گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانیی لە سێ پارێزگا بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن

11-01-2018 03:14
بەرهەم ساڵح، عومەر سەید عەلی‌و عەلی باپیر كەسانی یەكەمی سێ حزبەكە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری ڕێككەوتن پێكەوە بە لیستێكی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن لە ناوچەكانی جێناكۆك، ئەو سێ حزبە داواكارییەكی پارتی‌و یەكێتییان ڕەتكردەوە بۆ پێكهێنانی لیستێكی هاوبەشی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان بۆ ئەو ناوچانە.

 

بڕیارەكەی ئەو سێ حزبە دوای چەند كۆبوونەوەیەكی چڕی نێوانیان هات‌و ئەمڕۆ هاوپەیمانێتییەكەیان ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن كە دوا وادەیە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی.

 

بەڵێن ئیسماعیل، بەرپرسی بەشی سلێمانی لە ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"هاوپەیمانییەكەمان پێكهێنا لە بەینی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری."

 

ئەو بەرپرسەی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، هاوپەیمانییەكەیان بۆ پارێزگاكانی كەركوك، نەینەواو دیالە دەبێت، دەربارەی ناوەكەی وتی"پێدەچێت ناوی هاوپەیمانی نیشتمانی بێت‌و ئەمڕۆ دەینێرین بۆ كۆمسیۆن."

 

هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە 12ی ئایاری ئەمساڵ دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانیان لە یەك ڕۆژدا، بەڵام هێشتا پەرلەمان‌و لایە سیاسییەكانیش لەسەر ئەو وادەیە یەكلایینەبوونەتەوە.

 

داواكارییەكەی پارتی‌و یەكێتی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی كوردستانی لەو ناوچانە بەپاساوی یەكڕیزیی كورد‌و لە دەستنەدانی سەنگی كورد بووە، بەڵام جەماوەری گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی(هەدەدە) فشاری توندیان خستەسەر حزبەكانیان تاوەكو لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی پێكەوە لە یەك لیستدا نەبن، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەكانیان لە سیاسەتەكانی ئەو دوو حزبە بەتایبەت دوای 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی ناوچەكانی جێناكۆك لەلایەن كوردەوە.

 

بەڵێن ئیسماعیل باسلەوەدەكات ئەوان پێیان وانییە یەكڕیزیی كورد تێكبچێت ئەگەر هەموو كورد پێكەوە لە هاوپەیمانێتییەكدا نەبن، وتی"سیستمی هەڵبژاردن لە عێراق فرە بازنەییە فرە لیستی كاریگەری نابێت بۆسەر دەنگەكانی كورد، دوای هەڵبژاردن دەتوانین لەسەر هەندێك لە پرسەكان هاوڕابین."

 

بەرپرسی بەشی سلێمانی لە ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان تەئكیدی لەوەشكردەوە فرە لیستی كاریگەریی نابێت بۆسەر كەمكردنی دەنگی كورد، وتیشی"سیستمی هەڵبژاردن فرە بازنەییە واتا هەر پارێزگایەك بۆخۆی بازنەیەكی هەڵبژاردنە، لەبەرئەوە فرە لیستی زۆر كاریگەری نابێت بۆسەر دابەزینی دەنگی كورد."

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ پێكەوە ئۆپۆزسیۆنن لە پەرلەمانی كوردستان، هەدەدە بەهەمانشێوە پەیامی ئۆپۆزسیۆنی هەڵگرتووەو یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكات، ئەو سێ حزبە لە زۆر پرسی سیاسیدا هاوهەڵوێستن‌و پێكەوە سەردانی بەغدایانكرد‌و پێكیشەوە داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتی كاتییان كردو ئێستاش سوورن لەسەر داواكارییەكانیان. 

 

پارێزگای كەركوك 12 كورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی نیسانی 2014دا حزبە كوردییەكان هەشت كورسی، توركمانی دوو كورسی و عەرەب دوو كورسی بە دەستهێنا، كورد چاوی لەوەیە پێگەی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو لە دەست نەدات.

 

جگە لە پەرلەمانی عێراق، كەركوك لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانەوە لە ساڵی 2005وە ئەنجامنەدراوە.

 

حزبە كوردییەكان، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017و گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك‌و كۆنتڕۆڵكردنەوەیان، وەكو پێشتر چالاكییان نەماوەو هێشتا پارتی نەگەڕاوەتەوە بۆ كەركوك‌و ناوچەكانی دیكەش.