لە موسڵ بایكۆتی هەڵبژاردنیان نەكردووە… بڕیارەكەی پارتی سێ پارێزگا دەگرێتەوە

15-01-2018 09:26
بانگەشەی هەڵبژاردن لە كەركوك. وێنە؛ كەركوك ناو.

 

پەرەگراف

 

بڕیارەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پارێزگاكانی كەركوك، دیالەو سەڵاحەدین دەگرێتەوە كە ناوچەی جێناكۆكن لە نێوان هەولێر و بەغدا و هیشتا بۆ موسڵ هیچ بڕیارێكیان نەداوە.

 

 

عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كورستان، بە ماڵپەڕی (كەركوك ناو)ی وتووە"ئەمڕۆ دووشەممە 15-1 لە كۆبونەوەیەكدا بڕیارماندا بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بكەین لە پارێزگاكانی كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین، چونكە ئێستا كەركوك و ئەو ناوچانە لەژێر داگیركاریی سەربازیدایە و ناسەقامگیرە، بۆیە هەڵبژاردن لەم دۆخەدا بەڕێوەناچێت"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشی هێزە عێراقییەكان لەو ناوچانە و كشانەوەی پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "داگیركاریی" وەسفی دەكات.

 

سەبارەت بە دەشتی نەینەوا و موسڵ كە بەهەمان شێوە ناوچەی جێناكۆكن و كەوتونەتە دەست هێزە عێراقییەكان، عەدنان كەركوكی وتی "بڕیارەكەی ئێمە ئەو ناوچانە ناگرێتەوە و هێشتا بڕیار لەسەر ئەو‌ێ نەدراوە."

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكەدا ڕایگەیاند"پڕۆسەی هەڵبژاردن لە كەشوهەوایەكی ئازاد و ئاشتیی بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێت بەویستی خۆی نوێنەرایەتی هەڵبژێرێت، ئێستا كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێر داگیركاریی سەربازیدایە و ناسەقامگیرە، بۆیە هەڵبژاردن لەم دۆخەدا بەڕێوەناچێت."

 

"ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریماندا بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەین لەم ناوچانە بەتایبەت لە كەركوك و شەرعیەت بە داگیركاریی نەدەین"، هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە پێكهاتەی كورد دەكات بایكۆتی پڕۆسەكە بكەن كە بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت و جەختدەكاتەوە لەوەی "ئەمە هەڵوێستێكە بەرامبەر بەم داگیركارییەی كە ئێستا بەرقەرارە."

 

ئەو حزبە كە خاوەنی 60 هەزار دەنگە لە پارێزگای كەركوك‌ بەپێی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوو كورسی ئەو پارێزگایەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، لە بەیاننامەكەدا دەڵێت "جەماوەری خۆڕاگر و خەڵكی ئەم ناوچانە دڵنیادەكەینەوە كە سازش لەسەر ناسنامەی كوردستانیبونیان ناكەین."

 

بڕیارەكەی پارتی لەكاتێكدایە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری(هەدەدە) 11ی ئەم مانگە ڕێككەوتن پێكەوە بە لیستێكی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەواو دیالە، ئەو سێ حزبە داواكارییەكی پارتی‌و یەكێتییان ڕەتكردەوە بۆ پێكهێنانی لیستێكی هاوبەشی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان بۆ ئەو ناوچانە.

 

هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە 12ی ئایاری ئەمساڵ دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانیان لە یەك ڕۆژدا، بەڵام هێشتا پەرلەمان‌و لایە سیاسییەكانیش لەسەر ئەو وادەیە یەكلایینەبوونەتەوە.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ پێكەوە ئۆپۆزسیۆنن لە پەرلەمانی كوردستان، هەدەدە بەهەمانشێوە پەیامی ئۆپۆزسیۆنی هەڵگرتووەو یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكات، ئەو سێ حزبە لە زۆر پرسی سیاسیدا هاوهەڵوێستن‌و پێكەوە سەردانی بەغدایانكرد‌و پێكیشەوە داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم‌و پێكهێنانی حكومەتی كاتییان كردو ئێستاش سوورن لەسەر داواكارییەكانیان.

 

پارێزگای كەركوك 12 كورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی نیسانی 2014دا حزبە كوردییەكان هەشت كورسی، توركمانی دوو كورسی و عەرەب دوو كورسی بە دەستهێنا، كورد چاوی لەوەیە پێگەی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو لە دەست نەدات.

 

جگە لە پەرلەمانی عێراق، كەركوك لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانەوە لە ساڵی 2005وە ئەنجامنەدراوە.

 

حزبە كوردییەكان، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017و گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك‌و كۆنتڕۆڵكردنەوەیان، وەكو پێشتر چالاكییان نەماوەو هێشتا پارتی نەگەڕاوەتەوە بۆ كەركوك‌و ناوچەكانی دیكەش.