شێخ جەعفەر: گروپێك لەناو یەكێتی دەیانەوێت سوپاو حەشد بهێننە سلێمانی‌و هەولێرو دهۆك

27-12-2017 08:07
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە ڕایگەیاند، گروپێك لەناو یەكێتیدا هەن كە هەماهەنگ‌و ڕێككەوتنیان هەیە لەگەڵ حكومەتی عێراقی‌و حەشدی شەعبی وەك چۆن كەركوكیان "تەسلیم كردن" ئاواش دەیانەوێت سلێمانی‌و هەولێرو دهۆكیان تەسلیم بكەن.

 

ئەو وتانەی جەعفەر شێخ مستەفا لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا هاتووە لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا، تێیدا دەشڵێت"تەنانەت ئەو توندوتیژییانەی خۆپیشاندانەكان ئەو گروپەبوون نەك خەڵك، چونكە بەوە ویستیان بیانووبدەنە دەست سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی تا بەناوی پاراستنی ئاسایش و خەڵكەوە بێنەوە سلێمانی و هەموو كوردستان."

 

ڕۆژانی 18بۆ22ی ئەم مانگە خۆپیشاندانی فراوان پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەكانی گەرمیان‌و ڕاپەڕینی گرتەوە‌و هێزە چەكدارەكان تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردو كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.

 

خۆپیشاندەران سەرباری داواكردنی پێدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، هاوكات سووربوون لەسەر كۆتایی هاتنی كابینەی ئێستای حكومەت‌و دروشمی"بڕوخێ"یان لەدژ دەوتەوەو داوای دورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستایان دەكرد.

 

شێخ جەعفەر كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە وتیشی"هێزی باڵای كوردستان ئەو هێزەی كوردستانە كە لەدوای خۆپیشاندانەكان و توندوتیژییەكان بەمەبەستی پاراستنی دام ودەزگاو فەرمانگەكان‌و خۆپیشاندەرانی مەدەنیانە دابەزینە ناوشار و قەزا و شوێنەكان، ئەم هێزە پێشمەرگەو خۆپیشاندەری مەدەنی‌و دامودەزگاكانی حكومەت‌و خەڵك دەپارێزێت، ئێمە لەگەڵ داواكاری ڕەوای خەڵك‌و خۆپیشاندەری مەدەنیانەین."

 

فەرماندەی هێزەكانی 70 ئاماژەبەوەشدەكات، ئەو هێزەی لەناو شارەكان بڵاوكرانەوە، لەژێر فەرمانی لیژنەی ئەمنیی شوێنەكان بووەو ئێستا بەفەرمانی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا ئەو هێزە لەناو شار و شارۆچكەكان كشاونەتەوە.

 

كێ بارەگاكانی سووتاند؟

 

شێخ جەعفەر ڕەتیدەكاتەوە توندوتیژی‌و سوتاندنی بارەگای حزب‌و فەرمانگە حكومیەكان كاری هاوڵاتی‌و خۆپیشاندەرێك بووبێت كە داوای موچەو خزمەتگوزاری دەكات، وتی"ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندا سوتاندنی فەرمانگەكان و بارەگای حیزبەكان و پشێوی نانەوە داوای خەڵك نەبوو، بەڵكو ئەوە موئامەرەیەك بوو كە كەوتنە ناو ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەو سەركردایەتی ئەوانە بۆ شتیتر بەكاریدەهێنا من وەك كودەتایەك دەمبینی، مەرامەكەیان ئەوەبوو دۆخی كوردستان تێكبدەن، تەنانەت هەماهەنگیان هەبوو لەگەڵ عێراقدا تا حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بهێننە سلێمانی و هەموو كوردستان."

 

شێخ جەعفەر پشێوی خۆپیشاندانەكانی بە پیلان ناوبرد، دەڵێت"ئەم پیلانە خەڵكی ئاسایی نەبوو، چونكە ئێمە دەزانین خەڵك وە ئەو گەنجانە گیرفانیان بەتاڵەو داواكارییان ڕەوایە وەخەڵكی ئاسایی ئەو مەرامەی نەبوو، دوو هەزار یا پێنج هەزار كەس، بەڵكو خەڵكی ئاسایی ناڕەزا سەدان هەزار كەسن، ئەگەر خەڵكی ئاسایی بونایە هیچ هێزێك نەیدەتوانی لەبەردەم هێزی خەڵك خۆی ڕابگرێت."

