بەتۆمەتی "ساختەكاری لەلایەن شاسوار عەبدولواحید" داوادەكرێت مۆڵەتی حزبەكەی هەڵبوەشێندرێتەوە

14-01-2018 04:03
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئەو كەسایەتییانەی لە نەوەی نوێ نەماون داوا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق دەكەن مۆڵەتی ئەو جوڵانەوەیە بكێشێتەوە، بۆئەوەش چەندین تۆمەت ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە دەكەن لەناویاندا ئەنجامدانی "ساختەكاری" لەو ناوانەدا كە ئاڕاستەی كۆمسیۆنی كردووە بەمەبەستی وەرگرتنی مۆڵەتی حزبەكە.

 

بەپێی بەڵگە نامەیەك كە تایبەت دەست پەرەگراف كەوتووە، كۆمەڵێك لەو كەسانەی لە نەوەی نوێ نەماون، تانەیان لە جوڵانەوەكەداوەو 5 تۆمەتیان ئاڕاستەی سەرۆكەكەی كردووە كە بە "سەرپێچی ڕوونی یاسایی" ناوی دەبەن.

 

تانەی ئەو كەسایەتییانە 9ی ئەم مانگە لە لقی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق تۆماركراوەو بەرزكراوەتەوە بۆ فەرمانگەی كاروباری حزبەكان‌و ڕێكخستنی سیاسی سەربە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغدا، كۆمسیۆن دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بینێرێتە دادگای تایبەتمەند یاخود خۆی وەڵامی تانەكە بداتەوەو ڕەتیبكاتەوە، ئەوەش بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستیدایە بڕیاری لەبارەوە دەدات.

 

لە بەشێكی تانەكەدا كە واژۆی چەندین ئەندامی پێشووی نەوەی نوێی لەگەڵدایەو دراوەتە كۆمسیۆن، شاسوار عەبدولواحید تۆمەتبار كراوە بە"هێنانی كۆمەڵێك پێناسی باری شارستانی‌و ناردنی بۆ كۆمسیۆنەكەتان بەبێ ئاگاداریی خاوەنەكانیان، ئەمەش بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندن. ساختەكردنی ناوی چوارەمی هەموو ناوە نێردراوەكان لەو لیستەی كە نێردراوە بۆ كۆمسیۆنەكەتان، هەروەها ساختەكردنی ناوی سێیەمی دایك."

 

هەر گروپ‌و جوڵانەوەیەك داوای خۆتۆماركردن بكات لە كۆمسیۆن بەمەبەستی دامەزراندنی حزب‌و بەشداریی لە هەڵبژاردن، پێویستە چەند ڕێكارێك بگرێتەبەر، لەوانە؛ دەستەی دامەزرێنەرانی لە 7 كەس كەمتر نەبن‌و چەند مەرجێكیان تێدابێت، هاوكات دەبێت ناو و ناونیشانی تەواوی 2 هەزار كەس بنێرن بۆ كۆمسیۆن وەك ئەندامی حزبەكە كە پێویستە نیشتەجێی پارێزگا جیاوازەكان بن.

 

بەپێی بەڵگەنامەكە لقی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو تانەیەی وەرگرتووە. پەرەگراف زانیویەتی لە سلێمانییەوە بەرزكراوەتەوە بۆ فەرمانگەی حزبەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە بەغدا.

 

ئەو كەسایەتییانەی داوای هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی نەوەی نوێ دەكەن، چەند تۆمەتێكی دیكەش ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید دەكەن‌و باسلەوەدەكەن لە كۆنگرەی دامەزراندنی حزبەكەیدا(5-1-2018) "پێشێلكاریی" كردووە.

 

لە یەكەم هەنگاوی خۆ ڕێكخستنی حزبیی‌و چەند ڕۆژێك بەرلە ئەنجامدانی كۆنگرەی دامەزراندنیان، ژمارەیەك كەسایەتیی دیاری نەوەی نوێ لە هەولێر، دهۆك، سلێمانی‌و هەڵەبجە لە شاسوار عەبدولواحید جیابوونەوەو هێرشی توندیان كردەسەری‌و چەندین تۆمەتیان ئاڕاستە كرد، نەوەی نوێش لە بەیاننامەیەكدا هەندێك لەوانەی بە"سیخوڕ" تۆمەتباركردو دەركردنیانی ڕاگەیاند.

 

بەپێی یاسا لە ماوەی 15 ڕۆژ لە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندنی حزب، هەركەسێكی خاوەن بەرژەوەندی دەتوانێت تانە لە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بدات دەربارەی پێدانی مۆڵەتەكە، ئەوەش لەبەردەم دادگای تایبەتمەند یاخود لە فەرمانگەی كاروباری حزبەكان سەربە كۆمسیۆن، نەوەی نوێ 26-12-2017 مۆڵەتی پێدراوەو لە 9-1-2018 تانە لە دژی تۆماركراوە.

 

سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، تانەی ئەو كەسایەتییانە لە دژی نەوەی نوێ، مەرجە شكڵییەكانی تانەدانی تێدابووەو لەماوەی یاساییدا تانەكەیان تۆماركردووە، هەربۆیە بەپێی ماددەی 10 لە ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاسای حزبەكان، تانەكەیان وەرگیراوە.

 

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، ماددەی 9 لە ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاسای حزبەكان، ئەوەی دیاریكردووە كە دادگای تایبەتمەند تایبەتە بەوەی تانەكان سەیر بكات‌و لێكۆڵینەوەی لە بارەوە بكات، وتیشی"دیار نییە كەی ئەنجامەكەی دەردەچێت."

