پەكەكە ناو و وێنەو زانیاریی نوێ لەبارەی دوو بەرپرسەكەی میت ئاشكرا دەكات

03-01-2018 07:10
دوو میتە دەستگیركراوەكە.

 

پەرەگراف

 

پەكەكە بە فەرمی ناو و وێنەو زانیاریی نوێی دەربارەی ئەو دوو بەرپرسەی میتی توركیا ئاشكراكرد كە لە سنوری سلێمانی دەستگیری كردن، دەڵێت، بە دەستگیركردنی ئەو دوو بەرپرسە گورزی كوشندەیان لە میت داوەو زانیاریی گرنگیان دەستكەوتووە.

 

هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە- چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) ئەمڕۆ دەربارەی ناسنامەی دوو میتەكە ڕایگەیاند"ئەرهان پەكچەتین‌و ئایدین گونەل بۆ ماوەی 20 ساڵ لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستان لە پۆستە باڵاكانی میتدا كاریان كردووە، ئەرهان پەكچەتین سەرۆكی جیاكردنەوەی كاروباری (ئتنیكەكان)ی ناوخۆی میتە، كە یەكێك لە ستراتیژیترین لقەكانی میتە، هەروەها ئایدین گونەل بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەكانی میتەو لە ناوخۆو دەرەوەی وڵات كاریكردووە، بەهۆی پۆستە باڵاكانیانەوە لەناو میتدا، زانیارییان لە بارەی وردەكاریی هەموو ئۆپەراسیۆنەكانی میتەوە لە دەستدا بووە."

 

كەجەكە ئەوەشدەخاتەڕوو، بە فەرمانی ئەردۆغان لەناو میتدا یەكینەیەكی تایبەت دامەزرێنداروە بۆ "تیرۆركردن و ڕفاندنی بەڕێوەبەرانی پەكەكە" دەڵێت"بەو مەبەستەش دوو بەڕێوەبەری پلەبەرزی میتیان ئەركدار كردووە بۆ ئەوەی لە نزیك هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا ئۆپەراسیۆن دەستپێبكەن دژی بەڕێوەبەرانی پەكەكە، پاش ماوەیەكی كەم هێزەكانمان هەستیان بەو ئۆپەراسیۆنە كرد، دەستیان كرد بە چاودێریكردنی ئۆپەراسیۆنەكەیان، دوو بەڕێەبەری میت كە بۆ چەندین مانگ خۆیان ئامادەكردبوو، ڕێك لەو كاتەی ویستیان ئۆپەراسیۆنەكەیان بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، لەلایەن یەكینەیەكی هەپەگەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕیی ساكینە جانسز، ئەو دوو بەڕێوەبەرەی میت بەدیلگیران، ئەو دوو بەڕێوەبەرەی میت لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی شۆڕشگێڕانی هەواڵگریدا دەستگیركران، ئەوان دوو سەرۆكی ناوەندێك بوون كە بە فەرمانی ئەردۆغان و لەژێر چاودێریی هاكان فیدان كاریان دەكرد."

  

مانگی ڕابردوو پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد كە ئەو دوو بەرپرسەی میت لەمیانی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان دانیان بەوەداناوە كە ڕۆڵیان هەبووە لە پلانی تیرۆركردنی ساكینەجانسزو هاوڕێكانی، هاوكات زانیاریی دیكەیان ئاشكراكردووەو ناوی "چەند بەرپرسێكی یەكێتی"یان دركاندووە كە هاوكارییان كردوون.

 

ساكینە جانسز یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكەو فیدان دۆغان‌و لەیلا سۆیلەمەز چالاكوانانی نزیك لە پەكەكە، لە 9 ی كانوونی دووەمی 2013 لە پاریس كوژران، بەپێی میدیای فەڕەنسا، میت دەستی هەبووە لە كوشتنی ئەو سێ ژنە چالاكوانە كوردەدا.

 

"لەو ئۆپەراسیۆنەدا كە لە مانگی ئابی 2017دا دەستیپێكرد، زانیاریی لە بارەی ناوەندەكان‌و ڕێكخراوەكانی میت، سیخوڕەكانیان‌و كارمەندەكانیان هەروەها پەیوەندییەكانی دەرەوەو ناوخۆیان بۆ ئێمە ئاشكرا بوون، كۆمەڵكوژیی لە پاریس‌و هەروەها تیرۆر لە ڕۆژئاوای كوردستان‌و چەندین چالاكیی دیكەیان بۆمان كەشف بوون، لەلایەكی دیكەوە ناسنامەی ئەندامان، سیخوڕەكان‌و كارمەندەكانی میت لە باكوری كوردستان بۆ هێزەكانمان ئاشكرابوون، بەدەستخستنی ئەو زانیارییانە گورزی زۆر قورسی لە تۆڕی سیخوڕیی میت لە باكوری كوردستان داوە" كەجەكە وادەڵێت.

 

كەجەكە باسلەوەشدەكات ژمارەیەكی زۆر لە پیلانگێڕییەكانی حكومەتی ئاكەپەیان دژ بە گەلی كورد پووچەڵ كردووەتەوەو دەڵێت"ئەردۆغان‌و دەوڵەت باخچەلی چاوەڕێی ئەویان دەكرد، كە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی میتدا ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی پەكەكە تیرۆر بكرێن، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بێئەنجام مایەوەو بە بەدیلگرتنی ئەو ئەندامانەی میت گورزێكی وەهایان لێدرا كە قەت پشتڕاست نەكەنەوە."

 

 

 ناسنامەی ئایدن گونەل یەكێك لە دوو میتە دەستگیركراوەكە.

 

دوای دەستگیركردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت، پەكەكە دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی دیكە میتی ڕاگەیاند لەباكوری كوردستان، لە ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی كەجەكەشدا هاتووە"پاش ئەوەی هەموو وردەكارییەكانی تۆڕی سیخوڕیی میت لە باكوری كوردستان بۆ هێزەكانمان ئاشكراببێت، زانیاریی پێویست لەو بارەیەوە بە ڕایگشتی ڕادەگەیەنین، لەلایەكی دیكەوە بانگەوازی گەلەكەمان‌و ڕایگشتی‌و هێزە دیموكراتییەكان دەكەین، كە هۆشیار بن سەبارەت بەو هەواڵ‌و زانیارییانەی دەوڵەتی تورك لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا بڵاویان دەكاتەوە."

 

ئەو دوو میتە بۆ هاتبوونە سلێمانی‌و چۆن دەستگیركران؟

 

ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی میت سەرەتای مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو لەلایەن تیمێك لە گەریلاكانی پەكەكەوە دەستگیركران‌و گەیەندرانە قەندیل، ئەوان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە هەبووەو بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت كە لە ڕێگەی هەلیكۆپتەرەوە ئەنجامبدرێت‌و جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە بكرێتە ئامانج، سەردانی ڕێگای (ڕانیە-دوكان)یان كردبوو.

 

ڕووداوی دەستگیركردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت لەلایەن پەكەكەوە نزیكەی 20 ڕۆژ بە نهێنی مایەوەو نەبووە هەواڵی ڕاگەیاندنەكان، كاتێك توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی لە ئەنقەرە ئاگاداركردەوە كە وڵاتەكەی جێبهێڵێت، ڕووداوەكە ئاشكرابو و بووە پرسێكی گەرم، گەڵاڵی‌و خێزانەكەی 24-8-2017 گەیشتنەوە سلێمانی.

 

 

 ناسنامەی ئەرهان پەكچەتین یەكێك لە دوو میتە دەستگیركراوەكە.

 

پێشتر پەرەگراف زانیاریی وردی لەبارەی پلانەكەی میت‌و دەستگیركردنی دوو بەرپرسەكەیان لەلایەن پەكەكەوە ئاشكراكرد، ئەو دوو بەرپرسەی میت كە ئێستا لە قەندیلن، لەساڵی 1997وە لەناو میتدا لەسەر پەكەكە كاردەكەن‌و ئاگاداری تەواوی جموجوڵەكانی وڵاتەكەیانن دژی پەكەكە.

 

میت، "زانیاریی هەڵە"ی پێدراوە لەبارەی سەردانێكی جەمیل بایك بۆ سلێمانی لەناوەڕاستی مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو لە ڕێگای ڕانیە-دوكانەوە، بۆ ئەو مەبەستە ویستویەتی لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنێكەوە "دەستگیری بكات یان بیكوژێت" پەكەكەش ئاگاداری ئەو هەوڵەی توركیا بووەو پلانی پێچەوانەی ئامادەكردووە‌و ئەو دوو بەرپرسەی دەستگیركردووە كە بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنەكەیان هاتوون.

 

سەرچاوەیەك كە ئاگاداریی وردەكاریی دەستگیركردنیانە، وتی"ئەو دوو بەرپرسە هاتوونەتە دوكان بۆ پشكنینی ڕێگای ڕانیە=دوكان تابزانن چ خاڵێك گونجاوە ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا ئەنجامبدەن، ویستویانە لەڕێگەی دوو هەلیكۆپتەری سەربازییەوە بە ئۆپەراسیۆنێك(ئینزال) پلانەكەیان جێبەجێ بكەن."

