پارتی: بەرهەم ساڵح دەیەوێت بە باڵەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ بەرەو ئامانجەكەی بفڕێت

06-01-2018 06:32
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، بەرهەم ساڵح سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پارتی دیموكراتی كوردستان هێرشی تووند دەكاتەسەر بەرهەم ساڵح‌و دەڵێت، ناوبراو دەیەوێت بە بەكارهێنانی گۆڕان‌و كۆمەڵ بەرەو ئامانجەكەی بفڕێت كە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقە.

 

هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لە وەڵامی پارتیدا دەڵێت، دەستیانداوەتە كارێكی گەورەو ئەو جۆرە ڕاپۆرتانە ساردیان ناكاتەوەو كاریگەری نابێت لەسەر یەكڕیزییان لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ، "ئەمجۆرە خوێندنەوە موئامەراتییانە جێگەی گرنگیپێدان نییە."

 

هێرشەكەی پارتی بۆسەر بەرهەم ساڵح بەهۆی ناردنی شاندی هاوبەشی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و قەوارەی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە)یە بۆ بەغداو كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.

 

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی لە ڕاپۆرتێكدا لەژێر ناونیشانی (دەیەوێ بە باڵەكانی گۆڕان و كۆمەڵ بفڕێت) دەڵێت"لە ڕاستیدا سێ حزبەكە سیلەی چاویان لە سیناریۆكانی داهاتووی عێراقە و، بەرهەم ساڵحیش دەیەوێ بە دوو باڵی گۆڕان و كۆمەڵ بەرەو ئامانجەكەی بفڕێت."

 

شاندە هاوبەشەكەی ئەو سێ لایەنە ئەمڕۆ گەیشتنەوە هەرێمی كوردستان، سەردانەكەیان لەكاتێكدابوو ئەو لایەنانە ئۆپۆزسیۆنن‌و ئامادەنین لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بەشداربن لە وەفدێكی هاوبەشدا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق‌و حزبە عێراقییەكان.

 

د. ڕێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە) باسلەوەدەكات دەستیانداوەتە كارێكی گەورە كە كۆكردنەوەی خەڵكانی چاكەخوازە بە ئامانجی ڕزگاركردنی خەڵكی كوردستان لەو دۆخە خراپەی تێیدایە، وەك ئاماژەیەك بۆ ڕاپۆرتەكەی پارتی، دەڵێت، ئەوان یاریی بچووك ناكەن سەرقاڵیان بكات بەشتێكەوە لە ئامانجەكە لایان بدات.

 

"ئەمجۆرە خوێندنەوە موئامەراتییانە جێگەی گرنگیپێدان نییە، ئەوەی گرنگە بەلامانەوە ئێمە لەگەڵ هاوبەشەكانمان، گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هەرلایەنێكی تربێت كاردەكەین‌و هەنگاوی گەورە دەنێین بۆ چاككردنی ئەم كۆمەڵگایە‌و خۆمان سەرقاڵ ناكەین بەوەی خەڵك بە تیۆری موئامەرە دەیخوێنێتەوە یاخود نایخوێنێتەوە، ئەوە یارییەكی بچوكەو خۆمانی پێوە سەرقاڵ ناكەین" د. ڕێبوار كەریم بۆ پەرەگراف وای وت.

 

وتەبێژەكەی هەدەدە تەئكیدی كردەوە، ئەو جۆرە ڕاپۆرتانە كاریگەری نابێت لەسەر یەكڕیزییان لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و لە داهاتووشدا كاری پێكەوەیی دەكەن، وتی"ئەو جۆرە ڕاپۆرتانە بۆدروستكردنی جۆرێك لە تەشویشە لەسەر ئیشە گەورەكەی ئێمە، لەبەرئەوەی دەزانرێت ئامانجی گەورەو بەهێزمان هەیە، بەو ڕاپۆرتانەو هاوشێوەكانی لەو ئامانجانەمان ساردنابینەوە."

 

ئەمڕۆش لە ڕاگەیەندراوێكدا وەفدی سێ لایەنە كە خۆیان بە "وەفدی هاوبەشی كوردستان" ناوبردووە دەرئەنجامی سەردانەكەیان خستەڕوو، ڕایانگەیاند"سەردانی ئەم وەفدە دوای ئەوە دێت كە ئێمە هەوڵێكی زۆرماندا بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتی، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی‌و چارەسەركردنی پرسی بژێوی هاوڵاتیانی هەرێم‌و كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر بنەمای دەستور، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم سوربوون لەسەر درێژەدان بە هەمان شێوازی كاری رابردوویان."

