وەفدی سێ لایەنەكە لەگەڵ عەبادی چۆن باسی حكومەتی هەرێم‌و یەكێتی‌و پارتییان كردووە؟

04-01-2018 08:01
كۆبوونەوەی وەفدی سێ حزبەكە لەگەڵ حەیدەر عەبادی، 4-1-2018.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

وەفدی هاوبەشی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح داوایان لە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە پرسی بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان وەك كارتی سیاسی بەكارنەهێنێت‌و مامەڵە لەگەڵ قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان بكات.

 

وەفدی هاوبەشی ئەوسێ لایەنە ئەمڕۆ لە بەغدا مانۆڕێكی سیاسییان ئەنجامداو لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق‌و چەند بەرپرسێكی دیكەی حزبیی كۆبوونەوەو بڕیارە لەگەڵ نوری مالیكیش كۆببنەوە، گرنگترین كۆبوونەوەی وەفدەكە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، ئەوەش یەكەم كۆبوونەوەی عەبادییە لەگەڵ وەفدێك لە هەرێمی كوردستانەوە لەدوای ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول.

 

ئەوكۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە حكومەتەكەی عەبادی زیاتر لە 3 مانگە وەڵامی پەیامەكانی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی ناداتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیان، هەرچەندە هەرێم داوای لە وڵاتانی دەرەوە كردووە فشار لەسەر بەغدا دروست بكەن تائامادەی گفتوگۆبێت، بەڵام بەغدا هیچ بەدەمەوەهاتنێكی نییە.

 

وەفدە هاوبەشەكەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە، کورتکراوەی ناوی قەوارەکەی بەرھەم ساڵحەو یەکەمجارە بەکاردێت)، شەوی ڕابردوو گەیشتنە بەغدا، سەرچاوەیەك كە ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی وەفدەكەیە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، وەفدی ئەو سێ لایەنە گفتوگۆی جدییان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووەو عەبادیش بەدەمەوەچوونی باشی هەبووە لە گفتوگۆكاندا.

 

سەرچاوە ئاگادارەكە دەڵێت"وەفدەكە داوایان لە عەبادی كردووە مامەڵە لەگەڵ كیانی دەستوریی هەرێم‌و حكومەتی هەرێم بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نەك لەگەڵ حزبەكان، تەئكیدیان لەوەشكردووەتەوە كە نابێت عەبادی پرسی موچەی خەڵكی كوردستان وەك كارتی سیاسی بەكاربهێنێت."

 

وەفدی هاوبەشی سێ لایەنەكە لەمیانی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ عەبادی، ڕاشكاوانە لەسەر چەند پرسێك ڕەخنەیان لە هەڵوێستەكانی عەبادی گرتووە، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی"بە عەبادییان وتووە كە نابێت ناوی هەرێمی كوردستان نەهێنێت‌و بە پارێزگاكانی باكوری عێراق ناوی ببات، هەروەها ڕەخنەیان لە هەڵوێستی عەبادی گرتووە بەرامبەر هێزی پێشمەرگەو ناونەهێنانی پێشمەرگەیان باسكردووە لە وتارەكەی عەبادی كە كۆتایی هاتنی داعشی ڕاگەیاند."

 

حەیدەر عەبادی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان چەندین ڕێكاری دژی هەرێم گرتەبەر، لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە، ئێستاش ئامادەی گفتوگۆ نییەو حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند، عەبادی لەڕێی پڕۆژەی بودجەی 2018ی عێراقەوە هەوڵی هەڵوەشانەوەی هەرێمی كوردستان دەدات.

 

گرنگترین پرسی كێشەلەسەر لەنێوان هەرێم‌و بەغدا نەوت‌و بودجەیە، یەكەمیان بۆ عەبادی‌و دووەمیان بۆ حكومەتی هەرێم گرنگن، سەرچاوەكە دەڵێت"عەبادی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سێ لایەنەكە بەدەمەوەچوونی باشی هەبووە بۆ قسەكان‌و ڕەخنەو پێشنیارەكانیانی پەسەند كردووە، وەعدی جددی داونەتێ بەتایبەت لە پرسی چارەسەركردنی موچەی هەرێم."

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە) دوای گفتوگۆیەی چڕی نێوانیان ڕێككەوتن لە دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی‌و حزبەكانی دیكە وەفد ڕەوانەی بەغدا بكەن، هەرچەندە فشاری ناوخۆیی حزبەكانیان لەسەر بووە بۆئەو كارە هاوكات ئێرانیش چەندجارێك ئەو داوایەی لێكردوون.

 

دەربارەی باسكردنی پارتی‌و یەكێتی لە كۆبوونەوەی سێ لایەنەكەو عەبادی، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی"بەرگرییان لە پارتی‌و یەكێتی نەكردووەو زەمیشیان نەكردوون، وەفدەكەی ئەو سێ لایەنە ترسیان لەوەهەیە سەردان‌و گفتوگۆكانیان ئیستیغلال بكرێت‌و پێیان بوترێت بۆ دژایەتی هەرێم چوونەتە بەغدا، بەڵام ئەوان بە پێچەوانەوە كاریان كردووەو مانەوەی قەوارەی دەستوریی هەرێمیان بە بەهێزیی بەلاوە گرنگە."

 

دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكەیان وەفدی سێ لایەنەكەو حەیدەر عەبادی هەریەكەیان ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوەو چەند زانیارییەكیان خستەڕوو.

