ئێران لەبەردەم توڕەیی خۆپیشاندەران‌و شۆڕشی تەلەگرامدا

02-01-2018 04:53
خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی تاران، 30-12-2017.

 

پەرەگراف

 

لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا حكومەتی ئەو وڵاتە سەرەڕای سانسۆركردنی زۆرینەی ئامڕازەكانی پەیوەندیكردن، هێشتا دەناڵێنێت بەدەست تۆڕێكی پەیوەندییەوە كە بووەتە شوێنی كۆكردنەوەو خۆڕێكخستنی دەنگە ناڕازییەكانی ئەو وڵاتەو دەسەڵاتی بەسەریدا ناشكێت؛ ئەویش تەلەگرامە.

 

لەدوای ساڵی 2009وە كە ئەوكات دەیان هەزار هاوڵاتی ئێران لەژێر ناونیشانی (بزوتنەوەی سەوز) ڕژانەسەر شەقامەكان، هاوڵاتییانی ئێران بوونە پسپۆڕ لەشكاندنی فلتەر و سانسۆرەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، بەوپێیەی لەو كاتەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییە بەربڵاوەكانی وەك تویتەر و فەیسبووك سانسۆركراون‌و تا ئێستاش بەئاسانی لەو وڵاتەدا ناكرێنەوە.

 

ئێرانییەكان دەستەوەستان نەبوون‌و جێگرەوەیەكیان بۆ ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە دۆزییەوە، ئەویش ئەپڵیكەیشنی تەلەگرام بوو. ئەوەی كە ئەم بەرنامەی پەیوەندییە بەئینتەرنێتی خاو بەباشی كاردەكات‌و بەخێرایی ڤیدیۆ و وێنە دەنێرێت، لە هەمووشی گرنگتر لە دەرەوەی دەسەڵاتی سانسۆری دەسەڵاتدارانی ئێراندابوو، گرنگترین ئەو خاڵانەبوون كە هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە بەلێشاو ڕووبكەنە تەلەگرام‌و بۆ كاری ڕۆژانەو پەیوەندیی هاوڕێیانە تا خۆڕێكخستن بۆ خۆپیشاندان دژی ڕژێم بەكاریبهێنن.

 

بەپێی نوێترین ئامارەكان، تەلەگرام مانگانە 40 ملیۆن بەكارهێنەری كارای لەناو ئێراندا هەیە لەكۆی 45 ملیۆن بەكارهێنەر لەو وڵاتە. لە ڕۆژانی ئاساییدا ئێرانییەكان لە ڕێی گروپی گفتوگۆ تایبەتەكانی تەلەگرامەوە (Telegrams private group chats) زیاتر ئاگاداری هەواڵی هاوڕێ‌و خێزانەكانیان دەبن، هەروەها لەڕێی كەناڵە گشتییەكانەوە (public channels) لەگەڵ سەرچاوە هەواڵییەكانی دەرەوەی وڵاتدا زانیاریی دەگۆڕنەوەو ئاگاداری دۆخی بازاڕو كەشوهەوا و لایەنەكانی دیكەی ژیان دەبن.

 

هەر ئەوەش بوو وایكرد كە لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكانی هەفتەی ڕابردووی ئێرانییەكان، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەوڵبدەن تەلەگرام‌و ئینستاگرام(20 ملیۆن بەكاربەری هەیە لەئێراندا) سانسۆر بكەن، ئەوەش بەپێی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران "بەشێوەیەكی كاتییە"و "بۆ چەسپاندنی سەقامگیرییە."

 

دەسەڵاتدارانی ئێران پێشتر چەندینجار هەوڵیانداوە لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای تەلەگرام(كۆمپانیاكە بنكەی سەرەكیی لە بەریتانیایەو ساڵی 2015 دامەزراوە) ڕێكبكەون بۆ سانسۆركردنی ئەو كەناڵ‌و گروپانەی ئەوان بەمەترسی دەزانن، چەندجارێكیش بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە هەماهەنگییان لەگەڵ كۆمپانیاكەدا كردووە، بەڵام ئەوە بەردەوام لەلایەن تەلەگرامەوە ڕەتكراوەتەوە.

 

هاوڵاتییە ئێرانییەكان بەردەوام ترسیان هەبوو كە تەلەگرام هاوشێوەی فەیسبووك‌و تویتەر بچێتە ژێر ڕكێفی سانسۆری دەسەڵاتدارانەوە، ئەو ترسەش بووە ڕاستیی كاتێك لەسەرەتای ئەم هەفتەیەو لە ڕۆژی 30 مانگی ڕابردوودا، تەلەگرام كەناڵی پڕجەماوەریی "ئامەدنیوز"ی داخست كە زیاتر لە 700 هەزار بەكارهێنەری هەبوو لەناوخۆی ئێراندا.