 

وەك سەرچاوەكان دەڵێن، پلانەكەی توركیا لە ئاستێكی باڵادا داڕێژراوەو ئەو دوو بەرپرسە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاوە هەبووە، "توركیا بەجۆرێك بایەخی بە ئۆپەراسیۆنەكەداوە ژورێكی تایبەتیان ئامادەكردووە تا لەكاتی ئەنجامدانیدا ئەردۆغان‌و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە ڕاستەوخۆ ئۆپەراسیۆنەكە ببینن."

 

"هەروەها ڕۆژنامەنوسێكیان ناردووە چاوپێكەوتنی لەگەڵ دایك‌و باوكی جەمیل بایك كردووە كە ماڵیان لە گوندی ئەلعەزیزە لە دێرسیم، پرسیاری ئەوەی لێكردوون تاچەند خۆشحاڵ دەبن بە دەستگیركردنی كوڕەكەیان، دایان نابوو بایەخی زۆربدەن بە دەستگیركردنی جەمیل بایك." ئەو دوو بەرپرسەی میت كە "لە هەولێرەوە هاتوونەتە دوكان"، تەواوی جموجوڵەكانیان لەژێر چاودێری پەكەكەدا بووە، "لە چالاكییەكدا لە دوكان كە سەرجەمی بە ڤیدیۆ تۆماركراوە، پەكەكە هەردووكیانی دەستگیركرد‌و گەیاندنیە قەندیل، میتەكان بەڕێگای سەرەكیی ڕانیە-دوكاندا نەبراون‌و لەشوێنی تایبەتەوە براون."

 

زانیارییەكانی میت لەبارەی سەردانی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) بۆ سلێمانی، "هەڵەبووەو هیچ بەرنامەیەك نەبووە سەردانی سلێمانی بكات، ڕۆژی دەستگیركردنی ئەو دوو پلەدارەی میت لەلایەن پەكەكەوە نزیكەی 20 ڕۆژ پێش ئەو ڕێكەوتەبووە كە توركیا پلانی بووە ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا ئەنجامبدات."

 

وەك سەرچاوەكە دەڵێت"دواینجار كە جەمیل بایك هاتووە بۆ سلێمانی ساڵێك دەبێت‌و پێش ئەوكاتەبوو كە نەوشیروان مستەفا سەردانی لەندەن بكات(مانگی 9ی 2016) لە سلێمانی لەگەڵیدا كۆبووەتەوە."

 

دوای دەستگیركردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ یەكێتی ئاڵۆزبوون بەوپێیەی ڕووداوەكە لەژێر دەسەڵاتی ئەو حزبەدا ڕوویداوە، بەهرۆز گەڵاڵی كە ماوەی 17 ساڵ نوێنەری یەكێتی بوو لە ئەنقەرە، لە توركیا دەركراو تائێستا نوێنەرایەتیی یەكێتی لەو وڵاتە نەكراوەتەوە.

 

 

پاسپۆرتی ئەرهان پەكچەتین یەكێك لە دوو میتە دەستگیركراوەكە.

 

سەرجەم هەوڵەكانی هاكان فیدان بۆ ئازادكردنیان شكستیهێناوە

 

سەرجەم هەوڵەكانی هاكان فیدان ڕاوێژكاری دەزگای هەواڵگریی توركیا(میت) بۆ ئازادكردنی ئەو دوو میتە شكستیهێناوە كە بۆئەو مەبەستە چەندجارێك سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.

 

دوای ڕووداوەكە توركیا هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ ئازادكردنیان، یەكێك لە سەرچاوە ئاگادارەكانی پەرەگراف وتی"هاكان فیدان 4 بۆ 5 جار سەردانی سلێمانی‌و هەولێری كردووەو فشاری خستووەتەسەر یەكێتی‌و پارتی تاوەكو داوا لە پەكەكە بكەن ئازادیان بكات."

 

هەرچەندە یەكێتی‌و پارتی چەند جارێك ئەو داواكارییەیان ئاڕاستەی پەكەكە كردووە، بەڵام سەرجەم هەوڵ‌و داواكانیان ڕەتكراونەتەوە، "پەكەكە دەڵێت ئەوانە بۆ ئەنجامدانی تاوانێكی گەورە هاتوون، بۆ گەشت‌و خۆشیی نەهاتوون تا ئازاد بكرێن."

 

دەربارەی هەبوونی مەرج‌و داواكاریی لەلایەن پەكەكەوە لە بەرامبەر ئازادكردنیان، سەرچاوەكە دەڵێت"تائێستا هیچ مەرج‌و داواكارییەك نییەو پەكەكە سوورە لەسەر ئازاد نەكردنیان‌و لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا دەكرێت بەوپێیەی زانیاریی گرنگی 20 ساڵی ڕابردوویان لەلایە."

 

 

 ئەرهان پەكچەتین یەكێك لە دوو میتە دەستگیركراوەكە.

 

ئایدن گونەل یەكێك لە دوو میتە دەستگیركراوەكە.