قادری حاجی عەلی هۆشداریی دەداتە شاسوار عەبدولواحید

09-01-2018 03:20
قادری حاجی عەلی و شاسوار عەبدولواحید

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

قادری حاجی عەلی داواكارییەكی شاسوار عەبدولواحید ڕەتدەكاتەوەو هۆشداریی پێدەدات كە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەیكاتەسەر گۆڕان، بزوتنەوەكەی‌و لایەنی دیكەش "مەلەفی زۆری شاسوار"یان لەبەردەستدایە.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیوەندی بە قادری حاجی عەلی كەسایەتی دیاری گۆڕانەوە كردووەو دواتریش سەردانی كردووە، بەوتەی دوو سەرچاوەی پەرەگراف كە ئاگاداری ناوەڕۆكی سەردان‌و گفتوگۆی نێوانیانن.

 

"شاسوار داوای لە كاك قادر كردووە كە جوڵانەوەكەی‌و گۆڕان لە یەكتر نزیك ببنەوە تائاستی دروستكردنی هاوپەیمانی‌و گلەیی ئەوەشی كردووە كە هەڵسوڕاوانی گۆڕان ڕەخنەی لێدەگرن‌و هێرشی دەكەنەسەر كە ئەو بە جنێو پێدانی لەقەڵەمداوە" سەرچاوەیەكی ئاگادار وای وت.

 

هەردوو سەرچاوەكەی پەرەگراف تەئكیدیان لەوەكردەوە قادری حاجی عەلی داواكاریی نزیكبوونەوەی گۆڕان‌و نەوەی نوێی ڕەتكردووەتەوەو "خراپ" وەڵامی شاسواری داوەتەوە.

 

سەرچاوەكەی دیكە دەڵێت"كاك قادر پێیوتووە ئەم داواكارییە پاش چی؟ ئەو هەموو هێرشە ناڕەوایەت كردەسەر گۆڕان، ناترسی ئێمەو لایەنی دیكەش بەڵگەت لەسەر بڵاوبكەینەوە."

 

سەرچاوەكانی پەرەگراف تەئكید لەوەدەكەنەوە بزوتنەوەی گۆڕان‌و لایەنەكانی دیكەش "مەلەفی زۆر"ی شاسوار عەبدولواحیدیان لەبەردەستدایە وەك ئاماژەیەك بە هەبوونی بەڵگە لەسەر "كاری خراپ‌و گەندەڵیی" كە پێچەوانەی وتارو پەیامەكانی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێن، بەبێئەوەی ئامادەبن وردەكاریی "مەلەفەكان" ئاشكرا بكەن‌و بڵاویان بكەنەوە.

 

ئەوە لەكاتێكدایە شاسوار عەبدولواحید لە چەندین چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندووە، هیچی لەسەر نییە دەربارەی گەندەڵی‌و خراپەكاریی‌و ئەگەر هەیبوایە لایەنەكان بەتایبەت دەسەڵاتداران لەدژی بەكاریان دەهێنا.

 

پەرەگراف بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی گفتوگۆكانی لەگەڵ قادری حاجی عەلی‌و وەرگرتنی ڕای خۆی، پەیوەندی بە شاسوار عەبدولواحیدەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

 

قادری حاجی عەلی كەسایەتییەكی دیاری گۆڕانەو كاریگەریی هەیە بەسەر بەشێك لە بەرپرسانی باڵای ئەو بزووتنەوەیەوە، لە ڕێكخستنەوەی گۆڕاندا لە مانگی 7ی ساڵی ڕابردوو یەكێك بوو لە كاندیدانی پۆستی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەو بە ئاڕاستەیەكی جیاوازەوە لە ململانێدا بوو لەگەڵ عومەری سەید عەلی، دواتر بەخواستی خۆی كشایەوە، لە ئێستاشدا بەرپرسیارێتی خانەی قەیرانەكانی وەرگرتووە كە خانەیەكی نوێی بزوتنەوەكەیە. 

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وادەی دیاریكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو حكومەت‌و پەرلەمان‌و كۆمسیۆن بۆئەو پرسە كۆببنەوە، شەڕی ڕاگەیاندن لە نێوان هەندێك لایەن دەستیپێكردووەو میدیاكانیان وەك جۆرێك لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت پەیام ئاڕاستە دەكەن.