 

بەرهەم ساڵح بۆ كوێ دەفڕێت؟

 

ماڵپەڕەكەی پارتی ئەو پرسیارەی كردووەو هەرخۆشی وەڵامیداوەتەوەو نوسیویەتی، بەرهەم ساڵح خەونی گەورەتری بۆ هاوپەیمانە سێقۆڵییەكە هەیەو چاوی لە كورسیی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقە.

 

ماڵپەڕی پارتی دەڵێت"گۆڕان و كۆمەڵ كە دەزانن كەسایەتییەكی پێگەبەهێزی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان نییە بۆ ئەوەی لەسەر كورسیی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق دابنیشێت، ئێستا بەرهەم ساڵحیان كردووەتە پێش قەرەوڵی خۆیان. بەرهەم ساڵحیش بەو دوو باڵەوە دەیەوێ "تۆڵە"ی خۆی بكاتەوە."

 

مەبەستی تۆڵەكردنەوەی بەرهەم ساڵحە لە یەكێتی كە پێشتر كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە ڕێگربوو لەوەی ناوبراو ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق.

 

عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی حزبەكەیدا باسی لە ئەگەری دابەشبوونی نێوماڵی كورد بەسەر لایەنە شیعەكاندا كردووەو دەڵێت"ڕەنگە چەند لایەنێكی كوردی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا بچنە پاڵ لایەنی شیعە و ئەمەش درز دەخاتە ناو یەكگرتوویی ماڵی كوردەوە. ئەو لایەنانە چاویان لە كورسیی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقە."

 

ماڵپەڕەكە نوسیویەتی، ئەو لێدوانەی عەرەفات كەرەم، ڕەنگە بە ناڕاستەوخۆیی ئاماژەیەك بێت بۆ هەوڵەكانی ئەمدواییەی گۆڕان، كۆمەڵ‌و هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح.

 

پەرەگراف پرسیاری ئەوەی ئاڕاستەی وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە)كرد كە ئایا بەرهەم ساڵح كاربۆئەوە دەكات ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، لە وەڵامدا وتی"هیچ ئامانجێكمان پەیوەندی بە كەسێكی دیاریكراوەوە نییە، ئامانجەكەمان لەگەڵ هاوبەشەكانمان بریتییە لە ڕزگاركردنی خەڵك، كەیس بەلای ئێمەوە گرنگەو كەس گرنگ نییە."

 

وەفدە هاوبەشەكەی ئەوسێ لایەنە لە بەغدا مانۆڕێكی فراوانی سیاسییان ئەنجامداو لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق‌و چەند بەرپرسێكی دیكەی حزبیی كۆبوونەوە، گرنگترین كۆبوونەوەی وەفدەكە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، ئەوەش یەكەم كۆبوونەوەی عەبادییە لەگەڵ وەفدێك لە هەرێمی كوردستانەوە لەدوای ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول.

 

ئەوكۆبوونەوەیە لەكاتێكدا بوو حكومەتەكەی عەبادی زیاتر لە 3 مانگە وەڵامی پەیامەكانی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی ناداتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیان، هەرچەندە هەرێم داوای لە وڵاتانی دەرەوە كردووە فشار لەسەر بەغدا دروست بكەن تائامادەی گفتوگۆبێت، بەڵام بەغدا هیچ بەدەمەوەهاتنێكی نییە.

 

دوای كۆبوونەوەی وەفدی سێ لایەنەكە لەگەڵ عەبادی، پەرەگراف لە ڕاپۆرتێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكراكرد كە تێیدا وەفدەكە داوایان لە عەبادی كردووە پرسی بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان وەك كارتی سیاسی بەكارنەهێنێت‌و مامەڵە لەگەڵ قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان بكات.

 

دەربارەی باسكردنی پارتی‌و یەكێتی لە كۆبوونەوەی وەفدەكەو عەبادی، سەرچاوەیەك كە ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بووە، وتی"بەرگرییان لە پارتی‌و یەكێتی نەكردووەو زەمیشیان نەكردوون، وەفدەكەی ئەو سێ لایەنە ترسیان لەوەهەیە سەردان‌و گفتوگۆكانیان ئیستیغلال بكرێت‌و پێیان بوترێت بۆ دژایەتی هەرێم چوونەتە بەغدا، بەڵام ئەوان بە پێچەوانەوە كاریان كردووەو مانەوەی قەوارەی دەستوریی هەرێمیان بە بەهێزیی بەلاوە گرنگە."