دووەم ڕۆژی خۆپیشاندانەكان كوژراو و برینداری لێكەوتەوە

19-12-2017 06:50
بڵاوكردنەوەی هێزی ئەمنیی لە بەردەركی سەرای سلێمانی، 19-12-2017. وێنە؛ فازڵ هۆرامی.

 

پەرەگراف

 

4 خۆپیشاندەر كوژران‌و دەیانی دیكە برینداربوون لە دووەم ڕۆژی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ڕانیە دژی حكومەتی هەرێم، لە چەمچەماڵیش حوكمی عەسكەری ڕاگەیەندرا.

 

لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە سلێمانی‌و قەزاو ناحیەكانی ئەو پارێزگایە بۆ دووەم ڕۆژ خۆپیشاندان تێیاندا بەردەوام بوو، خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆش بەدەر نەبوون لە توندوتیژی‌و زیانی گیانیی‌و ماددی زۆریان لێكەوتەوەو چەندین بارەگای حزبی‌و حكومی لە ناوچە جیاجیاكان سوتێندران.

 

لە ڕانیە خۆپیشاندانەكە زۆرترین زیانی گیانی‌و ماددی لێكەوتەوە، وتەبێژی تەندروستی ڕانیە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا(كاتژمێر 6:25 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ) ڕایگەیاند، لەسنوری قەزای ڕانیە، "تائێستا 4 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوەو هێنراونەتە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە‌و پزیشكی دادوەری، نزیكەی 80 خۆپیشاندەر برینداربوون، ڕێژەیەكی زۆر لە هێزە ئەمنییەكان لەناو بریندارەكاندان‌و بەشێكیان بە فیشەك برینداربوون‌و ئەوانی دیكە بە دارو بەرد."

 

خۆپیشاندەرانی ڕانیە بارەگای كۆمیتەو مەڵبەندی یەكێتی‌و یەكگرتوویان سووتاندو لەكاتی ڕۆیشتنیان بەرەو لقی پارتی شەڕو پێكدادان لەنێوان چەكدارانی لق‌و خۆپیشاندەران ڕوویداو ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران لەوێدا فیشەكیان بەركەوتووە، هاوكات بەرپرسانی پارتی كە بۆ میدیاكانی حزبەكەیان قسەیانكردووە دەڵێن"خۆپیشاندەران چەكیان پێبووەو تەقەیان كردووە."

 

خۆپیشاندەران سەرباری داواكردنی پێدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، هاوكات سوورن لەسەر كۆتایی هاتنی كابینەی ئێستای حكومەت‌و دروشمی"بڕوخێ"ی لەدژ دەڵێنەوە‌و داوای دورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستا دەكەن.

 

هەرچەندە پەرلەمان‌و حكومەت‌و تەواوی حزبەكان داوای داوای ئارامی‌و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی دەكەن، بەڵام توندوتیژییەكان بەردەوامن‌و وەك خۆپیشاندەران دەڵێن"لەزۆر شوێن هێزە ئەمنییەكان دەستپێشخەربوون."

 

هەربەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە لە قەزای چەمچەماڵ دەسەڵاتی سەربازی(حوكمی عەسكەری) ڕاگەیەندراو لەكاتژمێر 8ی ئەم شەوەوە هاتوچۆ قەدەغەكراو سبەینێ كرا بە پشوو، لە كفری‌و تەكیەش بەهەمانشێوە ئەمشەو هاتوچۆ قەدەغەكرا.

 

قائیمقامیەتی چەمچەماڵ لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت"لەسەر ڕاسپاردەی سەرووی خۆمان، ئاگاداری دانیشتوانی قەزای چەمچەماڵ دەكەینەوە سەرجەم دەسەڵاتەكانی لیژنەی ئەمنی دراوە بە دەسەڵاتی سەربازی‌و لەلایەن فەرماندە(جەمالە سور)ەوە سەرپەرشتی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان دەكرێت، بۆیە لەكاتژمێر 8ی ئەم شەوەوە جموجۆڵی هاتووچۆ ڕادەگیرێت."

 

لەناو شاری سلێمانیش هێزێكی زۆری ئەمنیی بڵاوەیان پێكراوەو ڕێگرییان كرد ئەمڕۆ خۆپیشاندەران بچنە بەردەركی سەراو ڕوبەڕوبوونەوە ڕوویداو هێزەكان تەقەیەكی زۆریان بە ئاسمانداكرد، هاوكات بە گازی فرمێسكڕێژ هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن‌و چەندین كەس بەوهۆیەوە بریندرابوون‌و هێزە ئەمنییەكان چەندین خۆپیشاندەریان دەستگیركرد.

 

 

بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ دژی خۆپیشاندەران لە شەقامی مەولەوی سلێمانی، 12-19-2017. تۆماركردنی ڤیدیۆ؛ فازڵ هۆرامی.

 

لە كۆیەش خۆپیشاندەران بینای قائیمقامیەتیان سووتاند‌و تەقەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران كرا لەبەردەم مەڵبەندی یەكێتی، لە قەزای كفریش توندوتیژی ڕوویداو تەقە لە خۆپیشاندەران كرا.

 

خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دوای ئەوەدێت هەرێمی كوردستان 3 ساڵە لە قەیرانێكی سەختی داراییدایەو حكومەت سەرباری پاشەكەوتی بڕێك لە مووچە، هێشتا ناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش بكات.

 

هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە هەرێم‌و مووچەی موچەخۆران لەپارەی فرۆشتنی نەوت دابین دەكرێت، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداوە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ئەمساڵ، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو حكومەت ڕوبەڕوی قەیرانێكی سەختتربووەتەوە بۆ دابینكردنی موچە‌و ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن نەكرێت‌و بودجە ڕەوانە نەكات، هەرێم ناتوانێت نیو مووچەش لەكاتی خۆیدا دابەشبكات‌و بەرچاوی ڕوون نییە ساڵی داهاتوو چۆن دەتوانێت مووچە دابین بكات.