میدیای نێودەوڵەتی لە ڕووماڵی خۆپیشاندانەكانی هەرێمدا باسلە گەندەڵیی دەسەڵاتی كوردی دەكەن

21-12-2017 07:42
خۆپیشاندەرێك بەرد دەگرێتە هێزەكانی حكومەتی هەرێم لە سلێمانی، 18-12-2017. وێنە؛ ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف

 

میدیاو توێژەرانی بیانی بەگرنگییەوە ڕوماڵی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن‌و باسلە گەندەڵیی دەسەڵاتی كوردی‌و فشارەكانی سەر ڕاگەیاندن‌و ڕۆژنامەنوسان دەكەن، توێژەرێكی ئەمەریكیش دەڵێت، چیتر كوردەكان وەهمی چاكسازیی قبوڵ ناكەن.

 

ئەمڕۆ چوار ڕۆژە خۆپیشاندان لە پارێزگای سلێمانی‌و قەزاو ناحیەكانی بەردەوامەو تائێستا چەند خۆپیشاندەرێك بە تەقەی هێزە چەكدارەكان كوژراون‌و دەیانی دیكەش برینداربوون، خۆپیشاندەران چەندین بارەگای حكومی‌و حزبییان لە ناوچە جیاوازەكان سوتاندووە.

 

خۆپیشاندەران سەرباری داواكردنی پێدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، هاوكات سوورن لەسەر كۆتایی هاتنی كابینەی ئێستای حكومەت‌و دروشمی"بڕوخێ"ی لەدژ دەڵێنەوە‌و داوای دورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستا دەكەن.

 

مایكڵ ڕۆبن توێژەرو نوسەری ئەمەریكی لەوتارێكیدا لەبارەی شەپۆلی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستانەوە كە لەژێر ناونیشانی "ئایا بەهاری كوردیی لێرەیە" بڵاویكردوەتەوە، ڕەخنەی توند لەدەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرێت.

 

ئەو توێژەرە ئەمەریكییە كە چاودێری ڕووداوەكانی كوردستان دەكات‌و لەسەر زۆربەیان قسەی هەیە، باسلەوەدەكات كوردەكان چیتر ناخوازن وەهمی چاكسازیی قبوڵ بكەن، ئەوەشدەخاتەڕوو، هەرچەندە مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستەكەی بووە، بەڵام تائێستاش لە كۆشكەكەیدا ماوەو خۆی‌و خێزانەكەی لەدەسەڵاتدا ماون، دەشڵێت"ئەو هێزە ئەمنیانەی ئەو و تاڵەبانییەكان كۆنتڕۆڵیان كردوون، شاسوار عەبدولواحیدیان دەستگیركردووەو تەلەفزیۆنەكەیان داخستووە."

 

لەبارەی ڕۆڵی ئەمەریكاوە، مایكڵ ڕۆبن دەڵێت"ئێستا كاتی ئەوەیە(ئەمەریكا) درك بەوە بكات وەستان‌و پاڵپشتیكردن لە كوردەكان‌و پاڵپشیكردنی سەركردایەتی كورد دوو شتی جیاوازن. یەكەمیان شایانی پاڵپشتییكردنەو دووەمیان شایانی نییە."

 

ئەو توێژەرە ئەمەریكییە دەشڵێت"بارزانی‌و تاڵەبانی ڕەنگە پێیانوابێت نەبوونی ئاگاداركردنەوەیەكی فەرمیی بەمانای هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە بۆ تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، بەڵام ئەوە وەها نییە. بەشێوەیەكی زیاتر ئەوە ڕووندەبێتەوە كە هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ كوردەكانی عێراق لە بەغدا، نەجەف یاخود كەربەلاوە نییە، بەڵكو هەڕەشە ڕاستەقینەكە لەدوو خێزانەوە دێن لە هەولێر(مەبەست خێزانی بارزانی‌و تاڵەبانییە)."

 

هەرچەندە پەرلەمان‌و حكومەت‌و تەواوی حزبەكان داوای داوای ئارامی‌و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی دەكەن، بەڵام توندوتیژیی لە خۆپیشاندانەكاندا بەردەوامن‌و ئەو شارانەی خۆپیشاندانیان تێدادەكرێت هێزی زۆری سەربازییان بۆ نێردراوە، وەك خۆپیشاندەران دەڵێن"لەزۆر شوێن هێزە ئەمنییەكان دەستپێشخەربوون بۆ دروستبوونی توندوتیژی."

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ خۆپیشاندانەكانی پارێزگای سلێمانی بە "دروستكردنی ئاژاوە" ناوبرد‌و وتی، دەستی لەپشتەوەیەو خەڵك هەیە پاڵپشتیی دەكات بۆئەوەی زیاتر "ئاژاوە دروستبكات."

 

 ماڵپەڕی فاینەنشیاڵ تایمز، لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئەم جارەی هەرێمی كوردستانەوە ئەوەدەخاتەڕوو كە زۆربەی توڕەییەكانی ئەو خۆپیشاندەرانە"دژی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكانی ئەو هەرێمەن، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە دەستیان گرتووە بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان."

 

فاینەنشیاڵ تایمز نوسیویەتی"ڕەخنەگران دەڵێن كە ئەو دوو پارتە لە ڕووی ئابوورییەوە لەگەندەڵی سودمەندبوون، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری هاوڵاتیان دەناڵێنن."

 

هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز كە بەردەوام ڕوماڵی دواین زانیارییەكانی خۆپیشاندان‌و ڕووداوەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئەم هەفتەیەوە باسی لە داخستنی كەناڵی ئێن ئاڕتی كردووەو نووسیویەتی"هێزەكانی ئاسایشی كوردیی لە ڕۆژی سێشەممەدا هەڵیانكوتایە سەر كەناڵی ئەهلیی ئێن ئاڕتی لە پارێزگای سلێمانی‌و پەخشی كەناڵەكەیان وەستاند."

 

ڕۆیتەرز باسیلەوەشكردووە، دامەزرێنەری ئێن ئاڕتی‌و كەسایەتی ئۆپۆزسیۆن شاسوار عەبدولواحید بەهەمان شێوە لەفڕۆكەخانەی سلێمانی دەستگیركراوەو خێزانەكەی داوای ئازادكردنی دەكەن.

 

سەرچاوەیەكی ئاسایش بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە كە هێزە ئەمنییەكان لەشاری هەولێر بڵاوەیان پێكراوە تا ڕێگریی بكەن لە گواستنەوەی ئەو دۆخەی لە سلێمانی هەیە بۆ پایتەختی هەرێمی كوردستان.

 

خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دوای ئەوەدێت هەرێمی كوردستان 3 ساڵە لە قەیرانێكی سەختی داراییدایەو حكومەت سەرباری پاشەكەوتی بڕێك لە مووچە، هێشتا ناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش بكات.

 

هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە هەرێم‌و مووچەی موچەخۆران لەپارەی فرۆشتنی نەوت دابین دەكرێت، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداوە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ئەمساڵ، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو حكومەت ڕوبەڕوی قەیرانێكی سەختتربووەتەوە بۆ دابینكردنی موچە‌و ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن نەكرێت‌و بودجە ڕەوانە نەكات، هەرێم ناتوانێت نیو مووچەش لەكاتی خۆیدا دابەشبكات‌و بەرچاوی ڕوون نییە ساڵی داهاتوو چۆن دەتوانێت مووچە دابین بكات.