بەرپرسانی یەكێتی كە پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەكەن بۆ بەشداریی كۆنگرەی حزبەكەییان نەكرد؟

10-01-2018 09:16
كۆنگرەی هەدەدە، 10-1-2017. وێنە؛ خەندان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لە كۆنگرەی دامەزراندنی حزبەكەی بەرهەم ساڵحدا چاوەكان لەسەر ئەو كەسانەبوون كە بەشدارییان كردووەو پێكهێنەری ئەو حزبە نوێیە دەبن، لەناویاندا ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی كە نزیكن لە بەرهەم ساڵح‌و پشتیوانیی دەكەن، بەڵام ئەوان بەشدار نەبوون.

 

نزیكەی 700 كەس ئەندامانی كۆنگرەی دامەزراندنی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە) بوون كە ئەمڕۆ لە سلێمانی ئەنجامدراو تێیدا بە دەنگی 627 ئەندام بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك هەڵبژێردرا، پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكە پەسەندكرا.

 

دەربارەی بەشدارنەبوونی ئەو بەرپرسە باڵایانەی یەكێتی لە كۆنگرەكەدا كە پشتیوانی بەرهەم ساڵح دەكەن، سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، هەر لەسەرەتاوە ئەو تێگەیشتنە هەڵەبووە كە ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی دەچنەناو حزبەكەی بەرهەم ساڵح.

 

سەرچاوەكە وتی"ئەوانە لەناو یەكێتی دەمێننەوە، بەڵام پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەكەن، هەروەك چۆن پێشتر هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی بەبێئەوەی لەوحزبە جیاببنەوە، بەڵام پاڵپشتی كاك نەوشیروان بوون بۆ دروستكردنی گۆڕان‌و چاكسازیی."

 

ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتیشی"ئەو سەركردایەتی‌و مەكتەب سیاسییانە بەرژەوەندییەكانیان لەناو یەكێتیدایەو بەجیابوونەوەیان پۆستەكانیان لەدەستدەدەن، حزبەكەی بەرهەم ساڵح نە پۆستیان دەداتێ، نە دەشتوانێت مووچە بۆ خۆیان‌و پاسەوانەكانیان دابین بكات."

 

ئەوە هاوكاتە لەگەڵئەوەی بەرپرسانی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە) بەردەوام باسلەوەدەكەن كەسانی نوێ‌و بەتایبەت گەنجان دەبەنە پێشەوە لە حزبەكەیانداو بەرپرسیارێتی باڵایان دەدەنێ.

 

هەریەكە لە ئارام قادر سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ‌و محەمەد ڕەئوف سەرۆكی پێشوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دیارترین دوو كەسایەتیی حزبیی دەرەوەی یەكێتین كە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان‌و ئەمڕۆ بەشداربوون لە كۆنگرەكەدا.

 

بەرپرسێكی هەدەدە دەڵێت، هەروەك چۆن بەشێك لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان‌و لە حزبەكەشیان جیانابنەوە، هەمان شت بۆ هەندێك لە بەرپرسانی ناو كۆمەڵ‌و یەكگرتووش ڕاستە، ئەوەش لە ژێر كاریگەریی محەمەد ڕەئوف‌و ئارام قادر.

 

ئەو بەرپرسەی هەدەدە كە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت بە پەرەگرافی وت"لەناو كۆمەڵ‌و یەكگرتووش بەتایبەت كۆمەڵ، هەندێك لە بەرپرسان‌و خەڵكانی خوارەوەش پشتیوانی پڕۆژەی هاوپەیمانین‌و نەهاتوونەتەناو حزبەكە، ئەوەش حاڵەتێكی ئاساییەو ئێمە فراوانتر لە حزب كاردەكەین‌و لەم قۆناغەدا هەوڵیش دەدەین بەتەنها بەشدارنەبین لە هەڵبژاردنەكان‌و لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هاوپەیمانیی بكەین."

 

دەربارەی هەڵوێستی ئەو حزبانە لە بەرامبەر ئەو كەسانەی لەناو حزبەكانیاندان، بەڵام پشتیوانیی هەدەدەن، ئەو بەرپرسە وتی"هەندێكیان ئاشكران‌و هیچیشیان پێنەوتراوە وەك ئاگاداركردنەوە یاخود دەركردن، هەندێكیشیان پێیان باش نییە خۆیان ئاشكرا بكەن."

