گۆڕان‌و كۆمەڵ لە حكومەت كشانەوە

20-12-2017 03:49
كۆبوونەوەی عەلی باپیرو عومەری سەید عەلی، 18-12-2017. وێنە؛ پەیجی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ لە فەیسبوك.

 

پەرەگراف

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە بڕیاری كشانەوەیاندا لە حكومەتی هەرێمی كوردستانو پشتیوانیی بۆ خۆپیشاندانەكان ڕادەگەیەنن‌و دەڵێن، لە خەباتی مەدەنی بەردەوام دەبن، هەروەها گۆڕان دەستی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش هەڵگرت‌و ڕێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ یەكێتی هەڵپەسارد.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا باسلەوەدەكەن، دەسەڵات شەراكەتی ڕاستەقینەی قبوڵ نەكردووەو ئامادە نەبووە چاكسازیی ڕاستەقینە ئەنجام بدات، ئەوەشدەخەنەڕوو، بۆئەم قۆناغە كۆكردنەوەی هێزو لایەنە سیاسییەكان لە هاوپەیمانی‌و بەرەیەكدا بەئەركێكی هەنوكەیی ئەمڕۆ دەزانن. 

 

بەپێی میدیاكانیان، بڕیاری ئەو دوو حزبە بۆ كشانەوەی لەحكومەت دوای چەند ڕۆژێك هاتووە لە گفتوگۆی نێوانیان‌و هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێم، ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانی فراوان پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەكانی گەرمیان‌و ڕاپەڕینی گرتەوە چەندین كەس بە تەقەی هێزە چەكدارەكان كوژران‌و برینداربوون، ئەمڕۆش سەرباری بڵاوكردنەوەی چڕی هێزی ئەمنیی، لەچەند ناوچەیەك خۆپیشاندان بەردەوام بوو.

 

خۆپیشاندەران سەرباری داواكردنی پێدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، هاوكات سوورن لەسەر كۆتایی هاتنی كابینەی ئێستای حكومەت‌و دروشمی"بڕوخێ"ی لەدژ دەڵێنەوە‌و داوای دورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستا دەكەن.

 

هەرچەندە پەرلەمان‌و حكومەت‌و تەواوی حزبەكان داوای داوای ئارامی‌و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی دەكەن، بەڵام توندوتیژییەكان بەردەوامن‌و وەك خۆپیشاندەران دەڵێن"لەزۆر شوێن هێزە ئەمنییەكان دەستپێشخەربوون."

 

كشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە حكومەت دوای ئەوەدێت كە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ قەوارەكەی بەرهەم ساڵح چەندجارێك داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی ئێستاو پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیان كردووە.

 

گۆڕان بە چوار وەزیر(پێشمەرگە، دارایی، پیشەسازی، ئەوقاف)و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان‌و كۆمەڵ بە وەزیری كشتوكاڵ‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە‌و سەرۆكی دەزگای مین بەشداربوون لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ لە دوای ڕێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونە هەولێر لەلایەن پارتییەوە لە مانگی 10ی 2015‌و دورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت، لەزۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوبۆچوون بوون‌و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووە.

 

ئەو دوو حزبە هەرچەندە وەك ڕەخنەگرو ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەوتن‌و پەیامەكانیان بڵاودەكردەوە، بەڵام لە حكومەتی هەرێم نەكشابوونەوە.
هەر ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاریدا دەست لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەڵبگرێت‌و د.یوسف محەمەد دەستلەكار كێشانەوەی پێشكەش بكات.

 

هاوكات لە بڕیارێكی دیكەدا جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ڕێككەوتنە سیاسییەكەیانی لەگەڵ یەكێتی هەڵپەسارد.

 

ڕێككەوتنی سیاسی ئەو دوو حزبە لە 17-5-2016وە واژۆكراوە، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەكراوەو گۆڕان لە ڕابردوودا چەندینجار ڕەخنەی تووندی لە یەكێتی گرتووە كە ئامادە نییە ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكات.

 

گۆڕان‌و یەكێتی لە دوای ڕێككەوتنەكەیان لە چەندین وێستگەی گرنگدا یەكتریان بەجێهێشتووەو بە پێچەوانەوە هەڵوێستیان وەرگرتووە.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلول‌و پێكهێنانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق‌و دواتر گۆڕینی ناوەكەی بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان، لەدیارترین ئەو پرسانە بوون كە گۆڕان‌و یەكێتی بە پێچەوانەی یەكترییەوە هەڵوێستیان تێدا وەرگرت، تەنانەت گۆڕان ئامادەنەبوو پێشوازی لە وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بكات لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.

 

هەروەها كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان ویستی لەڕێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ یەكێتی ڕیفراندۆم لەژێر دەستی مەسعود بارزانی دەربهێنێت‌و بیخاتە ژێردەستی پەرلەمان، یەكێتی شكستی بە هەوڵەكەی هێنا.

 

دەقی بەیاننامەكەی گۆڕان‌و كۆمەڵ

 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

 

جەماوەری كوردستان

 

پارتە سیاسیەكان

 

هەڵسوڕاو كادرو ئەندامان و دەنگدەران

 

ئێمە كۆمەڵی ئیسلامیی و بزوتنەوەی گۆڕان پاش چەندین ساڵ لە خەبات لەپێناو بەرپاكردنی حوكمێكی رەشید و نەهێشتنی گەندەڵی و چەسپاندنی شەفافیەت و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی و نوسینەوەی دەستور و رێكخستن و بەسیستەمكردنی دامەزراوەكانی حوكمڕانی بەگشتی وهێزەكانی پیشمەرگەو ئاسایش بەتایبەتی و دروستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی وە خزمەت كردنی هاوڵاتیان، وە بێلایەنكردنی دەسەڵاتی دادوەری بۆپاراستنی مافوئازادییەكانی هاوڵاتیانی كوردستان.

 

بەشداریكردنی گۆران و كۆمەڵ لەحكومەتی بنكە فراوانی كابینەی هەشت، پێویستیەكی قۆناغەكە بو، بۆ ئەوەی وێنەی سیستەمی حوكومرانی لەهەرێمی كوردستان و پرۆسەی سیاسی راست بكرێتەوەو رۆڵێكی كاریگەرمان لەپرسی چاكسازی و ریشەكێشكردنی گەندەڵی لەهەرێمی كوردستان هەبێت.

 

لێرەدا پێویستە ئەو راستیە بیربخەینەوە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەشیوازێكی بەرفراوان درێژەیاندا بە گەندەڵی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی و هەروەها بەدەر لە یاساكان ماوەی دوساڵی تریان بۆ سەرۆكی هەرێم درێژكردەوە، دواتر پەرلەمانی كوردستانیان پەكخست و كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمیان ئیفلیج كرد، وەك هەمیشە شەراكەتی راستەقینەیان قبول نەكرد وە ئامادەش نەبون چاكسازی راستەقینە ئەنجام بدریت.

 

دەسەڵاتداران بەهۆی عەقلییەت و شكستی فۆرمیی حكومرانیان هەرێمیان توشی قەیرانیكی گەورەی ئابوری و دارای كرد، دواجاربەهۆی سیاسەتی نا واقیعی و عینادی، هەلەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم كوردستانیان توشی شكست و هەرەسێكی مێژوی، سیاسی، سەربازی، مەعنەوی، جەماوەری، ئابوری و دارایی كرد.

 

لەدوای روداوەكانی پاش ریفراندۆم ویستمان دەرفەتێك بدەین تاكو دەسەڵات بەدەم ئەركی قۆناغەكەوە بێت و حكومەتێكی كاتی دابمەزرێنین بۆئەوەی ئیدارەی گفتوگۆیەكی سەركەوتو لەگەڵ بەغداد بدات و كار بۆ چاككردنی موچە و بژێوی خەڵكی بكات و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكات، دوایی پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران لەسەدان هەزار دەنگی ساختە، بەڵام پاش چەند مانگێك لە چاوەڕوانی دەئەرنجام بێ ئومێد بوین لە مانەوە لەم حكومەتەدا و ئەم بڕیارەشمان پیشتر لەلایەن هەردو لاوە وەرگیراوە لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە بە پێویستمان زانی دوای بخەین، بۆیە رایدەگەیەنین:

 

1- كشانەوەی بزوتنەوەی گۆران وكۆمەلی ئیسلامی لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

2- لە ئێستاشدا بەپێویستی دەزانین ئەم حكومەت هەڵبوەشێتەوە و حكومەتێكی كاتی پێكبهێنرێت.

 

3- پشتیوانی لە هەمو داواو داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەران دەكەین لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی بێ توندوتیژی.

 

4- هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارن لە پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران وە هیچ پاساوێك نییە بۆ گرتن و ئازاردان وكوشتنی خۆپیشاندەران، هەر لێرەوە داوا دەكەین هەمو ئەوانەی لەسەر خۆپیشاندان دەستگیر كراون ئازاد بكرین و هاوكات دیاردەی سوتاندنی بنكە و بارەگای حكومی و حیزبی ئیدانە دەكەین وە بەكارێكی ناشارستانی دەزانین.

 

5- هەر هەڵبژاردنێك لە كوردستان بێ پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران هیچ ماهیەت و نرخێكی نیە و پێشتر ئەنجامەكەی مسۆگەر كراوە!.

 

بۆ بەدیهێنانی ئامانجی گەلەكەمان وەتێپەراندنی ئەم قۆناغە لە خەباتی مەدەنی بەردەوام دەبین بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی بەختەوەر و ئازادو دادی كۆمەڵایەتی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بەپێی دەستور و لەسەرو هەمویانەوە ماددەی (140) و هەمو فشارێك دەخەینە گەڕ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، وە حكومەت ناچارە مل بدات بۆ داخوازیە رەواكانی خەڵكی كوردستان، وە ئەمەش دە كەینە سەرەتای قۆناغێكی نوێی سیاسی، وە كۆكردنەوەی هیزو لایەنە سیاسییەكان لە هاوپەیمانی و بەرەیەكدا بەئەركێكی هەنوكەیی ئەمرۆ دەزانین.

 

بزوتنەوەی گۆڕان    كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان

20 / 12 /2017