 

شێخ جەعفەر كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، بەشێك لەسەركردایەتی‌و خەڵكی ناو حزبەكەی تۆمەتباركرد كە ئەو پشێویەی ناو خۆپیشاندانەكانیان دروستكردووە بەناوی هاوڵاتی ناڕازییەوە، وتی"لەناو یەكێتیدا ئاڕاستەیەك هەیە وە هەندێك لایەنی تریش هەتا چەند وڵاتێكی هەرێمیی دەرەوەش لەپشتیەوەن دەیانەوێت سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی بهێننە سلێمانی‌و هەولێرو دهۆك، هاوشێوەی خیانەتەكەی كەركوك دووبارە بكەنەوەو سلێمانی و هەولێر و دهۆكیش بخەنەژێر دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق."

 

شێخ جەعفەر وتیشی"بەداخەوە ناتوانم ناوی ئەو كەسانەی ناو یەكێتی‌و وڵاتە دەرەكیەكەش بڵێم لەئێستادا، چونكە زۆركات دۆخی خراپ و پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی وادەكات كە تا پلەی خیانەتیش بپۆشیت بۆ كەسانی تر، بەڵام وەك وتم ئەوە خەڵكی ئاسایی نەبوو ئەو توندوتیژی و گێرەشێوێنییانەی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و ناوچەكانی تر، ئەوە هەر ئەو كۆمەڵەی ناو یەكێتی بوون كە كەركوكیان لە 16ی ئۆكتۆبەردا بەو دەردە گەیاند."

 

دەربارەی ئەوەی ئەو كەسانە كێن لەناو یەكێتی؟ شێخ جەعفەر وتی"من خۆم حیزب وەك هۆكار دەبینم بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی نەتەوەكەم، بەڵام بەداخەوە لەكوردستان بەهۆی ئەم ململانێ و ناكۆكیانەی ناو حیزب ئیمانم بە حیزبایەتی بەتەواوی لاواز بووە، ئەو گروپ و ئاڕاستەیەی ناو یەكێتی هەندێكیان لەدەرەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتین، بەڵام دەسەڵاتەكەیان وایكردووە، لە دەرەوەی سیاسەتی یەكێتی و دەرەوەی یەكێتی بڕیاردەدەن."

 

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لینەپرسینەوە لە لایەن حزبەكەیەوە لەو كەسانە بۆئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "یەكێتی ئێستا جۆرێك لەسەر لێشێواوی و لێكترازانی تێدایە‌و وای لێهاتووە كە كەسانێك سەیتەرە بكەن بەسەر حیزبەكەداو جۆرەها مامەڵەش بە حیزبەكەوە دەكەن تەنها بۆ پەیداكردنی دەسەڵاتی خۆیان وایكردووە كە ئەو كەسانە بۆ خۆیان یاری بكەن لەگۆڕەپانەكەدا كەسیش نەتوانێت لێیان بپرسێتەوە، ئەوە بەجێ دەهێڵین بۆ مێژوو."

 

"هەتا ئەو گروپە خائینەی یەكێتی مابن مەترسی جدی لەسەر كوردستان هەیە"

 

دەربارەی ئەوەی دەسكەوتی ئەو گروپەی یەكێتی چییە كە وەك ئەو دەڵێت دەیانەوێت سلێمانی و هەولێر و دهۆك بەدەردی كەركوك ببەن، شێخ جەعفەر وتی"ئەو گروپەی ناو یەكێتی كە ویستیان سلێمانیش بەدەردی كەركوك ببەن و سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی بهێننەوە ناو شارەكانی كوردستان ئەو گروپەی یەكێتی دەیانەوێت سەیتەرە بكەن بەسەر یەكێتیدا و دەسەڵات بگرنە دەست بۆیە ئەو خیانەتە دەكەن، پێشتر ئەوەیان دەسكەوت لە كەركوك كە خەڵكی دوزخورماتوو كۆمەڵكوژ دەكرێت ئێستا تاوانی جەنگ لەو ناوچانە ڕودەدات، خەڵكی كەركوك تاڵان دەكرێت، فڕۆكەخانەكانی هەرێم داخران بەحسابی خۆیان عێراق دێتەوە شارەكانی هەرێمی كوردستان و سلێمانی و ئەوان لەژێر فەرمانڕەوایی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەسەڵات دەگرنەوە دەست. ئەم گروپ و ئاڕاستەیەی ناو یەكێتی كە ئێستا ئەو خیانەتە گەورەیە دەكەن بەشێكیشیان سەركردەن و پێشتر خەباتی شاخیان هەبووە، بەڵام ئەوەی خیانەت دەكات گوێ ناداتە ڕابردووی خۆی بەلایەوە گرنگە ئێستا چی دەست دەكەوێت؟."

