یەكێتی پشتڕاستیدەكاتەوە كە مەلا بەختیار دوو ملیۆن دۆلاری لە نێچیرڤان بارزانی وەرگرتووە

16-01-2018 08:33
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی - نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

یەكێتی بە فەرمی پشتڕاستی دەكاتەوە كە مەلا بەختیار بڕی دوو ملیۆن دۆلاری لە نێچیرڤان بارزانی وەرگرتووەو دەڵێت، بۆ ئیدارەی گشتیی حزبەكە بووە.

 

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەو كارەی نێچیرڤان بارزانی بە"گەندەڵیی تەواو" لە قەڵەم دەدات‌و لەسەر ئەو پرسە سەرۆكی حكومەت دەداتە دادگا.

 

خەرجكردنی دوو ملیۆن دۆلار لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ یەكێتی، لەكاتێكدایە ماوەی 4 ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی حزبەكان بڕدراوەو حكومەت توانای نییە نیو موچەی فەرمانبەرانیش لەكاتی خۆیدا بدات‌و ئەمڕۆ مووچەی مانگی 9ی ساڵی ڕابردووی پێشمەرگە بەهۆی "نەبوونی پارە" دابەش نەكرا.

 

بەشی حساباتی مەكتەبی ئیدارەو دارایی گشتیی یەكێتی، ئەمڕۆ لە ڕوونكردنەوەیەكدا پشتڕاستی كردەوە كە مەلا بەختیار دوو ملیۆن دۆلاری لە سەرۆكی حكومەت وەرگرتووە، لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە"ئەو دوو ملیۆن دۆلارە لەسەر داوای بەڕێز دلێری سەید مەجیدو ئیدارەی گشتی یەكێتی وەرگیراوەو لە دەفتەری حسابیشدا نوسراوە."

 

مەكتەبی ئیدارەو دارایی گشتیی یەكێتی، دەشڵێت"ئەمە یەكەمین جار نیە، بەڕێز مەلا بەختیار پێداویستی ئیدارەی گشتی دابین دەكات. پێشتریش هەر لەسەر داوای ئیدارەی گشتیی، چ بۆ كارئاسانی كارەكانمان و چ بۆ هاوكاری ماددی و مووچەی كادران و ئۆرگانەكان، دەیان جار زیاتری لەو بڕە پارەیە، بۆ ئیدارەی گشتیی دابینكردووە."

 

خەرجكردنی دوو ملیۆن دۆلار لە پارەی گشتیی بۆ حزب، هاوكاتە لەگەڵ بێ پارەیی حكومەتی هەرێم بۆ مووچە، بەجۆرێك هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڕوونكردنەوەكەی یەكێتی، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەهۆی "نەبوونی پارە" موچەی پێشمەرگە دابەش ناكرێت كە بڕیاربوو ئەمڕۆ دابەش بكرێت.

 

نوسینگەی ڕۆژنامەوانی ئەمینداریەتی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند"دوێنێ لە ڕێگای ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاگاداركراینەوە كە دەبوایە ئەمڕۆ 16-1-2018 مووچەی مانگی 9-2017 دابەشبكرێت بۆیە هەرزوو ڕێكارە ئیداریەكان گیرانەبەر و لیژنەكانی مووچەی لێ ئاگادار كرایەوە، بەڵام بەداخەوە دووبارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ئاگاداریان كردین كە بڕی پارەی پێویستیان نیە بۆ ئەمڕۆ، بۆیە داوای لێبوردنتان لێدەكەین و دڵنیاتان دەكەینەوە كە سات بەسات لە هەوڵ‌و پەیوەندیداین بۆ دەستەبەركردنی مووچەكەمان."

 

" گەندەڵییەكی تەواوە"

 

ئاشكرابوونی پێدانی دوو ملیۆن دۆلار لە حكومەتەوە بۆ یەكێتی هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی حكومەت بۆ گرتنەبەری چاكسازیی لە لیستی مووچەخۆران‌و خانەنشیناندا تاوەكو لەو ڕێگەیەوە بڕە پارەیەك بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی‌و بتوانێت مانگانە نیو مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش بكات.

 

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەو كارەی نێچیرڤان بارزانی بە "گەندەڵیی تەواو" لە قەڵەم دەدات، بەوپێیەی خەرجكردنی پارەیەكە "لە دەرەوەی یاسا"و بۆ سوودی گشتی نییەو بۆ حزبە.

 

عەلی حەمەساڵح، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان بە پەرەگرافی وت"پارتی‌و یەكێتی چییان بوێت دەیكەن‌و چۆنیان بوێت سوودمەندبوون لە داهاتی ئەم وڵاتە، لەم كاتەدا كە خەڵك مووچەی نییە. نێچیرڤان هیچ دەسەڵاتێكی نییە‌و بە یاسا هیچ هەقێكی خەرجكردنی نییە كە دوو ملیۆن دۆلار بدات بە هیچ كەس‌و حزبێك."

 

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئەو كەیسە دەداتە داواكاری گشتی‌و دەستەی دەستپاكی‌و نێچیرڤان بارزانی دەداتە دادگا.

 

"ئەمە شتە كەمەكەیەو لە ڕابردوودا یەكێتی لە پارەی نەوت‌و پارەكانی دیكەش زۆر سوودمەند بووەو ئەمە دەبێت لە شوێنێكدا ڕێی لێبگیرێت. سبەینێ دەیدەینە داواكاری گشتی‌و با نێچیرڤان بێتە دادگاو بڵێت بەپێی ئەو یاسایە داومنەتێ" عەلی حەمەساڵح وای وت.

 

ئەو پەرلەمانتارە باسیلەوەشكرد چەندینجار بەدواداچوونیان بۆ پرسی بەهەدەردان‌و دیارنەمانی پارەی گشتیی كردووە‌و سكاڵایان تۆماركردووە، وتی"بەڵام هەموومان دۆخی دادگاكان دەزانین، من خۆم 80 كەیسی لەو جۆرەم لە دادگایە كە پارە نەماوەو گەندەڵی كراوە."

 

پەرەگراف دەربارەی پێدانی ئەو دوو ملیۆن دۆلارە بە مەلا بەختیار، پرسیاری ئاڕاستەی سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. 

 

دەقی ڕوونكردنەوەكەی یەكێتی