 

ڕاگەیەندراوی سێ لایەنەكە باسلەوەدەكات ئەوان وەك ئەرك‌و بەرپرسیارێتی‌ مێژویی‌‌و نیشتمانی‌و لەپێناو كۆتاییهێنان بەو كێشە سیاسی‌‌و قەیرانە داراییە قوڵەی‌ بەرۆكی‌ خەڵكی‌ كوردستانی‌ گرتوە، سەردانی‌ شاری‌ بەغدایان كردووە‌و لەكۆبونەوەیان لەگەڵ عەبادی، باسیان لە پاراستنی‌ دەستكەوتەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان‌و چوارچێوەی‌ سیاسی‌ هەرێم كردووە، لەگەڵ چەسپاندنی‌ شەراكەتی‌ ڕاستەقینە لە ناوەندی‌ بڕیاڕی‌ سیاسی‌وو دۆزینەی‌ چارەسەرێكی‌ ڕیشەیی‌ بۆتەواوی‌ كێشەكان لەڕێی‌ ئەنجامدانی‌ گفتوگۆیەكی‌ جدی‌ لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای‌ دەستوری‌ عێراق.

 

"پرسی‌ بودجە و موچە و شایستە داراییەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان و ماف و ئیمتیازی هێزەكانی پێشمەرگە یەكێكی‌ تربو لەو پرسە گرنگانەی‌ كە بە بایەخەوە باسمانكردو داوامان لە بەڕێز عەبادی‌ كرد وەك بەشێكی‌ گرنگ لە ئەرك و بەرپرسیارییەكانی‌ بەرامبەر بەهاوڵاتیانی‌ كوردستان سنورێك بۆ نەهامەتیەكانی‌ خەڵك دابنێت‌و پەڕەیەكی‌ نوێ‌ لە پەیوەندیی‌ سیاسی‌ هەڵدەینەوە كە چەسپاندنی‌ بنەماكانی‌ هاوڵاتیبون‌و دادی‌ كۆمەڵایەتی‌ ناونیشانی‌ سەرەكی‌ بێت."

 

وەفدی سێ لایەنەكە ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێویستی‌ پەلەكردنیان لەچارەسەركردنی‌ كێشەی‌ كەركوك‌و دوزخورماتو و گەڕانەوەی ئاوارەكان‌و ڕاگرتنی‌ هەر هەوڵێك بۆ تەعریب و گۆڕینی‌ دیموگرافیای‌ ناوچە كێشە لەسەرەكان خستووەتەڕوو.

 

هەروەها زەرورەتی‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنەكانیش لە وادەی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا تەوەرێكی‌ تری‌ كۆبونەوەكەیان بووەو بە عەبادییان ڕاگەیاندووە"مەرجی‌ سەرەكی‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنێكی‌ پاك‌و بێگەرد كە دەنگ‌و ئیرادەی‌ خەڵك تیایدا ڕەنگبداتەوە لەپاككردنەوەی‌ تۆماری‌ دەنگدەرانەوە دەستپێدەكات، لەوبارەیەشەوە داوامانكرد هەوڵەكانی‌ بخاتە گەڕ بۆ كۆتاییهێنان بە پڕۆسەی‌ ساختەكاری‌ لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كە بە هەنگاوێكی‌ گرنگی‌ دەزانین بۆ دەستەبەركردنی ئیرادەی راستەقینەی هاوڵاتیان لە پرۆسەی دەنگداندا."

 

دەربارەی وەڵامی عەبادی بۆ داواكارییەكانیان، ڕاگەیەندراوی وەفدەكە دەڵێت"حەیدەر عەبادی بەڵێنیدا بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوای وردبینیكردن و خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران و ئامادەیی خۆی دەربڕی هاوكار و پشتیوان بێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی تر و لەو چوارچێوەیەشدا داوای هاوكاری لەسەرجەم هێزە سیاسییەكان كردو بەڵێنیشیدا ناوچە جێناكۆكەكان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن."

 

لایخۆیەوە مالپەڕی فەرمی حەیدەر عەبادی هەواڵێكی دەربارەی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوەو تێیدا ئەوەخراوەتەڕوو، عەبادی جەختیكردووەتەوە لە یەكێتی عێراق‌و گرەنتی فرەڕەنگی‌و فرەڕەگەزیی، تەئكیدیشی كردووەتەوە، بە یەكگرتوویی توانیویانە سەركەون بەسەر داعشداو بەرپرسیارێتی سەرشانیانە كە هەموو هاوڵاتیانی عێراق بپارێزن.

 

"حكومەتی مەركەزی كار لەسەر ئەوەدەكات دەستەبەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكات بەشێوەیەكی شەفاف‌و دادپەروەرانەو بە میكانیزمێكی وردبینانە" ماڵپەڕەكەی عەبادی وادەڵێت.

 

دەربارەی پێدانی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم، عەبادی دەڵێت، ڕێنمایی ناردووە بۆ خەرجكردنی كۆی پارەی جوتیارانی هەرێم.

 

سەردانی شاندی هاوبەشی ئەو سێ لایەنە بۆ بەغدا لەكاتێكدایە ئەو لایەنانە ئۆپۆزسیۆنن لە هەرێمی كوردستان‌و ئامادەنین لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بەشداربن لە وەفدێكی هاوبەشدا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق‌و حزبە عێراقییەكان.

 

پەرەگراف لە زاری سەرچاوەكانیەوە زانیویەتی، پێشتر حكومەتی بەغدا پەیامی ئەوەی بۆ هەرێم ناردبوو كە بەتەنها لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی كۆنابێتەوە بەناوی هەرێمی كوردستانەوەو تەئكیدی كردووەتەوە دەبێت گۆڕان‌و كۆمەڵ لە كۆبوونەوەكاندا بەشداربن.