خۆپیشاندانەكانی ئێران بەردەوامن‌و حكومەت ڕێوشوێنی تووند دەگرێتەبەر

31-12-2017 06:29
ژنێكی ئێرانی لەكاتی خۆپیشاندانەكان لە زانكۆی تاران. وێنە؛ ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف

 

خۆپیشاندانەكانی ئێران بەردەوامن‌و حكومەتی ئەو وڵاتە ڕێوشوێنی تووند دەگرێتەبەرو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داخست كە لە ڕێگەیانەوە چالاكوانان پەیامەكانیان بڵاودەكردەوە، تائێستا كوژرانی 2 خۆپیشاندەر پشتڕاست كراوەتەوەو دەیانی دیكە برینداربوون‌و دەستگیركراون.

 

وڵاتانی ڕۆژئاواو میدیای نێودەوڵەتی بایەخی زۆریان بە ڕووماڵی خۆپیشاندانەكان داوە، بەوپێیەی لە ساڵی 2009وە ئەمە یەكەم خۆپیشاندانی فراوانی خەڵكی ئێرانە، ئەمەریكا بە ئاشكرا پشتیوانیی بۆ ناڕەزاییەكانی خەڵكی ئێران دەربڕیوە، هاوكات حزبە كوردییەكانیش بەهەمانشێوە پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكەن‌و پەیام‌و داواكارییان هەیە.

 

خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ئێران لە چەند شارێكی گەورەی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ بۆ چوارەم ڕۆژ لەسەریەك بەردەوام بوو، هەرچەندە سەرەتای خۆپیشاندانەكان بەهۆی خراپی‌و دۆخی ئابوری‌و بەرزبوونەوەی نرخەوە بوون، بەڵام ئێستا دروشمی خۆپیشاندەران گۆڕاوەو دژایەتیی توندی حكومەت‌و دەسەڵاتی وڵاتەكەیان دەكەن.

 

توڕەیی خۆپیشاندەران بەجۆرێكە لەچەندین شار شەڕو ئاڵۆزیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان دروست بووە، هاوكات وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێران‌و حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە سووتێندراون.

 

تەلەگرام‌و ئینستاگرام دادەخرێن

 

خۆپیشاندەرانی ئێران بەشێوەیەكی سەرەكی سوودیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەلەگرام‌و ئینستاگرام وەردەگرت بۆ بڵاوكردنەوەی پەیام‌و چالاكیی‌و وێنەو ڤیدیۆی خۆپیشاندانەكان.

 

حكومەتی ئێران وەك هەوڵێك بۆ كپكردنەوەی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكان، ئەو دوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەی فلتەر كردووەو بەكارهێنەران ناتوانن بە ئاسانی سوودیان لێوەربگرن، ئەو هەنگاوە شتێكی نوێ نییە بۆ ئێران، پێشتریش لە خۆپیشاندانەكانی 2009دا هەریەكە لە فەیسبوك‌و تویتەری فلتەر كردو تائێستاش ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە فلتەرن لەو وڵاتە.

 

ئیسماعیل جەبارزادە، جێگری سیاسی وەزیری ناوخۆی ئێران، داخستنی تەلەگرام‌و ئینستاگرام پشتڕاستدەكاتەوەو دەڵێت، ئەوە بڕیارێكی كاتییە بۆ كۆنتڕۆڵی نائارامییەكان.

 

 

خۆپیشاندان لە تاران، 30-12-2017. وێنە؛ ئەنادۆڵو-گێتی ئیمەیج.

 

حزبە كوردییەكان پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكەن

 

لەگەڵ شارەكانی دیكەی ئێران، خۆپیشاندان ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشی گرتووەتەوەو لە زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵاتیش گرژی‌و ئاڵۆزیی دروست بووە، حزبە كوردییەكان پەیامیان بۆ خۆپیشاندانەكان ناردو پشتیوانیی دەكەن.

 

حزبی دیموكراتی كوردستان(حدك)، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(حدكا)، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران‌و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پژاك) پشتیوانیی خۆپیشاندەران دەكەن‌و چەند داواكارییەك دەخەنەڕوو.

 

حدكاو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ڕاگەیەندراێویك هاوبەشیان بڵاوكردەوەو تێیدا سەرچاوەی سەرەكی ناڕەزایەتییەكان بۆ قەیرانی ئابووری‌و گرفتە كەڵەكەبووە ئابووری و سیاسییەكانی ناو ئێران دەگەڕێننەوە.

 

ئەو دوو حزبە دەڵێن"ئەم خۆپیشاندانانە ئاماژەیەكن‌ بۆ‌ تووڕەیی پەنگخواردووی ساڵانێك لە حكومڕانێكی ناكارامە، گەندەڵ، نادادپەروەر و دیكتاتۆر كە هیچ مەجاڵێك بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەشێوەیەكی مەدەنیانە بە شارۆمەندان نادا."

 

حدكاو كۆمەڵە، داوا لە هەموو كۆڕو كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكان‌و ناوەندە سیاسی‌و بڕیاردەرەكانی جیهان دەكەن پشتیوانی داواكانی خەڵكی ئێران بن‌و فشاربخەنەسەر ئێران تاوەكو خۆپیشاندەرە دەستبەسەركراوەكان‌و دەستبەسەركراوانی دیكە لە بزووتنەوە جەماوەرییەكان لە كوردستان‌و لە نەتەوەكانی دیكەی ئێران ئازاد بكات.

