نێچیرڤان بارزانی ڕەتیدەكاتەوە دوو ملیۆن دۆلاری دابێتە مەلا بەختیار

17-01-2018 04:38
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕەتیدەكاتەوە دوو ملیۆن دۆلاری دابێتە مەلا بەختیار، ئەوەش پێچەوانەی نوسراوێكی فەرمیی ئیدارەو دارایی گشتیی یەكێتییە كە میدیای فەرمی ئەو حزبەو میدیای مەلا بەختیار بڵاویان كردووەتەوە.

 

لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیداو لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی پێدانی بڕی دوو ملیۆن دۆلار بە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی"شتیوانییە‌و ڕاست نییە."

 

ئەوە لەكاتێكدایە دوێنێ بەشی حساباتی مەكتەبی ئیدارەو دارایی گشتیی یەكێتی، ڕوونكردنەوەیەكی فەرمیی بە نوسراو بڵاوكردەوەو ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە مەلا بەختیار بڕی دوو ملیۆن دۆلاری لە نێچیرڤان بارزانی وەرگرتووەو ڕایگەیاند، بۆ ئیدارەی گشتیی حزبەكە بووە، ڕایگەیاند"ئەو دوو ملیۆن دۆلارە لەسەر داوای بەڕێز دلێری سەید مەجیدو ئیدارەی گشتی یەكێتی وەرگیراوەو لە دەفتەری حسابیشدا نوسراوە."

 

مەكتەبی ئیدارەو دارایی گشتیی یەكێتی، دەشڵێت"ئەمە یەكەمین جار نیە، بەڕێز مەلا بەختیار پێداویستی ئیدارەی گشتی دابین دەكات. پێشتریش هەر لەسەر داوای ئیدارەی گشتیی، چ بۆ كارئاسانی كارەكانمان و چ بۆ هاوكاری ماددی و مووچەی كادران و ئۆرگانەكان، دەیان جار زیاتری لەو بڕە پارەیە، بۆ ئیدارەی گشتیی دابینكردووە."

 

بڵاوكردنەوەی ئەو نوسراوەی یەكێتی كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو نێچیرڤان بارزانی‌و مەلا بەختیار ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند بوونەوە، لە كاردانەوەی ئەو نوسراوەدا جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان، بۆ پەرەگراف ئەو كارەی بە"گەندەڵیی تەواو" لە قەڵەم دا‌و ڕایگەیاند، لەسەر ئەو پرسە سەرۆكی حكومەت دەداتە دادگا.

 

نوسراوەكەی ئیدارەی گشتیی یەكێتی

 

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا نێچیرڤان بارزانی ڕەخنەی لە بڕیارەكەی دوێنێی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی گرت بە كشانەوەیان لە حكومەتی هەرێم.

 

سەرۆكی حكومەت دەربارەی بڕیارەكەی یەكگرتوو وتی"نە كاتەكەی گونجاوبوو نە لە بەرژەوەندی هەرێم‌و یەكڕیزی لایەنەكان بوو، بڕیارێكی دروست نەبوو بۆ هەرێم‌و هاوڵاتیانی هەرێم، زۆر بەداخەوە ئەو بڕیارە ئێمەی زۆر نیگەران كرد."

 

نێچیرڤان بارزانی تەئكیدی كردەوە، كابینەی ئێستای حكومەت بەردەوام دەبێت تاهەڵبژاردنی داهاتوو، هیواشی خواست وەزیرەكانی یەكگرتوو بەردەوام بن لە كارەكانیان تاوەكو وەزیری دیكە لە شوێنیان دادەنرێن.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو دوای دوو ڕۆژ لە كۆبوونەوەی چڕ، شەوی ڕابردوو بڕیاری كشانەوەی لە حكومەت ڕاگەیاند، ئەوەش دوای وەرگرتنەوەی وەڵامی 24 داواكارییان كە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمیان كردبوو بۆ جێبەجێ كردن.

 

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو چاكسازییانەی داوایانكردبوو لەلایەن حكومەتەوە جێبەجێنەكراوەو بۆیان دەركەوتووە حكومەت ناتوانێت جێبەجێیان بكات.