 

ئەوەش دوای ئەوە هات محەمەد جەواد ئازەری جاهرۆمی، وەزیری زانیاریی‌و پەیوەندیی‌و تەكنەلۆژیای ئێران داوای لەو كۆمپانیایەكرد ئەو كەناڵە دابخات بەهۆی "هاندان بۆ كاری ڕقەبەرایەتی‌و بەكارهێنانی شوشەی مۆلۆتۆڤ‌و ڕاپەڕینی چەكداریی‌و نائارامیی كۆمەڵایەتی" پاڤێڵ دورۆڤ یەكێك لە دامەزرێنەرانی تەلەگرام پابەندیی خۆی بەداخستنی ئەو كەناڵەوە ڕاگەیاند بە پشتبەستن بە "یاساكانی خزمەتگوزاریی" كۆمپانیاكەیان بۆ كەناڵە گشییەكان.

 

سەرەڕای داخستنی كەناڵی "ئامەدنیوز" بەڵام ئێرانییەكان كۆڵیان نەداوەو لەئێستادا بەدوای جێگرەوەیەكی ئەو كەناڵەدا دەگەڕێن، لەوانە كەناڵێك بەناوی سەدای مەردووم"SadaieMardom" كە دەیانەوێت هەمان كاریگەریی كەناڵەكەی پێشووی هەبێت لەسەر شەقامی ناڕازیی ئێرانیی.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران ترسیان لەو كەناڵە نوێیەی تەلەگرامیش هەیە كە دەنگە ناڕازی‌و دژەكانی ناوخۆی وڵاتەكەیان تێیدا كۆببنەوە، هەربۆیە داوای داخستنی ئەو كەناڵەشیان كردووە، پاڤێڵ دورۆڤ یەكێك لە دامەزرێنەرانی تەلەگرام دەڵێت، داواكاریی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان ڕەتكردووەتەوە بۆ داخستنی كەناڵی سەدای مەردووم.

 

خامنەیی بێدەنگیی شكاند

 

ئەمڕۆ شەشەم ڕۆژە خۆپیشاندانەكانی ئێران بەردەوامن، لەماوەی خۆپیشاندانەكاندا بەرپرسانی باڵای حكومی‌و ئەمنیی ئێران قسەیان دەربارەی ناڕەزاییەكان كردبوو، بەڵام ڕابەری باڵای ئەو وڵاتە كە بێدەنگیی هەڵبژاردبوو، ئەمڕۆ بێدەنگیی شكاند.

 

عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، دوژمنانیان بەردەوام بە دوای دەرفەتێكدا دەگەڕێن گورز لە گەلی ئێران بوەشێنن، دەشڵێت"لە ڕووداوەكانی ئەم چەند ڕۆژەدا دوژمنان بە ئامێری جۆراوجۆر لەوانە پارە، چەك، سیاسەت، دەزگای ئەمنیی‌و هەموو شێوەیەك هەوڵیاندا كێشە بۆ نیزامی ئیسلامی دروست بكەن."

 

خامنەیی ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئەو ڕووداوانە هەندێ قسەی هەیە كە لەكاتی گونجاوی خۆیدا بە خەڵكی ئێرانی دەڵێت.

 

لە زۆربەی شارەكانی ئێران توندوتیژی‌و ڕوبەڕوبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەكان‌و خۆپیشاندەراندا دروستبوون، بەجۆرێك هەندێك سەرچاوەی ناوخۆیی باسلە هەڵگرتنی چەك لەلایەن هەندێك لە خۆپیشاندەرانەوە دەكەن، تائێستاش كوژرانی زیاتر لە 20 كەس‌و دەستگیركردنی زیاتر لە 500 كەس ڕاگەیەندراوە.

 

وڵاتانی ڕۆژئاواو میدیای نێودەوڵەتی بایەخی زۆریان بە ڕووماڵی خۆپیشاندانەكان داوە، بەوپێیەی لە ساڵی 2009وە ئەمە یەكەم خۆپیشاندانی فراوانی خەڵكی ئێرانە، ئەمەریكا بە ئاشكرا پشتیوانیی بۆ ناڕەزاییەكانی خەڵكی ئێران دەربڕیوەو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، ئێستا كاتی گۆڕانكارییە لە ئێران، هاوكات حزبە كوردییەكان بەهەمانشێوە پشتیوانی خۆپیشاندەرانیان كردو پەیام‌و داواكارییان لەوبارەیەوە هەبوو.

 

هەرچەندە سەرەتای خۆپیشاندانەكان بەهۆی خراپی‌و دۆخی ئابوری‌و بەرزبوونەوەی نرخەوە بوون، بەڵام ئێستا دروشمی خۆپیشاندەران گۆڕاوەو دژایەتیی توندی حكومەت‌و دەسەڵاتی وڵاتەكەیان دەكەن، توڕەیی خۆپیشاندەران بەجۆرێكە لە چەندین ناوچە وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێران‌و حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە سووتێندراون.

 

هەرچەندە تائێستا هیچ ڕەوتێكی ناوخۆیی ئێران نەچووەتە پاڵ خۆپیشاندەران، بەڵام بەرپرسانی توندڕەو و میانڕەوەكانی ئەو وڵاتە پاڵپشتی ناڕەزاییەكانی خەڵك دەكەن‌و داوای بەدەمەوەچوون لە حكومەتی وڵاتەكەیان دەكەن.