 

ئایا ئەو بەرپرسانە لە هەڵبژاردندا دەنگ بە حزبەكانیان دەدەن یاخود هەدەدە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بەرپرسەكەی هەدەدەو سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف بۆچوونی جیاوازیان هەیە.

 

سەرچاوەكە پێیوایە ئەوان هێشتا خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوەو دیار نییە دەنگ بەكێ دەدەن، وتی"ئەگەر حزبەكانیان فشاریان بخەنەسەر ئەگەری زۆرە دەنگ بە حزبەكانیان بدەن‌و بانگەشەی بۆ بكەن نەك حزبەكەی بەرهەم ساڵح‌و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزن" بەڵام بەرپرسەكەی هەدەدە دەڵێت"دەنگ بە هاوپەیمانیی دەدەن."

 

بۆ وەرگرتنی لێدوانی فەرمیی‌و زانیاریی زیاتر دەربارەی بەشدارنەبوونی بەرپرسانی یەكێتی نزیك لە بەرهەم ساڵج لە كۆنگرەكەدا، پەرەگراف چەند جارێك پەیوەندیكرد بە د.ڕێبوار كەریم وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

 

قۆناغی داهاتووی كاری حزبیی هەدەدە بەستنی كۆنگرەی هەڵبژاردنە كە ڕەنگە تا 3 هەفتەی دیكە ئەنجامبدرێت‌و تێیدا 40 كەس لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمەوە هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەنجومەنی گشتی.

 

دواتر ئەنجومەنی گشتی 14 كەس لەناو خۆیدا هەڵدەبژێرێت بۆ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن كە وەك مەكتەبی سیاسی حزبەكانی دیكە وایە.

 

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری چەند دامەزراوەیەكی دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارە حزبییەكان‌و بەرپرسانی ئەو دامەزراوانە ئەنجومەنی گشتی دیارییان دەكات كە بریتین لە؛ دامەزراوەی كارگێڕی‌و دارایی، میدیا، پەیوەندی‌و دیبلۆماسی، ڕێكخستن، توێژینەوەی ستراتیژی‌و هەڵبژاردن.

 

هەرچەندە كۆنگرەكەی هەدەدە داخراو بوو بەڕووی ڕۆژنامەنوساندا، بەڵام پەرەگراف لە سەرچاوەكانیەوە زانیویەتی بەدەر لە بەرهەم ساڵح‌و محەمەد ڕەئوف‌و ئارام قادر، چەند وەزیرو پەرلەمانتاری پێشوو لە كوردستان‌و عێراق لە حزبە جیاجیاكان ئەمڕۆ بەشداریی كۆنگرەی دامەزراندنی هەدەدەیان كردووە، هاوكات چەندین چالاكوان‌و كەسایەتیی ناو چین‌و توێژی جیاواز بەشداربوون لەوانە:

 

وەزیرو پەرلەمانتاران؛ دڵشاد عەبدولڕەحمان-وەزیری پێشووی پەروەردە لە حكومەتی هەرێم(یەكێتی)، سۆزانی خاڵە شەهاب-سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، محەمەد كیانی-پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، حەسەن جیهاد-پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، سەرگوڵ قەرەداغی-پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان، بەرزان هەورامی-پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، كەریم بەحری-پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، سەروەر عەبدولڕەحمان-پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان.

 

بەشێك لە كەسایەتییە دیارەكانی دیكەی ناو هەدەدە بریتین لە؛ د.ڕێبوار كەریم مامۆستای زانكۆو وتەبێژی حزبەكە، خانم ڕەحیم كەسایەتی دیاری ناو ڕێكخراوە مەدەنییەكان‌و مافەكانی ژنان، موئمین زەڵمی مامۆستای زانكۆ(پێشتر لەناو كۆمەڵدا بووە)، ئارامی حەمەی مینا‌و عەلی ئورەماری‌و سلێمان عەبدوڵا یونس بەرپرسانی پێشووی ناو یەكێتی‌و عەلی كەریم چالاكی مافەكانی مرۆڤ‌و كەسایەتی دیاری شاری هەولێر.

 

هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بڕوای بە پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان هەیە لەو حزب‌و كەسایەتییانەی ئامانجیان چاكسازی‌و گۆڕانكارییە، بۆئەو مەبەستەش پێشتر لەگەڵ هەریەكە لە گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی‌و ئەو حزب‌و گروپانەی نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) گفتوگۆی كردووە.