 

ئەگەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید كراون بە "ئەنجامدانی ساختەكاریی" بۆ دادگا یاخود فەرمانگەی كاروباری حزبەكانی كۆمسیۆن سەلمێندرا، ئایا مۆڵەتی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكێشرێتەوە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا سەرچاوەكەی كۆمسیۆن وتی"بنەمایەكی یاسایی هەیە كە هەرشتێك لەسەر باتڵ بیناكرابێت خۆیشی باتڵە، بەوپێیە ئەگەر لەسەر ئەساسی تەزویر بیناكرابێت دەبێت مۆڵەتەكەی هەڵبوەشێتەوە."

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەوەدەخاتەڕوو ئاگاداری ئەو تانەیەیە، بەڵام هێشتا بە فەرمی بۆ ئەنجومەنەكەی ئەوان بەرزنەكراوەتەوە.

 

سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بۆ پەرەگراف تەئكیدی كردەوە تانەكە دەچێتە فەرمانگەی حزبەكان لەناو كۆمسیۆن‌و ئەوانیش ڕای خۆیانی لەسەر دەدەن‌و بەرزی دەكەنەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران، وتی"كاتێك گازندەیەك بۆ ئێمە بەرزدەكرێتەوە دەڕوانینە گازندەكە، ئەگەر پێشێلكارییەكان بنەمای یاسایی هەبوو ئەوكاتە پێیان دەڵێین بەرزی بكەنەوە بۆ دادگا‌و ئەوە دەسەڵاتی دادگایەو ئێمە دەسەڵاتێكی دادوەریی نین."

 

پەرەگراف هەوڵیدا ڕای شاسوار عەبدولواحید لەسەر ئەم پرسە‌و ئەو تۆمەتانە وەربگرێت كە ئاڕاستەی كراون، بەڵام وەڵامی پەیوەندیی‌و پەیامێكی پەرەگرافی نەدایەوە كە لەوبارەیەوە ئاڕاستەی كرابوو.

 

هاوكات پەرەگراف پەیوەندیكرد بە بەهجەت ئەحمەد، بەرپرسی پێشووی سەرچاوە مرۆییەكانی نەوەی نوێ كە یەكێكە لەو كەسایەتییانەی لە جوڵانەوەكە نەماوە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ قسەیەك لەسەر ئەم پرسە بكات.

 

دەقی وەرگێڕدراوی تانەكە

 

بەڕێز/ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان/ بەشی تۆماركردنی حزبە سیاسییەكان لە عێراق

 

بابەت/تانە(اعتراض)

 

ئێمە كۆمەڵێكین لە كادرەكانی بزوتنەوەی نەوەی نوێ كە ناوەكانمان هاتووە داوا لە بەڕێزتان دەكەین مۆڵەت لە بزوتنەوەی نەوەی نوێ بكێشنەوە بە ژمارە (193) لە 26-12-2017. ئەم تانەیەمان پێشكەش كردووە لەسەر بنەمای ئەو سەرپێچییە یاساییە ڕوونانەی كە (شاسوار عەبدولواحید قادر) سەرۆكی بزوتنەوەكە ئەنجامیداوە.

 

سەرپێچییەكان بریتین لە.

 

1- بردنەژورەوەی كۆمەڵێك لە فەرمانبەرانی كۆمپانیای (نالیا)و (چاڤی لاند)و كەناڵی (ئێن ئاڕتی) ئاسمانی سەربە سەرۆكی بزوتنەوەكە بۆ هۆڵی بەستنی كۆنگرەی دامەزراندنی بزوتنەوەی نەوەی نوێ ئەمەش بۆ تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی، لەبری كادرەكانی بزوتنەوەی نەوەی نوێ كە پێشتر ناویان لە لیستی ناوەكاندا هەبووە كە پێشكەش بە كۆمسیۆنەكەتان كراوە.

 

2- هێنانی كۆمەڵێك پێناسی باری شارستانی‌و ناردنی بۆ كۆمسیۆنەكەتان بەبێ ئاگاداریی خاوەنەكانیان، ئەمەش بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندن.

 

3- ساختەكردنی ناوی چوارەمی هەموو ناوە نێردراوەكان لەو لیستەی كە نێردراوە بۆ كۆمسیۆنەكەتان، هەروەها ساختەكردنی ناوی سێیەمی دایك.

 

4- شاسوار عەبدولواحید قادر داوای لە بەشداربووانی كۆنگرەكە كردووە دەنگ بدەن بە كاندیدەكان لە ژمارە 1-14، بە دیاریكراوی وتی(ئەمە ئەو ناوانەن كە كاندیدم كردوون بۆ سەركردایەتیكردنی بزوتنەوەكە)، كە ئەمەش یەكناگرێتەوە لەگەڵ سەرجەم پێوەرەكانی دیموكراسی‌و یاسایی، ئەمەش پێشێلكارییەكی دیاری پڕۆسەی هەڵبژاردنە، هەمان قسەش ڕابوون مەعروف دووبارەی كردەوەو داوای لە ئەندامانی كۆنگرە كرد دەنگ بە كاندیدەكانی شاسوار عەبدولواحید بدەن لە 1-14.

 

5- ڕێگریكردن لە زۆرێك لە ئەندامانی سەربە بزوتنەوەی نەوەی نوێ لە چوونە ژورەوەیان بۆ هۆڵی كۆنگرەكە.

 

بۆیە ئێمە داوا لە بەڕێزتان دەكەین لێكۆڵینەوە لەو ناوانە بكەن كە پێشكەشتان كراوە تاوەكو ڕاستییەكانتان بۆ دەربكەوێت‌و بڕیاری دروست لەم بارەیەوە دەربكەن‌و مۆڵەتەكە بكێشنەوە.

 

لە ئێمەوە سوپاس‌و پێزانینی زۆر...

 

دەقی تانەكە