 

24 داواكارییەكەی یەكگرتوو لە حكومەت، زۆربەی پەیوەستە بە بژێوی ژیانی خەڵك‌و پرسی موچە، لەكاتێكدایە لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا كە قەیرانێكی سەختی دارایی ڕووی لە هەرێم كردووە، حكومەت چەندینجار ئەوەی دووپاتكردووەتەوە هەوڵی تەواوی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ دابینكردنی موچەو باشكردنی بژێوی خەڵك‌و بەپێی داهاتی بەردەستی موچە دابەشدەكات.

 

ئەو حزبە 3 هەفتەی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی دانا كە داوای تەواوی حزبەكانی دیكەشەو حكومەت چەند ساڵێكە نەیتوانیوە جێبەجێیان بكات.
یەكگرتوو بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان كە هاوكات وەزیری گواستنەوەو گەیاندنە بە وەكالەت لەگەڵ دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشدارە لە كابینەی ئێستای حكومەت، هاوكات وەزارەتی كارەبا پشكی ئەو حزبە بوو، بەڵام وەزیرەكەیان دەستیلەكار كێشایەوەو وەزارەتەكە ڕادەستی پارتی كرا.

 

لە دوای كشانەوەی یەكگرتوو ئێستا تەنها پارتی‌و یەكێتی لە حكومەتدا ماون، گۆڕان بە چوار وەزیر(پێشمەرگە، دارایی، پیشەسازی، ئەوقاف)و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان‌و كۆمەڵ بە وەزیری كشتوكاڵ‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە‌و سەرۆكی دەزگای مین بەشداربوون لە حكومەتی هەرێم‌و 20-12-2017 پێكەوە كشانەوە.

 

كابینەی ئێستای نێچیرڤان بارزانی

 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێم، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، هەربۆیە دوای 26 ساڵ لەئەزموونی حوكمڕانی‌و ئیدارەدان، پرسی جارێكیتر پێكهێنانەوەی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و چاكسازیی، بووەتەوە بەبابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، بەتایبەت دوای دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم‌و پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو.

 

كابینەی ئێستای حكومەت، پێنج حزبی خاوەن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان(پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو)، دوای ساڵانێك لە ململانێ‌ لەناوەڕاستی ساڵی 2014 پێكەوە پێكیانهێنا، بەڵام ئەم حكومەتە تەنیا ساڵێك بەو هاوبەشییە مایەوە‌و ناكۆكییەكانیان جارێكیتر تەقینەوەو گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوە.

 

گەیشتنە لوتكەی ناكۆكی حزبەكان بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، دوابەدوای بێئەنجامبوونی نۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی‌و دەیان دیداری تر بەنێوەندگیری وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هات، لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، كاتێك مەسعود بارزانی لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو وازی لە پۆستەكەی هێنا، هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزكردنەوەی حكومەتەكەی دەستیپێكرد، بەڵام قەیران‌و كێشەی نوێ دروستبوون.

 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو 20 ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتی هەرێمدایە(3 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران‌و 17 ساڵ سەرۆك وەزیران)، ئەو ئەزمونێكی زۆری هەیە لە سیاسەت‌و حوكمڕانی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوپێیەی لەتەمەنی 23 ساڵیداو لە 1989وە بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە حزبی گەورەو باڵادەستی كوردستانە، بەڵام حكومەتداریی‌و سیاسەتی بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوەو زۆرێك بە "شكستخواردوو" ناوی دەبەن.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی ناوەندیی بودجەی هەرێم ببڕێت.

 

حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی چوار ساڵە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی زۆر لە موچە هاوكات چەند مانگێكیش قەرزاری فەرمانبەرانە، لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆیی‌و بیانییەكان كە بە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم‌و ئابوریی سەربەخۆ، یەكێك بوو لە شانازییەكانی نێچیرڤانی بارزانی، بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداو گەڕانەوەی عێراق بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، نێچیرڤانی بارزانی چەند جارێك ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو ئامادەن نەوت‌و فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان‌و سەرجەمی داهات ڕادەستی بەغدا بكەن لە بەرامبەر ناردنی پشكی سەدا 17 لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان.