نێچیرڤان بارزانی خۆپیشاندانەكان بە "دروستكردنی ئاژاوە" ناودەبات‌و دەڵێت: دەستی لە پشتە

21-12-2017 01:53

 

پەرەگراف

 

نێچیرڤان بارزانی خۆپیشاندانەكانی پارێزگای سلێمانی بە "دروستكردنی ئاژاوە" نادەبات‌و دەڵێت، دەستی لەپشتەوەیەو خەڵك هەیە پاڵپشتیی دەكات بۆئەوەی زیاتر "ئاژاوە دروستبكات."

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا تەئكیدی لەوەكردەوە، حكومەت جدییە لەوەی ڕێگەنەدات ئەو "ئاژاوە"یەی كە هەیە پەرەبستێنێت، دەربارەی كشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی لە حكومەت وتی، یاری بە عەقڵی خەڵك دەكەن.

 

ئەو وتانەی نێچیرڤان بارزانی دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ چوار ڕۆژە خۆپیشاندان لە پارێزگای سلێمانی‌و قەزاو ناحیەكانی بەردەوامەو تائێستا چەند خۆپیشاندەرێك بە تەقەی هێزە چەكدارەكان كوژراون‌و دەیانی دیكەش برینداربوون، خۆپیشاندەران چەندین بارەگای حكومی‌و حزبییان لە ناوچە جیاوازەكان سوتاندووە.

 

"دروستكردنی ئاژاوەو سوتاندنی بارەگای حزبی‌و حكومی ناكەوێتە چوارچێوەی دەبڕینی داواكاریی، دەستێكی تێكدەرهەیە بۆ ئاڕاستەكردن‌و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندەران، ئێمە وەكو حكومەت زۆرجدین‌و ڕێگە نادەین ئەمە ڕووبدات" نێچیرڤان بارزانی وای وت.

 

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕوو، خەڵك هەیە پاڵپشتییان دەكات بۆئەوەی زیاتر "ئاژاوە" دروستبكات، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ كەس‌و لایەنێك بهێنێت، وتی"ئەمە خرۆشێكی جەماوەریی نییەو دەستێكە بۆ تێكدان، لە داواكاریی خەڵك تێدەگەین، بەڵام ئەمڕۆ پێویستمان بە یەكڕیزی هەیە."

 

ئەوە یەكەمجار نییە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆپیشاندان بە نانەوەی ئاژاوەو هەبوونی دەستێك بۆ تێكدان تۆمەتبار بكەن، لە ماوەی ڕابردوودا دەسەڵاتی كوردی بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو خۆپیشاندانانە كردووە كە بە فراوانی لەناوچە جیاجیاكان دەستیان پێكردووە.

 

نێچیرڤان بارزانی وتیشی"لەكاتێكدا ئەم ئاژاوانە لە سلێمانی دەستیپێكرد كە هێزە عێراقییەكان هەڕەشەیان دەستپێكرد لە مەخمور. لەبەردەم هەڕەشەیەكی جددیداین‌و موئامەرەیەكی گەورەتر لەوەی هەستی پێدەكرێت لەسەر هەرێم هەیەو یەكڕیزیی دەتوانێت دەربازمان بكات."

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم داواكاریی خەڵكی دەربارەی بژێوی ژیانیان بە ڕەوا ناوبرد، بەڵام وتی، داهاتی هەرێم بۆ نیوە كەمبووەتەوە لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك لەلایەن عێراقەوە لە ناوەڕاستی مانگی 10، وتی"بەپێی یاسا بەرپرسیارێتیمان هەیە حەدێك بۆئەو فەوزایە دابنێین‌و دەبێت ڕابگیرێت."

 

هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی خۆپیشاندانی بە مافی ڕەوای خەڵك ناوبرد، بەڵام بێئاگایی خۆی پیشاندا لەوەی لە هەولێر مۆڵەت نەدراوە بە خۆپیشاندانێكی هێمنانە، وتیشی"ئەوانەی فەوزا دروستدەكەن 2 هەزار كەس دەبن‌و خەڵكی كوردستان دژی ئەوەیە."

 

خۆپیشاندەران سەرباری داواكردنی پێدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، هاوكات سوورن لەسەر كۆتایی هاتنی كابینەی ئێستای حكومەت‌و دروشمی"بڕوخێ"ی لەدژ دەڵێنەوە‌و داوای دورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستا دەكەن.

 

هەرچەندە پەرلەمان‌و حكومەت‌و تەواوی حزبەكان داوای داوای ئارامی‌و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی دەكەن، بەڵام توندوتیژییەكان بەردەوامن‌و وەك خۆپیشاندەران دەڵێن"لەزۆر شوێن هێزە ئەمنییەكان دەستپێشخەربوون."

 

نێچیرڤان بارزانی بۆ گۆڕان‌و كۆمەڵ: یاری بە عەقڵی خەڵك دەكەن

 

بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی نێچیرڤان بارزانی باسكردن بوو لە كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەتی هەرێم.

 

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەكرد ڕێز لە بڕیارەكەیان دەگرن بۆ كشانەوە، بەڵام چورساڵە پێكەوە لەگەڵمانن ئێستا تێدەگەن دۆخەكە چۆنە؟، وتی"دەیانەوێت یارییەكی سیاسی بە عەقڵی ئەو خەڵكە بكەن، 3 مانگمان ماوە بۆ هەڵبژاردن ئێستا تێگەیشتن كەموكورتی هەیە؟ سندوقی دەنگدان یەكلایی دەكاتەوەو بە كشانەوە هیچ چارەسەر نابێت."

 

كشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە حكومەت دوای ئەوەدێت كە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ قەوارەكەی بەرهەم ساڵح چەندجارێك داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی ئێستاو پێكهێنانی حكومەتێكی نوێیان كردووەو ئێستا سوورن لەسەر هەمان داواكاریی.

 

دەربارەی هەڵوەشانەوەی حكومەت نێچیرڤان بارزانی وتی"هەڵوەشانەوەی حكومەت لە ئارادانییەو نازانین بۆ دەبێت هەڵبوەشێتەوە، ئەم حكومەتە خۆی كاتییەو 3 مانگی دیكە هەڵبژاردن دەكرێت."

 

گۆڕان بە چوار وەزیر(پێشمەرگە، دارایی، پیشەسازی، ئەوقاف)و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان‌و كۆمەڵ بە وەزیری كشتوكاڵ‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە‌و سەرۆكی دەزگای مین بەشداربوون لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ لە دوای ڕێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونە هەولێر لەلایەن پارتییەوە لە مانگی 10ی 2015‌و دورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت، لەزۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوبۆچوون بوون‌و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووە.

 

ئەو دوو حزبە هەرچەندە وەك ڕەخنەگرو ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەوتن‌و پەیامەكانیان بڵاودەكردەوە، بەڵام لە حكومەتی هەرێم نەكشابوونەوە.