 

فەرماندەی هێزەكانی 70 وتیشی"هەتا ئەو گروپە خائینەی یەكێتی مابن مەترسی جدی لەسەر كوردستان هەیە، چونكە بەردەوام هەماهەنگی عێراقن و دەیانەوێت سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بهێننەوە هەموو كوردستانی تەسلیم بكەن بۆ نەهێشتنی كوردستان و ئەو دەسكەوتانەی كوردستان."

 

شێخ جەعفەر ئەوەشدەخاتەڕوو، ئێستاش ئومێدیان بە یەكڕیزی میللەت‌و ساڕێژكردنی برینەكانە، ئەگەرنا ئەمڕۆ بێت یا سبەی دەبێت بەخەڵك بڵێن ئەو "گروپە خائینە" كێن كە هەماهەنگییان لەگەڵ عێراق و حەشدی شەعبی هەیە‌و كۆبونەوەیان لەبەغدادو كەركوك‌و سلێمانی لەگەڵ كردوون‌و دەیانەوێت دەستی سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی بگرن بیانهێننەوە شارەكانی كوردستان.

 

بە بڕوای شێخ جەعفەر تائێستاش مەترسی هاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەسەر هەرێمی كوردستان ماوە، وتی"هەتا ئەو گروپە مابن ئەو مەترسیە بەردەوام لەسەر كوردستان هەیە چونكە ئەوان لە موئامەرەی خۆیان ناكەون، ئەگەر بڕوانن ئەو كەسانە لەڕابردودا فلسێك لەگیرفانیاندا نەبووە كەچی ئێستا بەسەدان ملیۆن دۆلار ناڵێن پارە، پارەی نەوتیان لایەو تائێستاش لەو كەسانەی بچوكترین بەرژەوەندییان لەم وڵاتە هەیە لەگەڵیان شەریكن و سەرانەیان لێ دەسێنن."

 

فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە وتیشی"هەموو حیزب و لایەنەكان بەجەنابی كاك مەسعودیشەوە ئاگاداری ئەو خیانەتەی ئەو گروپەی یەكێتین، بەڵام وەك وتم دۆخی كوردستان نالەبارەو سەركردەی ئەو حیزبانە بەرپرسانە نایەنە پێش بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، فەوزایەك لەكوردستان دروست بووە كە ئەوان بەهەموو جۆرێك دەتوانن تەراتێنی تێدا بكەن."

 

"مام جەلال بمایە هەموویانی وەك خائین سزا دەدا"

 

فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە دەربارەی سزادانی ئەو كەسانەی ناو حزبەكەی دەڵێت"ئەگەر ڕۆژێك ئەم دۆخە نالەبارەی كوردستان نەمێنێت دادگایەكی نیشتمانی پێكبهێنرێت، دەبێت لەدنیادا سزای خائین چییە ئەوانیش هەمان سزا بدرێن."

 

شێخ جەعفەر وتیشی"ئەم گروپەی یەكێتی ئەگەر لەسەردەمی شاخدا ئەوەیان بكردایە‌و هاوكاری حكومەتی عێراقی بكەن ئەوا هەموویان ڕەمی دەكران‌و دەكوژران، ئەگەر مام جەلالیش بمایە هەموویانی وەك خائین سزا دەدا."

 

لەكۆتایی گفتوگۆكەیدا بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا شێخ جەعفەر دەڵێت"لێرەوە دەمەوێت داوای لێبوردن لەخەڵكی كوردستان بكەم كە ئێستا نەمتوانی هەندێك وردتر ڕاستیەكان بڵێم، بەڵام دڵنیابن ڕۆژێك دێت ئینشائەڵا هەموویان بۆ باس دەكەم و ناوی ئەو خائینانە دەهێنم، بەڵام هەمیشە شانازی دەكەم بە یەكێتی‌و ڕێبازەكەی جەنابی مام جەلال، ئەوەی ئەمڕۆ هەندێك لەیەكێتیەكان بەناوی یەكێتیەوە دەیكەن ڕێبازی مام جەلال و یەكێتی ڕاستەقینە نین."