 

گۆڕان دەڵێت، ئەوان نایانەوێت بكەونە "شەڕی ڕاگەیاندن" لەگەڵ شاسوار عەبدولواحیدو جوڵانەوەكەی، بەرپرسێكیان بە پەرەگرافی وت"هیچ ڕێنماییەك نییە كە وەڵامی شاسوارو میدیاكانی بدرێتەوەو میدیای گۆڕان ئەوەناكات‌و ئەو سەنگ‌و قورساییە بۆ جوڵانەوەكەی دانانێین، تەنها لە فەیسبووك هەڵسوڕاوەكانمان قسەیان لەسەر كردووەو ئەوەش ڕای خۆیانەو ئازادن."

 

شاسوار عەبدولواحید لە دوای دامەزراندنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە لێدوان‌و چاوپێكەوتنە ڕۆژنامەوانییەكانیداو لە ڕێی كەناڵی ئێن ئاڕتی-یەوە هێرشی زۆری كردووەتەسەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی وەك؛ گۆڕان، كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح، ئەوەش ناوبراوی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردووەتەوە.

 

كاتێك بەرلە كۆنگرەی جوڵانەوەكەی هەندێك لە كەسایەتییە دیارەكانی نەوەی نوێ لێی جیابوونەوە، بەشێك لە ڕەخنەكانیان لە شاسوار عەبدولواحید ئەوەبوو كە دژایەتی ئۆپۆزسیۆن دەكات زیاتر لەوەی دژایەتی دەسەڵات بكات.

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرمایەدارێكی دیاری سلێمانییەو خاوەنی كۆمپانیای نالیاو كە ناڵەكانی ئێن ئاڕتی "بوو"، هەرچەندە خۆی پڕوپاگەندەی ئەوەدەكات دەستبەرداریان بووەو ئێستا خاوەندارێتییان ناكات، بەڵام كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی زیاتر لە جاران بایەخ بە خۆی‌و جوڵانەوەكەی دەدەن‌و ئەو هێرشانەی ئێستا لە ئێن ئاڕتییەوە دەكرێتەسەر لایەنەكانی دیكە بە "سیاسەتی شاسوار" دادەنرێت لەلایەن بەرپرسانی ئەو لایەنانەوە.

 

وەك خۆی دەڵێت، شاسوار خەونی گرتنەدەستی دەسەڵاتی هەیەو بۆئەوەش لە بازرگانییەوە بەرەو سیاسەت هەنگاوی ناوە، یەكەم دەركەوتنی سیاسییانەی شاسوار ڕاگەیاندنی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بوو كە داوای دواخستن یاخود دەنگدانی بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كوردستان دەكرد.

 

هەرچەندە لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانەوە لایەنگرانی نەخێر بە "خیانەتكار" دادەنران، بەڵام ئەوان دەیانوت، دەربڕینی ڕای خۆیان سەرەتاییترین مافیانە‌و بە كەسانی دڵسۆز بۆ كوردستان‌و ناڕازی لە دۆخی حكومڕانی خۆیان دەناساند.

 

دوای كۆتایی هاتنی ڕیفراندۆم، شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ هەمان ئەوكەسانەی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا"یان ڕاگەیاند، خۆیان ڕێكخست‌و نەوەی نوێیان وەك حزب ڕاگەیاند بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم‌و عێراق‌و مۆڵەتی فەرمییان وەرگرت.

 

لە یەكەم هەنگاوی خۆ ڕێكخستنی حزبیی‌و ئەنجامدانی كۆنگرە، ژمارەیەك كەسایەتیی دیاری نەوەی نوێ لە هەولێر، دهۆك، سلێمانی‌و هەڵەبجە لە شاسوار عەبدولواحید جیابوونەوەو هێرشی توندیان كردەسەری‌و چەندین تۆمەتیان ئاڕاستە كرد لە ناویاندا "گۆڕانی شاسوارو كاركردنی بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێم"، نەوەی نوێش لە بەیاننامەیەكدا هەندێك لەوانەی بە"سیخوڕ" تۆمەتباركردو دەركردنیانی ڕاگەیاند.