 

هەروەها پژاك، سەرباری پشتیوانی خۆپیشاندانەكان پێیوایە دەبێت ڕێگایەكی نوێ بۆ دیموكراتیبوونی هەموو ئێران بكاتەوە، دەڵێت"وەك پژاك سەرەتا بۆ ئازادی گەلی كورد و هەموو گەلانی ئێرانیش بانگی بەشداربوون لەو تێكۆشانەدا دەكەین."

 

پژاك باسلەوەدەكات ناڕەزایەتییەكان بەهۆی كێشەی ئابورییەوە نییەو دەڵێت"باش دەزانین هۆكاری هەموو كێشەكان سەرچاوەكەیان بۆ كێشەی سیاسی دەگەڕێتەوە، هەتاوەكو چارەسەرێكی دیموكراتی نەبێت و ڕێبازەكانی چارەسەر بەسەرنەكرێنەوە، هیچ كێشەیەكی ئێران چارەسەرناكرێت، هەموو گۆڕانكارییەكی مەیدانی‌و ژیانیش بەوەوە بەستراوەتەوە، هەر چالاكییەك لە ئێران ئەنجامبدرێت ڕەوایە."

 

هاوكات حدك، پەیامێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكان بڵاوكردوەتەوەو ئاماژە بەوەدەكات، خۆپیشاندانەكانی ئێستای خەڵكی ئێران، هەم لەڕووی ڕاشكاویی درووشم‌و داخوازی خۆپیشاندەران، هەم لە ڕوانگەی بەشداریی چین‌و توێژە جۆراوجۆرەكانی خەڵك و هەروەها پانتایی جوگرافی‌و گشتگیربوونیان، "بەراورد لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینەكانی ساڵانی پێشوو، زۆر جیاواز و كەموێنەن."

 

حدك داوا لە وڵاتانی دیموكرات‌و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی بەرگریكاری دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ دەكات پشتیوانی خەڵكی ئێران بن، هاوكات هێزو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی كورد و ئێران بانگهێشت دەكات لەسەر بەرنامەی هاوبەش بۆ قۆناخی داهاتوو و خۆئامادەكردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەلومەرجی نوێ لەیەك نزیكببنەوەو هەرچی زووە ڕێكبكەون.

 

"گومانی تێدانییە كە یەكگرتن و هاوكاریی هێز و ڕێكخراوەكانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ یەك و بایەخدانیان بە ئەركە پێویستەكانی ئەم قۆناخە، هەم لەسەر گوڕوتین‌و ئاڕاستەو ڕێڕەو و ئامانجی خۆپیشاندانەكانی خەڵك لە ناوخۆی ئێران كاریگەری دیاری دەبێ، هەم لە ڕاكێشانی پشتیوانیی كۆڕ و كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ لای ویست‌و داخوازییەكانی خەڵكی وەزاڵەهاتووی ئێران كاریگەری بەرچاوی دەبێت"حدك وادەڵێت.

 

وەزیری ناوخۆی ئێران: بەرپەرچی ئەوانە دەدەینەوە كە ئاسوودەیی خەڵك تێك دەدەن

 

هەرچەندە تائێستا هیچ ڕەوتێكی ناوخۆیی ئێران نەچووەتە پاڵ خۆپیشاندەران، بەڵام بەرپرسانی توندڕەو و میانڕەوەكانی ئەو وڵاتە پاڵپشتی ناڕەزاییەكانی خەڵك دەكەن‌و داوای بەدەمەوەچوون لە حكومەتی وڵاتەكەیان دەكەن.

 

عەلی موتەهەری، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، داوای لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكەی كرد، ئاستەنگ نەخاتە بەردەم ڕێگەدان بە خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خەڵك.

 

موتەهەری تیشكی خستووەتەسەر ئەوەی، كولتوری خۆپیشاندان لە ئێران جێگیرنەبووەو دوای ماوەیەكی كەم خۆپیشاندانەكان لە ئامانجی سەرەكی خۆیان دەرچوون، دەشڵێت"لەوانەیشە هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە وەزارەتی ناوخۆ ڕێگە بە هیچ گردبوونەوەیەك نادات‌و هەر جۆرە خۆپیشاندانێك بە نایاسایی ناو دەبات."

 

لایخۆیەوە عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی ئێران، خۆپیشاندانەكانی "ئاژاوەگێڕی" ناوبردو وتی"بەرپەرچی ئەوانە دەدەینەوە كە ئاسوودەیی خەڵك تێك دەدەن."

 

وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو، حكوومەت، پەرلەمان‌و دەسەڵاتی دادوەری، بۆ هێنانەدی داواكارییەكانی خەڵك ئامادەی هەنگاونانن، دەشڵێت"بەدڵنیاییەوە ئەوانەی بە سوود وەرگرتن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بەدوای توندوتیژی‌و تێكدانی ئارامیدا دەگەڕێن بەرپەرچیان دەدرێتەوە."