جوڵانەوەی نەوەی نوێ: تەندروستی شاسوار عەبدولواحید لە مەترسیدایە

22-12-2017 05:04
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.

 

پەرەگراف

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ داواكارییەكی بەپەلە ئاڕاستەی پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق‌و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات‌و ڕایدەگەیەنێت، تەندروستی شاسوار عەبدولواحید لە مەترسیدایە‌و داوادەكات بەپەلە دەستوەردان بكەن‌و ژیانی لە مەترسی ڕزگار بكەن.

 

هاوكات هاوسەرو منداڵەكانی شاسوار عەبدولواحید داوا لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ‌و نوێنەرو كونسوڵخانەی‌ وڵاتان لە هەرێمی‌ كوردستان دەكەن هەوڵێكی‌ جدی‌ بدەن تاوەكو چارەنوسی‌ ئاشكرا بكەن، دەڵێن"وەك سەرەتایترین مافیش دەرفەت بدرێت من و منداڵەكانمان چاومان پێیبكەوێت."

 

شاسوار عەبدولواحید 19 ئەم مانگە لە دووەم ڕۆژی خۆپیشاندانەكاندا دوای گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستگیركرا، تائێستا هێزە ئەمنییەكان هیچ ڕونكردنەوەیەكیان لە بارەی دەستگیركردن‌و ڕەوشی ژیانی نەداوە.

 

ئەمڕۆش جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند"لە رۆژی 19 دیسەمبەر پاش رفاندنی لەلایەن هێزی چەكداری سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە فرۆكە خانەی سلێمانی، شاسوار دۆخی تەندروستی تێكچووە و تائێستاش رێگە بە چارەسەركردنی نادرێت، رێگە بە بینی نە لەلایەن پارێزەر‌ نە لەلایەن خێزانەكەیەوە نەدراوە."

 

جوڵانەوەكە داوای دەستورەدانی بەپەلە لە ڕێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و حكومەت‌و پەرلەمانی عێراق دەكات كە بە فریای ژیانی شاسوار بكەون لە 24 كاتژمێری داهاتوودا.

 

"وەك جولانەوەی نەوەی نوێ لە سەبەینێوە رێكاری مەدەنی و یاسای دژ بە رفاندن و گۆشەگیركردنی تەواوی بەندكراوانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەگرینەبەر و هەتا دڵنیابون لە سەلامەتی و ئازادی تەواوی دەستگیركراوان لە رۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكانەوە."

 

ماوەی 5 ڕۆژە خۆپیشاندان لە چەند شارو شارۆچكەیەكی پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە، بۆ ڕێگریی لە خۆپیشاندان هێزی ئەمنیی زۆر لە شارەكان بڵاوكراونەتەوەو تائێستا دەیان كەسیان دەستگیركردووە.

 

تائێستا هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە‌و لە پشكی گۆڕان لەوپۆستەدایە، هیچ لێدوان‌و ڕونكردنەوەیەكی نەداوە دەربارەی دەستگیركردنی هاوڵاتیان كە میدیای بزووتنەوەكەی بە"ڕەشبگیری" ناوی دەبات.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری‌و هەڵوێستی هەڤاڵ ئەبوبەكر پەیوەندی بە ناوبراوەوەكرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

 

دەقی بەیاننامەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

 

داواكارییەكی بەپەلە لە جولانەوەی نەوەی نوێ وە

 

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

 

حكومەتی فیدراڵی عێراق

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا

 

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق

 

باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق

 

نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا

 

رێكخراوی ئەمنێستی ئینەتەرناشناڵ

 

رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی

 

خاچی سوری نێودەوڵەتی

 

تەندروستی شاسوار عەبدولواحید لە مەترسیدایە!

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوا لە هاوڵاتیانی كوردستان، هێزە عێراقی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، قونسوڵگەری و باڵوێزخانەی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و ناوەندە جیهانییەكان دەكات كە بەپەلە دەستوەردان بكەن و ژیانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە مەترسی رزگاربكەن.

 

داواش لە رێكخراوی ئەمنێستی و رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ دەكەین كە بەخێرایی كاربكەن بۆ پاراستنی گیانی شاسوار و هاورێكانی بەزوترین كات.

 

لە رۆژی 19 دیسەمبەر پاش رفاندنی لەلایەن هێزی چەكداری سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە فرۆكە خانەی سلێمانی، شاسوار دۆخی تەندروستی تێكچووە و تائێستاش رێگە بە چارەسەركردنی نادرێت، رێگە بە بینی نە لەلایەن پارێزەر‌ نە لەلایەن خێزانەكەیەوە نەدراوە.

 

بۆیە داوای دەستورەدانی بەپەلە لە رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكومەت و پەرلەمانی عێراق دەكەین كە بە فریای ژیانی شاسوار بكەون لە 24 چوار كاتژمێری داهاتو دا.

 

وەك جولانەوەی نەوەی نوێ لە سەبەینێوە رێكاری مەدەنی و یاسای دژ بە رفاندن و گۆشەگیركردنی تەواوی بەندكراوانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەگرینەبەر و هەتا دڵنیابون لە سەلامەتی و ئازادی تەواوی دەستگیركراوان لە رۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكانەوە.

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
22-12-2017

 

بەیاننامەیەك لەهاوسەر و منداڵەكانی‌ شاسوار عەبدولواحیدەوە

 

ماوەی‌ چوار رۆژە شاسوار عەبدولواحیدی‌ هاوسەرم، لەلایەن چەند كەسێكەوە بە دوو ئۆتۆمبێلی‌ جام ڕەش لەنێو فرۆكەخانەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ فڕێنراوەو تاوەكو ئێستا بێ‌ سەرو شوێنە، داوا لەرێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ و نوێنەرو كونسوڵخانەی‌ وڵاتان لەهەرێمی‌ كوردستان دەكەم هەوڵێكی‌ جدی‌ بدەن تاوەكو چارەنوسی‌ شاسوار عەبدولواحید ئاشكرا بكەن و وەك سەرەتایترین مافیش دەرفەت بدرێت من و منداڵەكانمان چاومان پێیبكەوێت.

 

دوبارەی‌ دەكەینەوە كە چارەنوس و ژیانی‌ شاسوار عەبدولواحید لەئەستۆی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستاندایە.

 

هاوسەرو منداڵەكانی‌ شاسوار عەبدولواحید
22/12/2017