزەقەكانی) حیزب بخزێنە ناومان بۆ بەلارێدابردنی خۆپیشاندانەكان."

 

پارێزگاری سلێمانی: ڕێگەچارەی قەیرانەكان ببەستنەوە بە هەڵبژاردنەكانەوە

 

پارێزگاری سلێمانی كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی دەربارەی خۆپیشاندانەكان ئەنجامداو داوایكرد هەموولایەك پشتیوان بن بۆ پاراستنی سەروسامانی هاوڵاتیان‌و لایەنەكان ڕێگەچارەی قەیرانەكان ببەستنەوە بە هەڵبژاردنەكانەوە.

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی وتی"لەگەڵ هەموو لایەنەكان كۆبووینەتەوەو تەبان كە داواكارییەكان چەند ڕەوان بە یاساییانە كاریان بۆبكرێت‌و نابێت خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕژێت، خوێنی هەركەسێك لە هەموو پۆستەكان گرنگترە."

 

سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی سلێمانی تەئكیدی لەوەشكردەوە تەواوی بارەگا حزبیی‌و حكومییەكان دەپارێزن‌و ڕێگریی لە توندوتیژی دەكەن. 

 

خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دوای ئەوەدێت هەرێمی كوردستان 3 ساڵە لە قەیرانێكی سەختی داراییدایەو حكومەت سەرباری پاشەكەوتی بڕێك لە مووچە، هێشتا ناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش بكات.

 

هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە هەرێم‌و مووچەی موچەخۆران لەپارەی فرۆشتنی نەوت دابین دەكرێت، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداوە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ئەمساڵ، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو حكومەت ڕوبەڕوی قەیرانێكی سەختتربووەتەوە بۆ دابینكردنی موچە‌و ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن نەكرێت‌و بودجە ڕەوانە نەكات، هەرێم ناتوانێت نیو مووچەش لەكاتی خۆیدا دابەشبكات‌و بەرچاوی ڕوون نییە ساڵی داهاتوو چۆن دەتوانێت مووچە دابین بكات.