پەكەكە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ بە چارەسەری كێشەكانی هەرێم دادەنێت

23-12-2017 09:06
جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە). وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

پەكەكە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ بە چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان دادەنێت و خۆپیشاندانەكانی خەڵك بە "ڕاپەڕین"‌و جێگای سەربەرزیی ناودەبات‌.

 

لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندان لە پارێزگای سلێمانی‌و قەزاو ناحیەكانی ئەنجامدراو چەند خۆپیشاندەرێك بە تەقەی هێزە چەكدارەكان كوژران‌و برینداربوون، خۆپیشاندەران چەندین بارەگای حكومی‌و حزبییان لە ناوچە جیاوازەكان سوتاند.

 

جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە، چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) دەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان، بە كەناڵی ڕۆناهی تیڤی ڕاگەیاندووە، خەڵك تێگەیشتوون كە ئەو سیاسەتەی ئێستا لە باشور بەڕێوەدەچێت ناتوانێت وەڵامی گونجاو بداتەوە بۆ قەیرانەكان، دەڵێت"لە ئێستاشدا پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی دیموكراتی دەتوانێت كێشەكان چارەسەربكات."

 

بەچارەسەر دانانی حكومەتێكی نوێ بۆ دۆخی ئێستای هەرێم، هاوكاتە لەگەڵ هەمان داواكاریی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح.

 

هاوسەرۆكی كەجەكە باسلەوەشدەكات، ئەو دۆخەی ئێستا لە باشور هەیە پێشبینییەكانی ئەوان پشتڕاست دەكاتەوە كە پێشتر وتبوویان ئەو سیاسەتەی لە باشوری كوردستان بەڕێوەدەچێت سودی خەڵكی بە دواوە نابێت‌و زیانێكی گەورە بە گەلی كورد دەگەیەنێت.

 

"پاش ڕیفراندۆمەكە حكومەتی عێراقی بەشێكی زۆری خاكی باشوری كوردستانی خستەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانییەوە، ئەوە قەیرانەكانی قووڵتر كردەوە، خەڵك بەهیوای ئەوە بوون كە پاش شكستی ڕیفراندۆم سیاسەتێكی نوێ بێتە ئاراوە، بەڵام هیچ نەگۆڕا، بۆیە خەڵك لە بەرامبەریدا وەستانەوە" بایك وادەڵێت.

 

ئەوە لەكاتێكدایە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، خۆپیشاندانەكانی پارێزگای سلێمانی بە "دروستكردنی ئاژاوە" ناوبردو وتی، دەستی لەپشتەوەیەو خەڵك هەیە پاڵپشتیی دەكات بۆئەوەی زیاتر "ئاژاوە دروستبكات."

 

خۆپیشاندەران سەرباری داواكردنی پێدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، هاوكات سوورن لەسەر كۆتایی هاتنی كابینەی ئێستای حكومەت‌و دروشمی"بڕوخێ"ی لەدژ دەڵێنەوە‌و داوای دورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستا دەكەن.

 

لە سێیەم ڕۆژی خۆپیشاندانەكانیشدا كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا خۆپیشاندانەكانی بە "ڕاپەڕین" ناوبردو داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی بە ڕەواو دیموكراسی لەقەڵەمدا.

 

هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە ڕایگەیاند"ڕاپەڕینی خەڵك بۆ بەدیموكراتیكردنی باشوری كوردستان كاریگەرەو پێویستە كۆمیتەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە بەشداربوونی هەموو حزبە سیاسسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و دیموكراتی پێكبێت بۆ ئەوەی داواكارییەكانی خەڵك جێبەجێ بكات."

 

كەجەكە داواشیكرد ڕێگاچارەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزرێتەوەو سیستمێك لە باشوری كوردستان دابمەزرێت كە خەڵك بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردنیدا بەشداری بكەن.

 

"ئەو هێزە سیاسییانە باشوری كوردستان كە بە ساڵان بۆ ئازادی گەلی كورد تێكۆشاون، دەبێت بە دروستی لە ڕاپەڕینی خەڵك تێبگەن و چارەسەرییەكی بۆ بدۆزنەوە، لە هێزە سیاسییە كوردەكان ناوەشێتەوە كە وەك دەسەڵاتداران و دەوڵەتە ناوندییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی داواكاری خەڵك بۆ دیموكراسی ببنەوە" كەجەكە وای وت.

 

كەجەكە لەگەڵئەوەی داواكاریی خەڵكی بە دیموكراسی‌و ڕەوا لە قەڵەمدا، وتی"بەڵام نابێت هەڵوێستێك بگرن كە داواكارییە ڕەواكەیان بە ناحەق پیشان بدات و توندتیژی بەكاربێنن، پێویستە داواكارییە دیموكراتییەكانیان بە شێوەیەكی دیموكراتی‌و شەرعی ڕابگەیەنن، نابێت بارەگاكان بسووتێنن و بیانڕوخێنن، لە بەرامبەردا ئەو هێزانەی بەڕێوەبرایەتییان لە دەستدایە نابێت دژی خەڵك توندوتیژی بەكاربێنن."

 

خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دوای ئەوەدێت هەرێمی كوردستان 3 ساڵە لە قەیرانێكی سەختی داراییدایەو حكومەت سەرباری پاشەكەوتی بڕێك لە مووچە، هێشتا ناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش بكات.

 

هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە هەرێم‌و مووچەی موچەخۆران لەپارەی فرۆشتنی نەوت دابین دەكرێت، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداوە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ئەمساڵ، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو حكومەت ڕوبەڕوی قەیرانێكی سەختتربووەتەوە بۆ دابینكردنی موچە‌و ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن نەكرێت‌و بودجە ڕەوانە نەكات، هەرێم ناتوانێت نیو مووچەش لەكاتی خۆیدا دابەشبكات‌و بەرچاوی ڕوون نییە ساڵی داهاتوو چۆن دەتوانێت مووچە دابین بكات.